Add parallel Print Page Options

دەستگیرکردنی شەیتان

20 فریشتەیەکم بینی لە ئاسمانەوە دەهاتە خوارەوە و کلیلی بیری بێ بنی پێبوو، زنجیرێکی گەورەشی بەدەستەوە بوو. ئەژدیهاکەی دەستگیر کرد، مارە دێرینەکە کە ئیبلیس و شەیتانە، هەزار ساڵ بەستییەوە. فڕێیدایە بیری بێ بن و دەرگای لەسەر داخست و مۆرێکی لێدا، بۆ ئەوەی ئیتر نەتەوەکان چەواشە نەکات، هەتا هەزار ساڵەکە تەواو دەبێت. پاش ئەمە دەبێت بۆ ماوەیەکی کەم ئازاد بکرێت.

حوکمی هەزار ساڵەی مەسیح

چەند تەختێکم بینی و ئەوانەی لەسەری دانیشتن دەسەڵاتی حوکمدانیان پێدرابوو. هەروەها گیانی ئەوانەم بینی کە لەبەر شایەتی عیسا و لەبەر وشەی خودا سەربڕابوون، ئەوانە کڕنۆشیان بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی نەبردبوو، نیشانەی نێوچەوان و سەر دەستیان وەرنەگرتبوو. جا زیندووبوونەوە و هەزار ساڵ لەگەڵ مەسیحدا فەرمانڕەواییان کرد. (بەڵام مردووەکانی دیکە هەتا هەزار ساڵەکە تەواو بوو بۆ ژیان نەگەڕانەوە. ئەمە هەستانەوەی یەکەمە.) ئەوەی لە هەستانەوەی یەکەمدا بەشی هەبێت بەرەکەتدارە و پیرۆزە. ئەوانە مردنی دووەم دەسەڵاتی بەسەریاندا نییە، بەڵکو دەبنە کاهینی خودا و مەسیح، هەزار ساڵ لەگەڵیدا فەرمانڕەوایەتی دەکەن.

کەوتنی شەیتان

کاتێک هەزار ساڵەکە تەواو دەبێت شەیتان لە بەندیخانە ئازاد دەکرێت و دەردەچێت تاکو نەتەوەکانی چوارگۆشەی زەوی چەواشە بکات، گۆگ و ماگۆگ[a]، تاکو بۆ جەنگ کۆیان بکاتەوە، ئەوانەی ژمارەیان وەک لمی دەریایە. بەسەر پانتایی زەویدا بڵاو بوونەوە و ئۆردوگای گەلی خودا، واتە شارە خۆشەویستەکەی خودایان گەمارۆ دا، بەڵام ئاگر لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و هەڵیلووشین. 10 ئەو ئیبلیسەی چەواشەی دەکردن فڕێدرایە دەریاچەی ئاگر و گۆگرد، کە دڕندەکە و پێغەمبەرە درۆزنەکەی لێیە. هەتاهەتایە شەو و ڕۆژ ئازار دەدرێن.

حوکمدانی مردووان

11 پاشان تەختێکی گەورەی سپیم بینی و ئەوەی لەسەری دانیشتبوو. ئاسمان و زەوی لەبەر ڕووی هەڵاتبوون، شوێنی دیکەیان بۆ خۆیان نەدۆزییەوە. 12 مردووەکانم بینی بە گەورە و بچووکەوە لەبەردەم تەختەکەدا ڕاوەستابوون و پەڕتووکەکان کرانەوە. پەڕتووکێکی دیکەش کە پەڕتووکی ژیانە کرابووەوە. مردووەکان بەگوێرەی کردەوەکانیان بەوەی لە پەڕتووکەکان نووسراوە حوکم دران. 13 دەریاش مردووەکانی ناوخۆی ڕادەست کرد، هەروەها مردن و جیهانی مردووان مردووەکانی خۆیان دایە دەست و هەریەکە و بەگوێرەی کردەوەکانی حوکم درا. 14 مردن و جیهانی مردووان فڕێدرانە دەریاچە ئاگرەکە. ئەم دەریاچە ئاگرە مردنی دووەمە. 15 هەرکەسێک ناوی لە پەڕتووکی ژیاندا تۆمار نەکرابوو، فڕێدرایە دەریاچە ئاگرەکە.

Footnotes

  1. 20‏:8 بڕوانە حزقیێل 38‏‏ و 39، هێمایە بۆ ئەو نەتەوانەی لە دژی خودان.‏