Add parallel Print Page Options

زیندووبوونەوە لەگەڵ مەسیح

ئێوەش بەهۆی خراپە و گوناهەکانتانەوە مردبوون کە پێشتر تێیدا دەژیان کاتێک پەیڕەوی ڕێبازی ئەم جیهانە و سەرۆکی دەسەڵاتی هەواتان دەکرد، ئەو ڕۆحەی ئێستا لە یاخیبوواندا کار دەکات. ئێمەش هەموو لەوان بووین، لە هەوەسەکانی سروشتی دنیاییماندا دەژیاین، بە خواستەکانی ئەم سروشتە و بیرەکانیمان دەکرد، وەکو خەڵکی دیکە بە سروشت شایانی تووڕەیی خودا بووین. بەڵام خودا کە دەوڵەمەندە لە بەزەیی، لەبەر ئەو خۆشەویستییە مەزنەی بۆ ئێمەی دەربڕیوە، ئێمە کە بەهۆی گوناهەکان مردبووین، لەگەڵ مەسیح زیندووی کردینەوە. بە نیعمەت ڕزگارتان بووە. خودا ئێمەی لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەستاندەوە و بە هۆی ‏یەکبوون لەگەڵ ئەودا لە شوێنەکانی ‏ئاسمان دایناین، تاکو لە دنیای داهاتوو دەوڵەمەندی نیعمەتی بێ هاوتای خۆی لە ڕێگەی میهرەبانییەکەیەوە بۆ ئێمە دەربخات کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکین. لەبەر ئەوەی بە نیعمەت ڕزگارتان بوو لە ڕێگەی باوەڕەوە، ئەمەش لە خۆتانەوە نییە، بەڵکو دیاری خودایە، بە کردار نییە، تاکو کەس شانازی نەکات، 10 چونکە ئێمە دروستکراوی دەستی خوداین، لە ڕێگەی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیح دەبینە بەدیهێنراوێک بۆ کاری چاکە، کە خودا پێشتر ئامادەی کردووە تاکو بە ئەنجامی بگەیەنین.

مەسیح ئاشتیی ئێمەیە

11 بۆیە وەبیرتان بێتەوە، ئێوە بە جولەکەیی لەدایک نەبوون، پێتان دەگوترا «خەتەنە نەکراو» لەلایەن ئەوانەی پێیان دەگوترا «خەتەنەکراو»، ئەوەی لە جەستەدا بە دەست کراوە، 12 ئەو کاتە بێ مەسیح بوون، لە هاوڵاتییەتی ئیسرائیل بێگانە بوون و لە پەیمانەکانی بەڵێن نامۆ بوون، لە جیهاندا بێ هیوا و بێ خودا بوون. 13 بەڵام ئێوە ئێستا لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن، هەرچەندە پێشتر دوور بوون، بە خوێنی مەسیح نزیک بوونەوە.

14 لەبەر ئەوەی مەسیح ئاشتی ئێمەیە، جولەکە و ناجولەکەی کرد بە‏ یەک‏، دیواری ناوبڕی دوژمنایەتی ڕووخاند، 15 بە جەستەی خۆی تەوراتی بە فەرمان و فەرزەکانییەوە بەلاوە نا[a]، بە ئامانجی ئەوەی بە یەکبوونیان لەگەڵ خۆی لە هەردووکیان[b] مرۆڤێکی نوێ دروستبکات و بەم شێوەیە ئاشتی بچەسپێنێت، 16 تاکو هەردووکیان لە یەک لەشدا لەگەڵ خودا ئاشت بکاتەوە بە خاچ، بەوەش دوژمنایەتیی لەناوبرد. 17 مەسیح هات و مژدەی ئاشتیی پێدان، بۆ ئێوە کە دوورن و نزیکن، 18 چونکە لە ڕێگەی ئەوەوە هەردوو لامان لە یەک ڕۆحدا ڕێپێدراویێتیمان[c] هەیە بۆ چوونە لای باوک.

19 بۆیە ئیتر نامۆ و بێگانە نین، بەڵکو دەبنە هاوڵاتی لەگەڵ گەلی پیرۆزی خودا و بنەماڵەی خودا، 20 لەسەر بناغەی نێردراوان و پێغەمبەران بنیاد نراون، عیسای مەسیحیش خۆی گرنگترین بەردی بناغەیە[d]. 21 هەموو خانووەکە بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا پێکەوە بەستراوە و گەشە دەکات هەتا ببێتە پەرستگایەکی پیرۆز بۆ مەسیح. 22 ئێوەش بە یەکبوون لەگەڵ ئەودا پێکەوە بنیادنراون، تاکو ببنە خانووێک بۆ ڕۆحی خودا.

Footnotes

  1. 2‏:15 ڕێساکانی بێتاوانکردنی لە تەوراتدا بەلاوە نا بڕوانە مەتا 5‏:17‏‏.‏
  2. 2‏:15 مەبەستی لە جولەکە و ناجولەکەیە.‏
  3. 2‏:18 بڕوانە ڕۆما 5‏:2.‏‏
  4. 2‏:20 گرنگترین بەردی بناغە: بەردی قولینچک، بەردێکی گەورەیە لە گۆشەی دیوار دادەنرێت لەو بەردانە بەهێزترە کە لە دیوارەکە بەکاردێت و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی دیوارەکە.‏