Add parallel Print Page Options

قوربانگای قوربانی سووتاندن

27 «قوربانگاش لە داری ئەکاسیا دروستبکە، درێژییەکەی پێنج باڵ[a] و پانییەکەی پێنج باڵ بێت، قوربانگاکە چوارگۆشە بێت، بەرزاییەکەشی سێ باڵ[b] بێت. قۆچەکانیشی لەسەر هەر چوار گۆشەکەی بێت، قۆچەکان لە خۆی بێت و بە بڕۆنز ڕووکەشی بکە. تەشتەکانی کە بۆ هەڵگرتنی خۆڵەمێشەکەی و هەروەها خاکەناز، تاس[c]، چەنگاڵ، مەقەڵی و هەموو قاپوقاچاغەکەی لە بڕۆنز دروستبکە. کەتیبەیەکی وەک تۆڕیشی بۆ دروستبکە لە بڕۆنز، لەسەر تۆڕەکەش چوار ئەڵقەی بڕۆنز لەسەر هەر چوار لایەکەی دروستبکە. بیخە ژێر لێواری قوربانگاکە و تۆڕەکەش هەتا ناوەڕاستی قوربانگاکە بێت. دوو داریش بۆ قوربانگاکە لە داری ئەکاسیا دروستبکە و بە بڕۆنز ڕووکەشیان بکە. دوو دارەکەش بخەرە ناو ئەڵقەکانەوە، ئیتر دارەکان بە هەردوو لای قوربانگاکەوە دەبن لە کاتی هەڵگرتنی. قوربانگاکەش لە تەختە دروستبکە و ناوەکەی بۆش بێت. هەروەک لە کێوەکە پیشانت درا ئاوای دروستبکە.

حەوشەی چادرەکەی پەرستن

«حەوشەی چادرەکەی پەرستنیش لەلای باشوور دروستبکە، بۆ حەوشەکە چەند پەردەیەک دەبێت لە کەتانی ڕستراو بە درێژی سەد باڵ[d] بۆ یەک لا، 10 کۆڵەکەکانیشی بیست دانە و بیست بنکەی بڕۆنزیشی هەبێت. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بن. 11 ئاواش بۆ لای باکوور لە درێژیدا پەردەکان سەد باڵ درێژ بن، کۆڵەکەکانیشی بیست دانە بن و بیست بنکەی بڕۆنزیشی بێت. قولاپی کۆڵەکەکان و ئەڵقەکانیشی لە زیو بن.

12 «لە پانی حەوشەکەش بەرەو ڕۆژئاوا چەند پەردەیەک بە درێژایی پەنجا باڵ[e] و کۆڵەکەکانی دە دانە و بنکەکانیشی دە. 13 لە پانی حەوشەکەش لەلای ڕۆژهەڵات و ڕووەو خۆر هەڵاتن پەنجا باڵ. 14 چەند پەردەیەکیش بۆ لایەکی بە درێژی پازدە باڵ[f]، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بن. 15 بۆ لایەکەی دیکەش چەند پەردەیەک بە درێژایی پازدە باڵ، کۆڵەکەکانی سێ و بنکەکانیشی سێ بن.

16 «بۆ دەروازەی حەوشەکەش پەردەیەک کە بیست باڵ[g] درێژ و لە ڕیسی مۆر و ئەرخەوانی و سووری ئاڵ و کەتانی ڕستراو، چنراو بە دەستکردی جۆڵایەک و کۆڵەکەکانی چوار و بنکەکانیشی چوار بن. 17 هەموو کۆڵەکەکانی حەوشەکەش ئەڵقەی زیویان هەبێت بە دەوریان و قولاپەکانی لە زیو و بنکەکانی لە بڕۆنز بن. 18 درێژایی حەوشەکە سەد باڵ بێت و پانییەکەی پەنجا بە پەنجایە و بەرزاییەکەشی پێنج باڵ[h] و لە کەتانی ڕستراو و بنکەکانیشی لە بڕۆنز بن. 19 هەموو ئەو قاپوقاچاغانەی دیکە کە لە خزمەتی چادرەکەی پەرستن بەکاردەهێنرێن، بە هەر شێوەیەک بەکاردێت، لەگەڵ هەموو سنگەکانی چادرەکەی پەرستن و حەوشەکە، دەبێت لە بڕۆنز دروستکرابن.

زەیت بۆ چرادانەکە

20 «تۆش فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکە با زەیتی زەیتوونی سادە و گوشراوت بۆ ڕووناکی بۆ بهێنن، هەتا چرا بەردەوام داگیرساو بێت. 21 لەناو چادری چاوپێکەوتن[i] لە دەرەوەی پەردەکە ئەوەی لەبەردەم سندوقی پەیمانە[j]، هارون و کوڕەکانی لە ئێوارەوە هەتا بەیانی لەبەردەم یەزدان ڕێکی بخەن، فەرزێکی هەتاهەتاییە بۆ نەوەکانیان لەنێو نەوەی ئیسرائیل.

Footnotes

  1. 27‏:1 پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر.‏
  2. 27‏:1 سێ باڵ: نزیکەی 1,4 مەتر.‏
  3. 27‏:3 کاهین ئەم تاسانەی بۆ پرژاندنی خوێنی قوربانی بەکاردەهێنا، وەک هێمایەک بۆ کەفارەتی گوناهەکانی خەڵک. بڕوانە 29‏:20 و زەکەریا 9‏:15؛ 14‏:20 و عیبرانییەکان 9‏:13‏‏.‏
  4. 27‏:9 سەد باڵ: نزیکەی 46 مەتر.‏
  5. 27‏:12 پەنجا باڵ: نزیکەی 23 مەتر.‏
  6. 27‏:14 پازدە باڵ: نزیکەی 6,9 مەتر.‏
  7. 27‏:16 بیست باڵ: نزیکەی 9 مەتر.‏
  8. 27‏:18 پێنج باڵ: نزیکەی 2,3 مەتر.‏
  9. 27‏:21 لێرە مەبەستی لە چادرەکەی پەرستنە کە لە بەشی 26 باسکراوە.‏
  10. 27‏:21 عیبری: شایەتییەکە.‏