Add parallel Print Page Options

106 هەلیلویا!

ستایشی یەزدان بکەن، لەبەر ئەوەی چاکە،
    خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی هەتاهەتاییە.

کێ باسی پاڵەوانیێتی یەزدان دەکات؟
    کێ بە تەواوی ستایشی ئەو دەکات؟
خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی دادپەروەری پەیڕەو دەکەن،
    ئەوانەی هەموو کاتێک بە ڕاستودروستی کار دەکەن.

ئەی یەزدان، لە کاتی ڕەزامەندیت لە گەلەکەت یادم بکەرەوە،
    لە ڕزگارییەکەت بەسەرم بکەرەوە،
بۆ ئەوەی خۆشگوزەرانی هەڵبژێردراوانت ببینم،
    بۆ ئەوەی بە دڵخۆشی نەتەوەکەت دڵخۆشبم،
    بۆ ئەوەی لەگەڵ میراتەکەت شانازی بکەم.

ئێمە وەک باوباپیران گوناهمان کرد،
    خراپەمان کرد و بەدکاریمان کرد.
کاتێک باوکانمان لە میسر بوون،
    لە پەرجووەکانی تۆ تێنەگەیشتن،
یادی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی تۆیان نەکردەوە،
    بەڵکو یاخی بوون لەلای دەریا، لەلای دەریای سوور[a]،
بەڵام لەبەر ناوی خۆی ڕزگاری کردن،
    بۆ ئەوەی پاڵەوانیێتی بزانرێت.
لە دەریای سووری ڕاخوڕی، وشک بوو،
    بە ناو قووڵاییەکەیدا بردنی، وەک لە بیابان.
10 لە دەست ناحەز ڕزگاری کردن،
    لە دەست دوژمن کڕینیەوە.
11 ئاو دوژمنانی ئەوانەی داپۆشی،
    کەسیان دەرباز نەبوون.
12 ئەوسا بڕوایان بە بەڵێنەکانی کرد،
    گۆرانییان بۆ ستایشی گوت.

13 بەڵام هەر زوو کردارەکانی ئەویان لەیادچوو،
    چاوەڕێی ڕاوێژی ئەویان نەکرد.
14 بەڵکو لە چۆڵەوانی نەوسیان هەستا،
    لە بیابان خودایان تاقی کردەوە،
15 ئەوەی داوایان کرد، پێیدان،
    بەڵام نەخۆشی لەڕی بۆ ناردن.

16 لە ئۆردوگا بەغیلییان برد بە موسا و
    بە هارونی تەرخانکراوی[b] یەزدان.
17 زەوی لێک بووەوە و داتانی قووت دا،
    بەسەر تاقمەکەی ئەبیرامدا[c] هاتەوەیەک.
18 ئاگر بەربووە تاقمەکەیان،
    گڕ بەدکارانی هەڵلووشی.
19 لە حۆرێڤ گوێرەکەیەکیان دروستکرد،
    کڕنۆشیان بۆ پەیکەرێکی داڕێژراو برد.
20 شکۆیان[d] گۆڕییەوە
    بە پەیکەری گای گیاخۆر.
21 خودای ڕزگارکەری خۆیان لەبیر کرد،
    کە لە میسر کاری مەزنی کردبوو،
22 پەرجووەکان لە وڵاتی حام،
    کارە سامناکەکان لەلای دەریای سوور.
23 ئینجا فەرمووی لەناودەچن،
    ئەگەر موسای هەڵبژاردەی خۆی،
لە کەلێنی شووراکە لە بەرامبەری ڕانەوەستابایە،
    بۆ ئەوەی نەهێڵێ تووڕەیی ئەو دایانبڕزێنێ.

24 خاکی خۆشیان بە سووک زانی،
    باوەڕیان بە بەڵێنی ئەو نەکرد.
25 لەناو خێوەتەکانیاندا کەوتنە بۆڵەبۆڵ،
    گوێیان لە قسەی یەزدان نەگرت.
26 ئەویش سوێندی بۆ خواردن،
    کە لە بیابان بە مردوویی بکەون،
27 نەوەکانیان لەنێو نەتەوەکان بخات و
    لە خاکەکان پەرتیان بکات.

28 پەیوەست بوون بە بەعلی پەعۆرەوە[e]،
    ئەو قوربانییانەیان خوارد کە بۆ بتی مردوو کرابوون[f].
29 بە کردەوەکانیان یەزدانیان پەست کرد،
    دەرد بەناویاندا بڵاو بووەوە.
30 بەڵام فینەحاس[g] هەستا و
    کەوتە بەینەوە، دەرد ڕاگیرا.
31 بە ڕاستودروستی بۆی دانرا،
    نەوە دوای نەوە هەتاهەتایە.
32 لەلای مێرگی مەریبا یەزدانیان تووڕە کرد و
    موسا بەهۆی ئەوانە کەوتە ناخۆشی،
33 چونکە کاتێک ئەوان لە ڕۆحی خودا یاخیبوون،
    قسەی ناشایستەش لە دەمی موسا دەرچوو.

34 گەلەکانیان لەناونەبرد،
    وەک یەزدان فەرمانی پێ کردبوون،
35 بەڵکو لەگەڵ نەتەوەکان تێکەڵاو بوون،
    فێری نەریتەکانیان بوون.
36 بتەکانی ئەوانیان پەرست و
    بوو بە داو بۆیان.
37 کوڕ و کچانی خۆیان
    بۆ بتەکان[h] سەربڕی.
38 خوێنێکی بێتاوانیان ڕشت،
    خوێنی کوڕ و کچەکانیان،
ئەوانەی بۆ بتەکانی کەنعان سەریان بڕین،
    زەوی پیس بوو بە خوێن.
39 گڵاو بوون بە کردەوەکانیان،
    داوێنپیس بوون بە کارەکانیان.

40 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر گەلەکەیدا جۆشا،
    قێزی لە میراتەکەی بووەوە.
41 ژێردەستەی نەتەوەکانی کردن،
    ناحەزانیان بەسەریاندا زاڵبوون،
42 دوژمنەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین،
    زەلیلی ژێر دەستیان بوون.
43 زۆر جار دەربازی کردن،
    بەڵام بە ئەنقەست یاخیبوون،
    داڕووخان بە گوناهەکانیان.
44 بەڵام لە تەنگانەیاندا ئاوڕی لێ دانەوە،
    کە گوێی لە دەنگی هاواریان بوو.
45 لە پێناوی ئەوان پەیمانی خۆی هێنایەوە یاد،
    بەگوێرەی گەورەیی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی پاشگەز بووەوە.
46 وای کرد ئەوانەی بە دیل گرتوویانن،
    سکیان پێیان بسووتێت.

47 ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، ڕزگارمان بکە،
    لەنێو نەتەوەکان کۆمان بکەرەوە،
بۆ ئەوەی ستایشی ناوی پیرۆزی تۆ بکەین و
    شانازی بە ستایشکردنی تۆوە بکەین.

48 ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
    لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.

با هەموو گەل بڵێن: «ئامین!»

هەلیلویا!

Footnotes

  1. 106‏:7 عیبری سوف‏ واتە (زەل). دەشێت مەبەست لە دەریای سوف بێت، ئەو دەریایە بێت کە دەکەوێتە سەرووی باکووری کەنداوی سوێسی ئەمڕۆ، بەڵام لە دەقی یۆنانی پەیمانی نوێ هەر بە دەریای سوور نووسراوە. بڕوانە عیبرانییەکان 11‏:29‏‏.‏
  2. 106‏:16 عیبری: پیرۆزی یەزدان بە واتای تەرخانکراو بۆ خزمەتی یەزدان وەک کاهین.‏
  3. 106‏:17 دوو کوڕی ئەلیئاب بوون لە نەوەی ڕئووبێن، بەشداری ئۆنی کوڕی فالتیان کرد لە یاخیبوونەکەی قۆرەح لە دژی موسا و هارون. بڕوانە سەرژمێری بەشی 16.‏
  4. 106‏:20 مەبەستی لە شکۆی خودایە.‏
  5. 106‏:28 ناوێکی مۆئابییە بۆ ئەو خوداوەندەی لە کێوی پەعۆر دەیانپەرست. بڕوانە سەرژمێری 25‏:1‏-9.‏‏
  6. 106‏:28 نەریتی کەنعانییەکان بوو، کاتێک یەکێکیان دەمرد، قوربانی پێشکەش بکەن و بخۆن و بخۆنەوە و سەما بکەن.‏
  7. 106‏:30 کوڕی ئەلیعەزەری کوڕی هارونە، دڵگەرم بوو بۆ یەزدان بۆیە کاتێک زەمری کوڕی سالووای شمعۆنی لەگەڵ ژنە میدیانییەکە داوێنپیسی دەکرد هەردووکیانی کوشت، بەو شێوەیە ئەو بەڵایەی بەسەر جولەکەکان هاتبوو بڕایەوە. بڕوانە سەرژمێری 25‏:1‏-9.‏‏
  8. 106‏:37 بە واتای ڕۆحە پیسەکان.‏