Add parallel Print Page Options

بۆ سەرۆکی کۆمەڵی مۆسیقاژەنان، بە ئامێرە ژێدارەکان. هۆنراوەیەکی داودە کاتێک زیفییەکان[a] هاتن و بە شاولیان گوت: «داود لەلای ئێمە خۆی شاردووەتەوە.»

54 ئەی خودایە، بە ناوی خۆت ڕزگارم بکە،
    بە هێزی خۆت ئەستۆپاکیم بسەلمێنە.
ئەی خودایە، گوێ لە نوێژم بگرە،
    قسەکانی دەمم ببیستە.

چونکە بێگانە لێم هەستاون،
    دڵڕەقەکان دەیانەوێ بمکوژن،
    ئەوانەی ڕوویان لە خودا نەکردووە.[b]

بە ڕاستی خودا یارمەتیدەری منە،
    پەروەردگار پشتگیری گیانم دەکات.

با خراپە بگەڕێتەوە سەر دوژمنەکانم،
    بە دڵسۆزی خۆت لە ناویان ببە.

ئەی یەزدان، بەخشینی[c] ئازادت پێشکەش دەکەم،
    ستایشی ناوت دەکەم، چونکە چاکە.
چونکە لە هەموو تەنگانەکان دەربازی کردووم،
    سەرکەوتووانە چاوم بڕیوەتە دوژمنەکانم.

Footnotes

  1. 54‏:0 دانیشتووانی زیف، کە شارێک بوو لە ناوچە شاخاوییەکەی یەهودا. ئێستا بە گردی زیف بەناوبانگە. دەکەوێتە دووری شەش کیلۆمەتر لە باشووری ڕۆژهەڵاتی حەبرۆن.‏
  2. 54‏:3 لە دەقی عیبری لێرە وشەی سەلاە‏ هەیە کە لەوانەیە ئاماژەیەکە بۆ وەستانی مۆسیقا و خوێندنەوە.‏
  3. 54‏:6 بڕوانە لێڤییەکان 22‏:18‏-23.‏‏