Add parallel Print Page Options

پاراستنی بەندەکانی خودا

پاش ئەمە چوار فریشتەم بینی لەسەر هەر چوار گۆشەی زەوی ڕاوەستابوون، چوار بایەکەی زەوییان گرتبوو تاکو بۆ سەر زەوی و سەر دەریا و سەر هیچ درەختێک هەڵنەکەن. فریشتەیەکی دیکەشم بینی لە ڕۆژهەڵاتەوە دەردەکەوت مۆری خودای زیندووی پێبوو، بە دەنگێکی بەرز بانگی چوار فریشتەکەی کرد کە توانایان پێدرابوو زیان بە زەوی و دەریا بگەیەنن، گوتی: «زیان بە زەوی و دەریا و درەخت مەگەیەنن هەتا نێوچەوانی بەندەکانی خودامان مۆر دەکەین.» گوێم لێبوو کە ژمارەی مۆرکراوان لە هەموو هۆزەکانی نەوەی ئیسرائیل سەد و چل و چوار هەزارە.

لە هۆزی یەهودا دوازدە هەزار مۆرکراو،

لە هۆزی ڕەئوبێن دوازدە هەزار،

لە هۆزی گاد دوازدە هەزار،

لە هۆزی ئاشێر دوازدە هەزار،

لە هۆزی نەفتالی دوازدە هەزار،

لە هۆزی مەنەشە دوازدە هەزار،

لە هۆزی شیمۆن دوازدە هەزار،

لە هۆزی لێڤی دوازدە هەزار،

لە هۆزی یەساخار دوازدە هەزار،

لە هۆزی زەبولون دوازدە هەزار،

لە هۆزی یوسف دوازدە هەزار،

لە هۆزی بنیامین دوازدە هەزار مۆرکراو.

خەڵکانێکی سپیپۆش

پاش ئەمە سەیرم کرد ئاپۆرەیەک لە خەڵکم بینی لە هەموو نەتەوە و هۆز و گەل و زمانێک کە لە ژمارە نەدەهات، لەبەردەم تەختەکە و بەرخەکە ڕاوەستابوون، جلی سپییان لەبەردا بوو و لقە دار خورمایان بەدەستەوە گرتبوو، 10 بە دەنگێکی بەرز هاواریان دەکرد و دەیانگوت:

«ڕزگاری هی خودامانە،
    کە لەسەر تەختەکە دانیشتووە و
    هی بەرخەکەیە.»

11 هەموو فریشتەکان لە دەوری تەختەکە ڕاوەستابوون، پیرەکان و چوار بوونەوەرەکە، لەبەردەم تەختەکە بە ڕوودا کەوتن و کڕنۆشیان بۆ خودا برد، 12 دەیانگوت:

«ئامین!
ستایش و شکۆ و دانایی و
    سوپاس و ڕێز و هێز و توانا
بۆ خودامانە، هەتاهەتایە!
ئامین!»

13 دوایی یەکێک لە پیرەکان لێی پرسیم: «ئەم سپی پۆشانە کێن و لەکوێوە هاتوون؟»

14 منیش پێم گوت: «گەورەم، تۆ دەزانیت.»

پێی گوتم: «ئەمانە ئەوانەن کە لە تەنگانە گەورەکەوە هاتوون و جلەکانیان بە خوێنی بەرخەکە شوشتووە و سپی کردووە. 15 بۆیە

«لەبەردەم تەختی خودان و
    شەو و ڕۆژ لە پەرستگاکەی خزمەتی دەکەن و
دانیشتووی سەر تەختەکەش بە چادر دایاندەپۆشێت.
16 ئیتر نە برسی دەبن و نە تینوو،
    نە هەتاو لێیان دەدات و نە گەرمی سووتێنەر.
17 چونکە بەرخەکەی ناوەڕاستی تەختەکە شوانەتییان دەکات و
    بەرەو کانییەکانی ئاوی ژیانیان دەبات،
خوداش هەموو فرمێسکەکانی چاویان دەسڕێتەوە.»