Add parallel Print Page Options

قوڕبەسەری بۆ ئەفرایم

28 قوڕبەسەر ئەو تاجەی سەرخۆشانی ئەفرایم شانازی پێوە دەکەن!
    قوڕبەسەر ئەو شارەی دەسەڵاتدارە بەسەر دۆڵی بەپیت،
کە جوانی و شکۆمەندییەکەی وەک گوڵێکی سیسە.
    قوڕبەسەر ئەوانەی شەراب ئەوانی کەواندووە!
ئەوەتا بەهێز و توند هی پەروەردگارە.
    وەک لێزمەی تەرزە و ڕەشەبای وێرانکەر،
وەک لێزمەی ئاوی زۆری ڕاماڵ،
    بە دەست فڕێیدەداتە سەر زەوی.
پێشێل دەکرێت
    تاجی شانازی سەرخۆشانی ئەفرایم.
دەبێت بە گوڵی سیس بوو
    جوانی شکۆمەندییەکەی،
ئەوەی لەسەر دۆڵی بەپیتە،
    وەک پێگەیشتنی هەنجیر بەر لە هاوین،
ئەوەی دەیبینێت
    هێشتا لە مستیەتی قووتی دەدات.

لەو ڕۆژەدا یەزدانی سوپاسالار
    دەبێتە تاجەگوڵینەی جوانی و
تاجی شکۆمەندی
    بۆ پاشماوەی گەلەکەی.
دەبێتە ڕۆحی دادپەروەری
    بۆ دانیشتوو لەسەر تەختی حوکمدان و
پاڵەوانیێتی
    بۆ بەرەنگاربووانی جەنگ لەبەر دەروازەکان.

ئەمانیش بە شەراب گێژن و
    بە مەی گومڕا بن:
کاهین و پێغەمبەر بە مەی گێژن،
    بە شەراب قووتدەدرێن،
بە مەی گومڕان،
    کە بینینیان بۆ ئاشکرا دەکرێت گێژن،
    کوێرانە حوکم دەدەن.
چونکە هەموو مێزەکان پڕ بوون لە ڕشانەوە و
    هیچ جێگایەک بێ پیسایی نەماوە.

دەڵێن: «زانیاری فێری کێ دەکات؟
    پەیام بۆ کێ ڕوون دەکاتەوە؟
بۆ لەشیربڕاوەکان،
    یان بۆ لە مەمک بڕاوەکان؟
10 وەک گغە گغ بۆ گغە گغ،
    بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ،[a]
    کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ.»

11 کەواتە خوداش بە لێوی بێگانە و زمانێکی نامۆ
    قسە بۆ ئەم گەلە دەکات.
12 بۆ ئەوانەی پێی گوتن:
    «ئەمە حەسانەوەیە،
با ماندوو بحەسێتەوە، ئەمە ئارامگایە.»
    بەڵام نەیانویست گوێ بگرن.
13 جا فەرمایشتی یەزدان بۆیان دەبێت بە:
    گغە گغ بۆ گغە گغ،
    بڤە بڤ بۆ بڤە بڤ،
    کەمێک لێرە و کەمێک لەوێ.
بۆ ئەوەی بڕۆن و بەرەو دواوە بکەون و
    بشکێنەوە و ڕاو بکرێن و بگیرێن.

14 ئەی پیاوانی گاڵتەجاڕ، لەبەر ئەوە گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن،
    ئەی فەرمانڕەوایانی ئەم گەلە کە لە ئۆرشەلیمە!
15 چونکە گوتتان: «پەیمانمان لەگەڵ مردن بەستووە و
    پەیماننامەمان لەگەڵ جیهانی مردووان مۆر کردووە،
کە قامچی لافاو تێدەپەڕێت
    لە ئێمە نزیک ناکەوێتەوە،
چونکە درۆمان کردووە بە داڵدەمان و
    لەناو ساختە پەناگیر دەبین.»

16 لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت:

«ئەوەتا بەردێک لە سییۆن دادەنێم،
    کە دەبێتە سەنگی مەحەک،
گرنگترین و گرانبەهاترین بەردی بناغە[b] بۆ بناغەیەکی پتەو،
    ئەوەی پشتی پێ ببەستێت ناشڵەژێت.
17 دادوەری دەکەمە گوریسی پێوانە و
    بە شاووڵ ڕاستودروستی دەکەم،
جا تەرزە داڵدەی درۆ ڕادەماڵێت و
    پەناگاش ئاو دایدەپۆشێت.
18 پەیمانەکەتان لەگەڵ مردن دەسڕێتەوە و
    پەیماننامەکەتان لەگەڵ جیهانی مردووان سەر ناگرێت.
کاتێک قامچی لافاو تێدەپەڕێت،
    ئێوە بۆی دەبن بە پێشێل.
19 هەر کاتێک تێبپەڕێت دەتانبات،
    چونکە هەموو بەیانییەک تێدەپەڕێت
    بە شەو و بە ڕۆژ.»

بە تەنها تێگەیشتنی پەیامەکە
    دەبێتە مایەی تۆقاندن.
20 چونکە دۆشەک کورت بووە بۆ ڕاکشان و
    لێفەش تەنک بووە بۆ لەخۆپێچانەوە.
21 چونکە یەزدان هەڵدەستێت، وەک لە کێوی پەراچیم هەستا،
    هەروەک لە دۆڵی گبعۆن، تووڕەیی دێتە جۆش
بۆ ئەوەی کارەکەی بکات، کارەکەی نامۆیە!
    بۆ ئەوەی ئیشەکەی بکات، ئیشەکەی نامۆیە!
22 ئێستا گالتەجاڕ مەبن،
    نەوەک کۆتتان توندتر بکرێت،
چونکە لەلایەن یەزدان، پەروەردگاری سوپاسالار،
    گوێم لە کۆتایی پێهێنان و بڕانەوە بووە بەسەر هەموو خاکەکەدا.

23 گوێ شل بکەن و دەنگم ببیستن،
    گوێ بگرن و قسەم ببیستن.
24 ئایا جوتیار هەموو ڕۆژێک زەوییەکەی دەکێڵێت،
    هەڵیدەکۆڵێت و خەرتەی دەکات بۆ چاندن؟
25 ئەی کە ڕووەکەی تەخت کرد،
    تۆوی دەکات بە کونجی و زیرەی تێدا دەوەشێنێت و
گەنم لە هێڵی جووتەکانی دادەنێت و
    جۆ لە شوێنی نیشانکراو،
    گوڵەبەڕۆژەش لە سنوورەکانی؟
26 جا بە دادوەری ڕێنمایی دەکات،
    خودای خۆی فێری دەکات.

27 چونکە کونجی بە جەنجەڕ ناکوترێت،
    چەرخەی عەرەبانەش بەسەر زیرەدا نایەت،
بەڵکو کونجی بە دار تێکدەدرێت و
    زیرەش بە گۆچان.
28 دانەوێڵە بۆ نان دەکوترێت،
    هەتاهەتایە جەنجەڕی بەسەردا ناهێنێت،
چەرخەی عەرەبانەکەی و
    ئەسپەکەی وردوخاشی ناکەن.
29 هەموو ئەمانەش لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە هاتوون،
    ڕاوێژی سەیرە و دانایی مەزنە.

Footnotes

  1. 28‏:10 عیبری: چاڤ لاچاڤ، قاڤ لاقاڤ‏، کە تەنها دەنگە لە زمانی عیبری بەبێ واتە، وەک گوێگرتن لە زمانێکی بیانی.‏
  2. 28‏:16 گرنگترین بەردی بناغە: بەردی قولینچک، بەردێکی گەورەیە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.‏