Add parallel Print Page Options

زەبوورێکی داود.

گۆرانییەک بۆ تەرخانکردنی پەرستگا.[a]

30 ئەی یەزدان، بە گەورەت دەزانم،
    چونکە هەڵتکێشام و
    نەتهێشت دوژمنەکانم شانازیم بەسەردا بکەن.
ئەی یەزدان، خودای من، هاوارم بۆ تۆ هێنا،
    تۆش چاکت کردمەوە.
ئەی یەزدان، تۆ گیانی منت لەناو جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە،
    منت دەرباز کرد لەوەی شۆڕببمەوە ناو گۆڕ.

ئەی خۆشەویستانی یەزدان، گۆرانی بۆ بڵێن،
    ستایشی ناوە پیرۆزەکەی بکەن.
چونکە تووڕەبوونی تەنها چرکەیەکە،
    بەڵام ڕەزامەندی بە درێژایی ژیانە.
ڕەنگە گریان بۆ شەوێ بمێنێت،
    بەڵام بۆ بەیانییەکەی هەلهەلە دێنێت.

کاتێک هەستم بە دڵنیایی کرد گوتم:
    «هەرگیز نالەقێم.»
ئەی یەزدان، بە ڕەزامەندی خۆت،
    منت وەک چیایەکی بەهێز چەسپاند،
بەڵام کە ڕووی خۆتت لە من شاردەوە،
    پەرێشان بووم.

ئەی یەزدان، من هاوارم بۆ تۆ هێنا،
    من لە پەروەردگار پاڕامەوە:
«مەرگی من سوودی چی تێدایە،
    ئەگەر من شۆڕ ببمەوە ناو گۆڕ؟
ئایا خۆڵ ستایشت دەکات؟
    ئایا دڵسۆزیت ڕادەگەیەنێت؟
10 ئەی یەزدان، گوێ بگرە و لەگەڵم میهرەبان بە!
    ئەی یەزدان، ببە بە یارمەتیدەرم!»

11 تۆ شینی منت گۆڕی بۆ شایی،
    جلوبەرگی گوشت[b] لەبەر داماڵیم و بەرگی شادیت لەبەرکردم،
12 بۆ ئەوەی دڵم گۆرانیت بۆ بڵێت و بێدەنگ نەبێت.
    ئەی یەزدان، خودای من، هەتاهەتایە هەر ستایشت دەکەم.

Footnotes

  1. 30‏:0 بڕوانە یەکەم پاشایان 8‏:61 و دووەم پوختەی مێژوو 7‏‏.‏
  2. 30‏:11 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏