Add parallel Print Page Options

قوڕبەسەری کوش

18 قوڕبەسەر خاکی فڕەفڕی باڵەکان،
    ئەوەی لەوبەری ڕووبارەکانی کوشە،
پەیامبەران بە ڕێی دەریادا دەنێرێت،
    بە بەلەمی قامیش لەسەر ڕووی ئاوەکان.

بڕۆن ئەی نێردراوە خێراکان،
بۆ لای نەتەوەیەکی باڵا بەرز و کۆسە،
    بۆ لای گەلێک خەڵکی دوور و نزیک لێیان دەترسن،
نەتەوەیەکی بێگانە و پێشێلکار،
    ئەوەی ڕووبارەکان دڕیانداوە بە خاکەکەی.

ئەی هەموو دانیشتووانی جیهان و
    نیشتەجێبووانی زەوی،
کە ئاڵا لەسەر چیاکان بەرزکرایەوە،
    ببینن و
کە کەڕەنا لێدرا،
    گوێ بگرن.
چونکە یەزدان ئەمەم پێ دەفەرموێت:
    «هێمن دەبم و لە نشینگەی خۆمەوە تەماشا دەکەم
وەک گەرمایەکی ڕوون لە بەر هەتاودا،
    وەک هەوری خوناو لە گەرمای دروێنەدا.»
چونکە پێش ترێ ڕنین لە کاتی تەواو چرۆکردن و
    کاتێک گوڵەکان دەبن بە پەسیرەی گەییو،
چڵەکان بە داس دەبڕێتەوە و
    لقەکان لێ دەکاتەوە و فڕێیان دەدات.
پێکەوە بەجێدەهێڵدرێن بۆ بازەکانی چیا و
    بۆ گیانلەبەرە کێوییەکانی زەوی،
بازەکان هاوینیان پێ بەسەردەبەن و
    هەموو گیانلەبەرە کێوییەکانی زەویش زستانیان پێ بەسەردەبەن.

لەو ڕۆژەدا دیاری پێشکەش بە یەزدانی سوپاسالار دەکرێت،

لە گەلێکی باڵا بەرز و کۆسە،
    گەلێکی ترسناک، دوور و نزیک،
نەتەوەیەکی بێگانە و پێشێلکار،
    ئەوەی ڕووبارەکان دڕیانداوە بە زەوییەکەی،

بۆ شوێنی ناوی یەزدانی سوپاسالار لە کێوی سییۆن.