Add parallel Print Page Options

یەزدانیش بە موسای فەرموو: «ئێستا دەبینیت چی بە فیرعەون دەکەم، بە دەستێکی بەهێز ناچاری دەکەم بەڕەڵایان بکات، ناچاری دەکەم لە خاکی خۆی دەریانبکات.»

هەروەها خودا لەگەڵ موسا دوا و پێی فەرموو: «من یەزدانم، بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب وەک ”خودای هەرە بە توانا“ دەرکەوتم، بەڵام بە ناوی خۆم کە ”یەزدان“ـە[a] لەلای ئەوان خۆمم نەناساند. هەروەها پەیمانی خۆمم لەگەڵیان چەسپاند، کە خاکی کەنعانیان بدەمێ، خاکی نامۆییان کە تێیدا نامۆ بوون. هەروەها گوێم لە ناڵەی نەوەی ئیسرائیل بوو، ئەوانەی میسرییەکان کۆیلایەتییان پێ دەکەن، منیش پەیوەستم بە پەیمانەکەی خۆم.

«بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل بڵێ: ”من یەزدانم، لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنم، لە کۆیلایەتی ئەوان فریاتان دەکەوم و بە دەستێکی بەهێز و دادپەروەرییەکی مەزن دەتانکڕمەوە. هەروەها دەتانکەم بە گەلی خۆم و دەبمە خودای ئێوە، ئیتر ئێوە دەزانن کە من یەزدانی پەروەردگارتان ئەوەی لەژێر بارگرانی میسرییەکان دەرتاندەهێنێت. دەشتانبەم بۆ ئەو خاکەی سوێندم خوارد بیدەمە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب، وەک میرات دەیدەمە ئێوە، من یەزدانم.“»

موسا بەم شێوەیە لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل قسەی کرد، بەڵام گوێیان لێ نەگرت، لەبەر بێ ورەیی و کۆیلایەتی سەخت.

10 ئینجا یەزدان بە موسای فەرموو: 11 «بڕۆ و بە فیرعەونی پاشای میسر بڵێ، با ڕێ بە نەوەی ئیسرائیل بدات خاکەکەی بەجێبهێڵن.»

12 بەڵام موسا بە یەزدانی گوت: «ئەگەر نەوەی ئیسرائیل گوێم لێ نەگرن، ئیتر چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت، کە من زمانم بەستراوە؟»[b]

تۆماری ڕەچەڵەکی موسا و هارون

13 یەزدان لەگەڵ موسا و هارون دوا و فەرمانی پێدان بۆ نەوەی ئیسرائیل و بۆ فیرعەونی پاشای میسر، بۆ بردنە دەرەوەی نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر.

14 ئەمانەش گەورەی بنەماڵەکانیانن:

نەوەی ڕەئوبێن کە نۆبەرەی ئیسرائیلە، حەنۆک و پەڵو و حەسرۆن و کەرمی، لەمانیشەوە خێڵەکانی ڕەئوبێن دروستبوون.

15 نەوەی شیمۆنیش یەموئێل و یامین و ئۆهەد و یاکین چۆحەر، هەروەها شائوول کە لە ژنێکی کەنعانی بوو، لەمانیشەوە خێڵەکانی شیمۆن دروستبوون.

16 ئەمانەش ناوەکانی نەوەی لێڤین بەگوێرەی لەدایکبوونیان: گێرشۆن و قەهات و مەراری. تەمەنی لێڤیش سەد و سی و حەوت ساڵ بوو.

17 کوڕانی گێرشۆن، لیبنی و شیمعی بەگوێرەی خێڵەکانیان.

18 نەوەی قەهاتیش، عەمرام و یەسهار و حەبرۆن و عوزیێل. تەمەنی قەهاتیش سەد و سی و سێ ساڵ بوو.

19 کوڕانی مەراریش، مەحلی و موشی.

ئەمانەش خێڵەکانی لێڤییەکانن بەگوێرەی نەوەکانیان.

20 عەمرام یۆخەڤەدی خوشکی باوکی بۆ خۆی خواست. ئەویش هارون و موسای لێ بوو. تەمەنی عەمرامیش سەد و سی و حەوت ساڵ بوو.

21 نەوەی یەسهاریش: قۆرەح و نەفەگ و زکری.

22 نەوەی عوزیێلیش: میشائیل و ئەلسافان و سیتری.

23 هارونیش ئەلیشەڤەعی کچی عەمینادابی خوشکی نەحشۆنی خواست، ئەویش ناداب و ئەبیهو و ئەلعازار و ئیتاماری بوو.

24 نەوەی قۆرەحیش: ئەسسیر و ئەلقانە و ئەبیئاساف. ئەمانەش خێڵەکانی قۆرەحییەکانە.

25 ئەلعازاری کوڕی هارونیش یەکێکی لە کچانی پووتیێل خواست، ئەویش فینەحاسی بوو.

ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لێڤییەکانن بەگوێرەی خێڵەکانیان.

26 ئەمانە هارون و موسان کە یەزدان پێی فەرموون: «نەوەی ئیسرائیل لەسەر شێوەی لەشکرەکانیان[c] لە خاکی میسر دەربهێنن.» 27 ئەوان بوون لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر دوان بۆ دەرهێنانی نەوەی ئیسرائیل لە میسر، موسا و هارون بوون.

هارون دەبێتە قسەکەری موسا

28 ئەوە بوو لەو ڕۆژەی یەزدان لەگەڵ موسا دوا لە خاکی میسر. 29 یەزدان بە موسای فەرموو: «من یەزدانم، لەگەڵ فیرعەونی پاشای میسر بدوێ سەبارەت بە هەموو ئەوەی پێت دەڵێم.»

30 بەڵام موسا بە یەزدانی گوت: «ئەوەتا من زمانم بەستراوە، چۆن فیرعەون گوێم لێ دەگرێت؟»

Footnotes

  1. 6‏:3 عیبری: یەهوا‏.‏
  2. 6‏:12 زمانم بەستراوە: عیبری لێوەکانم خەتەنە نەکراون، لێرە و لە ئایەتی 30.‏
  3. 6‏:26 بەشەکانی گەل کە بریتی بوون لە هۆزەکان، لە دەشتودەر بوونە لەشکر.‏