Add parallel Print Page Options

114 کاتێک ئیسرائیل لە میسر هاتنە دەرەوە،
    بنەماڵەی یاقوب لەنێو گەلێکی نامۆ زمان دەرچوون،
یەهودا بووە پیرۆزگای خودا،
    ئیسرائیل بووە جێی فەرمانڕەوایەتی.

دەریا بینی و هەڵات،
    ڕووباری ئوردون بەرەو پاش کشایەوە.
چیاکان وەک بەران بازیان دا،
    گردەکان وەک بەرخۆلە.

چیتە ئەی دەریا، بۆ وا هەڵدێیت؟
    ئەی ئوردون، بۆ بەرەو پاش دەکشێیتەوە؟
ئەی چیاکان، بۆ وەک بەران باز دەدەن؟
    ئەی گردەکان، بۆ وەک بەرخۆلە باز دەدەن؟

ئەی زەوی لەبەردەم پەروەردگار بلەرزە،
    لەبەردەم خودای یاقوب،
ئەوەی بەردی کرد بە گۆمی ئاو،
    بەردەئەستێی کردە کانیاو.