Add parallel Print Page Options

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان،

زەبوورێکی داود.

14 گێل[a] لە دڵی خۆیدا دەڵێت: «خودا نییە.»
    ئەوانە گەندەڵن و کردەوەکانیان پیسە،
    کەس نییە چاکە بکات.

یەزدان لە ئاسمانەوە سەیری ئادەمیزاد دەکات،
    هەتا بزانێت کەس هەیە تێگەیشتوو بێت،
    کەس هەیە بەدوای خودا بگەڕێت.
هەموو ڕوویان وەرگێڕا،
    هەموو گەندەڵ بوون،
کەس نییە چاکە بکات،
    تەنانەت یەکێکیش نییە.

ئایا هەموو گوناهباران فێر نەبن؟

ئەوانەی وەک نان گەلەکەی من دەخۆن و
    ئەوانەی لە یەزدان ناپاڕێنەوە.
لەوێ ترسێکی گەورەیان لێ نیشت،
    چونکە خودا لەناو کۆڕی ڕاستودروستان ئامادەیە.
ئێوەی گوناهبار سووکایەتی بە بۆچوونی هەژاران دەکەن،
    بەڵام یەزدان پەناگای ئەوانە.

با ڕزگاریی ئیسرائیل لە سییۆنەوە[b] دەربکەوێت!
    کاتێک یەزدان گەلەکەی خۆی لە ڕاپێچکراوی دەگەڕێنێتەوە،
    با یاقوب شاد و ئیسرائیل دڵخۆش بێت!

Footnotes

  1. 14‏:1 لە عیبری مەبەستی لە کەسی بەدڕەوشتە.‏
  2. 14‏:7 مەبەست لە شاری سییۆنە لە ئۆرشەلیم کە خودا بەڵێنی داوە لەوێ نیشتەجێ دەبێ.‏