Add parallel Print Page Options

زەبوورێکی داودە کاتێک لە چۆڵەوانی یەهودا بوو.

63 ئەی خودایە، تۆ خودای منی، بە پەرۆشم بۆت،
    گیانم تینووی تۆیە،
جەستەم شەیدای تۆیە،
    لە خاکێکی وشک و ماندوو و بێ ئاو.

لە پیرۆزگاکە سەیرم کردوویت و
    هێز و شکۆمەندی تۆم بینیوە.
لەبەر ئەوەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت لە ژیان باشترە،
    لێوەکانم ستایشت دەکەن.
بە درێژایی ژیانم ستایشت دەکەم،
    بە ناوی تۆوە دەستم بەرز دەکەمەوە.
گیانم تێر دەبێت وەک ئەوەی بە دوگ[a] و چەوری،
    بە لێوی شادمانەوە دەمم ستایشت دەکات.

لەناو نوێنەکەم یادی تۆ دەکەم،
    بە درێژایی شەو بیر لە تۆ دەکەمەوە.
چونکە تۆ هاریکارم بوویت،
    لەژێر سێبەری باڵەکانت گۆرانی دەڵێم.
گیانم بە تۆوە بەندە،
    دەستە ڕاستی تۆ پشتم دەگرێت.

بەڵام ئەوانەی بۆ کوشتنی من دەگەڕێن لەناودەچن،
    بەرەو ناخی زەوی شۆڕ دەبنەوە.
10 ئەوانە بە دەمی شمشێر دەسپێردرێن و
    دەبن بە خۆراکی چەقەڵ.

11 بەڵام پاشا بە خودا دڵخۆش دەبێت،
    هەموو ئەوانەی سوێند بە خودا دەخۆن ستایشی دەکەن،
    چونکە دەمی درۆزنان دادەخرێت.

Footnotes

  1. 63‏:5 دوگ یان دونگ‏