Add parallel Print Page Options

پاشایەتی مەنەشە

33 مەنەشە کوڕێکی دوازدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، پەنجا و پێنج ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد و لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەو گەلانەی کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیل دەریکردبوون. جا گەڕایەوە و ئەو نزرگانەی سەر بەرزایی بنیاد ناوە کە حەزقیای باوکی ڕووخاندنی، هەروەها چەند قوربانگایەکی بۆ بەعلەکان دانا و ستوونە ئەشێراکانی دروستکرد و کڕنۆشی بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان برد و ئەوانی پەرست. چەند قوربانگایەکیشی لە پەرستگای یەزدان بنیاد نا، ئەوەی یەزدان لەبارەیەوە فەرمووبووی: «بۆ هەتاهەتایە ناوم لە ئۆرشەلیمدا دەبێت.» لە هەردوو حەوشەکەی پەرستگای یەزدان قوربانگای بۆ هەموو هێزەکانی ئاسمان بنیاد نا. ئەوە بوو لە دۆڵی بەن‌هینۆم کوڕەکانی خۆی بەناو ئاگردا تێپەڕاند، بەخت خوێندنەوە و فاڵگرتنەوە و جادووگەری کرد، نێوانگر[a] و ڕۆح ئامادەکاری[b] بەکارهێنا، لەبەرچاوی یەزدان خراپەی زیاتریشی کرد بۆ پەستکردنی.

هەروەها ئەو پەیکەرە داتاشراوەی کە دروستی کردبوو، بردی و لەناو پەرستگای خودا داینا کە خودا لەبارەیەوە بە داود و سلێمانی کوڕی فەرمووبوو: «لەم پەرستگایە و لە ئۆرشەلیم ئەوەی لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل هەڵمبژاردووە بۆ هەتاهەتایە ناوی خۆمی تێدا دادەنێم. جارێکی دیکە وا ناکەم ئیسرائیل ئەو خاکە بەجێبهێڵێت کە بۆ باوباپیرانیان دیاریم کرد، تەنها ئەگەر ئاگاداربن لە جێبەجێکردنی هەموو ئەوەی فەرمانم پێ کردوون لە ڕێگەی موساوە لە هەموو فێرکردن و فەرز و حوکمەکان.» بەڵام مەنەشە، یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیمی گومڕا کرد، هەتا لەو گەلانە خراپتر بکەن کە یەزدان لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا قڕی کردن.

10 یەزدان لەگەڵ مەنەشە و گەلەکەیدا دوا، بەڵام گوێیان نەگرت. 11 ئیتر یەزدان سەرکردەکانی هێزەکانی پاشای ئاشوری هێنایە سەریان، ئەوانیش مەنەشەیان بە دیل گرت و لووتەوانەیان کردە لووتی و بە زنجیری بڕۆنز کۆتیان کرد و بردیان بۆ بابل. 12 لە تەنگانەدا لە یەزدانی خودای خۆی پاڕایەوە و لەبەردەم خودای باوباپیرانیدا خۆی زۆر نزم کردەوە. 13 نوێژی کرد، خوداش وەڵامی دایەوە و گوێی لە پاڕانەوەکەی گرت، گەڕاندییەوە ئۆرشەلیم بۆ سەر تەختی پاشایەتییەکەی خۆی. ئەو کاتە مەنەشە زانی کە یەزدان خودایە.

14 پاشان ئەو شوورایەی بنیاد نایەوە کە لە دەرەوەی شاری داود بوو بەلای ڕۆژئاوای کانی گیحۆن لە دۆڵەکە هەتا دەگاتە دەروازەی ماسی، بەدەوری گردی عۆفەل و زۆر بەرزی کردەوە و سەرکردەکانی سوپای لە هەموو شارە قەڵابەندەکان لە یەهودا دانا.

15 هەروەها خوداوەندە نامۆکان و پەیکەرە داتاشراوەکەی ناو پەرستگای یەزدان و هەموو ئەو قوربانگایانەی لە کێوی پەرستگای یەزدان و ئۆرشەلیمدا بنیادی نا، لای بردن و فڕێیدانە دەرەوەی شارەکە. 16 ئینجا قوربانگاکەی یەزدانی نۆژەن کردەوە، قوربانی هاوبەشی و قوربانی سوپاسگوزاری لەسەر سەربڕی و فەرمانی بە خەڵکی یەهودا کرد کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بپەرستن. 17 لەگەڵ ئەمەش گەل هێشتا لە نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان قوربانییان سەردەبڕی، بەڵام تەنها بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆیان.

18 ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی مەنەشە و نزاکەی لە خودا و قسەکانی ئەو کەسانەی کە بە ناوی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلەوە پەیامیان پێ ڕادەگەیاند، لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل[c] تۆمار کران. 19 نوێژەکەی و چۆن خودا وەڵامی دایەوە، لەگەڵ گوناه و ناپاکییەکانی، ئەو شوێنانەی کە پێش ئەوەی خۆی نزم کردەوە نزرگەکانی سەر بەرزایی تێدا بنیاد نان، ستوونە ئەشێرا و بتەکانی دانا، لە تۆمارەکانی ئەوانەدا نووسراون کە پەیامی خودایان ڕادەگەیاند.

20 مەنەشە لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە کۆشکەکەی خۆیدا ناشتیان. ئیتر ئامۆنی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.

پاشایەتی ئامۆن

21 ئامۆن گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کاتێک بوو بە پاشا، دوو ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. 22 ئەمیش وەک مەنەشەی باوکی لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد. قوربانی بۆ هەموو ئەو بتانە سەربڕی کە مەنەشەی باوکی دروستی کردن، ئامۆن هەموو ئەوانی پەرست. 23 لەبەردەم یەزداندا خۆی نزم نەکردەوە، وەک مەنەشەی باوکی خۆی نزم کردەوە، بەڵکو زیاتر خۆی تاوانبار کرد.

24 خزمەتکارەکانی ئامۆن پیلانیان لە دژی ئامۆن گێڕا و لە کۆشکەکەی خۆی کوشتیان. 25 ئینجا گەلی خاکەکە هەموو پیلانگێڕەکانی ئامۆن پاشایان کوشت، هەروەها یۆشیای کوڕییان لە جێی ئەو کردە پاشا.

Footnotes

  1. 33‏:6 نێوانگر: لێرە بەو واتایە دێت، کەسێکە کە گوایە هۆی پەیوەندی ڕێکخەرە لەنێوان خەڵکی مردوو و زیندوودا.‏
  2. 33‏:6 ڕۆح ئامادەکار: بەو کەسە دەگوترێت کە ڕۆح ئامادە دەکات. بڕوانە یەکەم ساموئێل 28‏:3؛ 8‏–9‏‏.‏
  3. 33‏:18 ئیسرائیل: مەبەستی لە یەهودایە، لێرە و لە زۆر شوێنی دیکە لە دووەم پوختەی مێژوو.‏