Add parallel Print Page Options

نیشانەی ئیمانوێل

لە سەردەمی پاشایەتی ئاحازی کوڕی یۆتام کوڕی عوزیای پاشای یەهودا، ڕەچینی پاشای ئارام و پەقەحی کوڕی ڕەمەلیاهوی پاشای ئیسرائیل هێرشیان کردە سەر ئۆرشەلیم، بەڵام نەیانتوانی دەستی بەسەردا بگرن.

هەروەها بە بنەماڵەی داود[a] ڕاگەیەنرا و گوترا: «ئارامییەکان لەگەڵ ئەفرایم پەیمانیان بەستووە.» جا دڵی ئەو و دڵی گەلەکەی لەرزین، وەک لەرزینی داری دارستان لە ڕووی بادا.

یەزدانیش بە ئیشایای فەرموو: «ئێستا بچۆ بۆ پێشوازی ئاحاز، خۆت و شئار یاشوبی کوڕت، لە کۆتایی ئاوباری گۆمەکەی سەرەوە لەلای ڕێگای کێڵگەی جلشۆرەکە و پێی بڵێ: ”وریا و هێدی بە، مەترسە و با دڵت ورە بەر نەدات لەبەر گڕی تووڕەیی ڕەچین و ئارام و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو، وەک دوو پارچە داری سووتێنراو دووکەڵ دەکەن. لەبەر ئەوەی ئارام لەگەڵ ئەفرایم و کوڕەکەی ڕەمەلیاهو پیلانی خراپەیان لە دژی تۆ ناوەتەوە و گوتیان، ’دەچینە سەر یەهودا و پەلاماری دەدەین، داگیری دەکەین و لەناوەندیدا کوڕەکەی تاڤئێل بە پاشا دادەنێین.‘ یەزدانی باڵادەستیش ئەمە دەفەرموێت:

«”سەرناگرێت و نابێت،
چونکە سەری ئارام دیمەشقە و
    سەری دیمەشقیش ڕەچینە،
لە ماوەی شەست و پێنج ساڵدا
    ئەفرایم دەشکێت و وەک گەل نامێنێت.
سەری ئەفرایمیش سامیرەیە و
    سەری سامیرەش کوڕەکەی ڕەمەلیاهوە.
ئەگەر لە باوەڕدا نەچەسپێن،
    لە دڵنیاییدا نابن.“»

10 جارێکی دیکە یەزدان بە ئاحازی فەرموو: 11 «بۆ خۆت داوای نیشانەیەک لە یەزدانی پەروەردگارت بکە، جا چ لە قووڵترینی قووڵاییەکان بێت یان لە بەرزترینی بەرزاییەکان.»

12 ئاحازیش گوتی: «هیچ داوا ناکەم و یەزدان تاقی ناکەمەوە.»

13 ئینجا ئیشایا گوتی: «ئێستا ئەی بنەماڵەی داود، گوێ بگرن! خەڵکت بێزار کرد، ئەمە بەس نییە؟ ئێستاش دەتەوێ خوداکەم بێزار بکەیت؟ 14 لەبەر ئەوە پەروەردگار خۆی نیشانەیەکتان دەداتێ، ئەوەتا پاکیزەیەک سکی دەبێت و کوڕێکی دەبێت، ناوی لێ دەنێت ئیمانوێل[b]. 15 دەڵەمە[c] و هەنگوین دەخوات، کاتێک دەزانێت خراپە ڕەت بکاتەوە و چاکە هەڵبژێرێت، 16 چونکە پێش ئەوەی کوڕەکە بزانێت خراپە ڕەت بکاتەوە و چاکە هەڵبژێرێت، ئەو خاکەی کە تۆ لە دوو پاشاکەی دەترسیت دەبێتە چۆڵەوانی. 17 یەزدان سەردەمێک بەسەر خۆت و گەلەکەت و بنەماڵەکەتدا دەهێنێت، لە ڕۆژی هەڵگەڕانەوەی ئەفرایمەوە لە یەهودا سەردەمی وا نەهاتبێت. واتە پاشای ئاشور.»

یەزدان ئاشور بەکاردەهێنێت

18 لەو ڕۆژە، یەزدان فیکە بۆ مێشەکان لێدەدات، ئەوانەی لەوپەڕی جۆگە ئاوەکانی میسرن و هەروەها بۆ ئەو هەنگانەی کە لە خاکی ئاشورن. 19 جا دێن و هەموو لەناو شیوە هەڵدێرەکان و لەناو کون و کەلەبەری گابەردەکان و لەناو هەموو دڕکوداڵەکان و لەناو هەموو لەوەڕگاکان دەنیشنەوە. 20 لەو ڕۆژەدا پەروەردگار بە گوێزانێکی بەکرێگیراو لەوبەری ڕووباری فوراتەوە، کە پاشای ئاشورە، سەر و مووی بەرتان دەتاشێت و ڕیشیش دادەماڵێت. 21 لەو ڕۆژەدا، پیاو مانگایەک و دوو مەڕ بەخێو دەکات، 22 جا ئەوەندە شیر دەدەن هەر دەڵەمە دەخوات، چونکە هەموو ئەوانەی لەناو خاکەکە دەمێننەوە دەڵەمە و هەنگوین دەخۆن. 23 لەو ڕۆژەدا، هەر شوێنێک کە لێی بوو هەزار ڕەز بە هەزار شاقل[d] زیو، دەبێت بە دڕکوداڵ. 24 بە تیر و بە کەوانەوە دێنە ئەوێ، چونکە هەموو زەوییەکە دەبێت بە دڕکوداڵ. 25 هەموو ئەو چیایانەی کە بە قازمە کون دەکران کەس نایەتە ئەوێ لە ترسی دڕکوداڵ، بەڵکو گاگەلی تێدا بەڕەڵا دەکرێت و مەڕ پێپەستی دەکات.

Footnotes

  1. 7‏:2 مەبەستی لە ئاحازی نەوەی داودە.‏
  2. 7‏:14 بڕوانە مەتا 1‏:21‏‏. ئیمانوێل‏ واتە خودا لەگەڵمانە.‏
  3. 7‏:15 یان دەرەمە، قۆناغی پێش دروستبوونی پەنیر.‏
  4. 7‏:23 نزیکەی 11,5 کیلۆگرام.‏