Add parallel Print Page Options

ڕێکخستنی ئۆردوگاکانی هۆزەکان

هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «نەوەی ئیسرائیل، هەریەکە لەژێر بەیداخەکەی خۆی، بە لافیتەکانی بنەماڵەکانیانەوە چادر هەڵدەدەن، ڕووەو چادری چاوپێکەوتن و دەوروبەری.»

ئەوانەی لەلای ڕۆژهەڵات چادر هەڵدەدەن ڕووەو خۆر هەڵاتن لەژێر بەیداخی ئۆردوگای یەهودایە بەگوێرەی لەشکرەکانیان، سەرۆکی نەوەی یەهوداش نەحشۆنی کوڕی عەمینادابە، ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش حەفتا و چوار هەزار و شەش سەد کەسن.

پاشان هۆزی یەساخار لەتەنیشتیانەوە چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی یەساخاریش نەتەنێلی کوڕی چوعەر و ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش پەنجا و چوار هەزار و چوار سەد کەسن.

پاشان هۆزی زەبولون، سەرۆکی نەوەی زەبولونیش ئەلیابی کوڕی حێلۆنە و ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش پەنجا و حەوت هەزار و چوار سەد کەسن.

هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای یەهودا، بەگوێرەی لەشکرەکانیان سەد و هەشتا و شەش هەزار و چوار سەد کەسن، یەکەمن لە بەڕێکەوتندا.

10 لەژێر بەیداخی ئۆردوگای ڕەئوبێن بەلای باشوور بەگوێرەی لەشکرەکانیان، سەرۆکی نەوەی ڕەئوبێنیش ئەلیسوری کوڕی شەدیئورە و 11 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش چل و شەش هەزار و پێنج سەد کەسن.

12 پاشان هۆزی شیمۆن لەتەنیشتیانەوە چادر هەڵدەدەن، هۆزی شیمۆن، سەرۆکی نەوەی شیمۆنیش شەلومیێلی کوڕی چووریشەدایە و 13 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانی پەنجا و نۆ هەزار و سێ سەد کەسن.

14 پاشان هۆزی گاد، سەرۆکی نەوەی گادیش ئەلیاسافی کوڕی دەعوئێلە و 15 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش چل و پێنج هەزار و شەش سەد و پەنجا کەسن.

16 هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای ڕەئوبێن، بەگوێرەی لەشکرەکانیان سەد و پەنجا و یەک هەزار و چوار سەد و پەنجا کەسن، دووەمن لە بەڕێکەوتندا.

17 ئینجا چادری چاوپێکەوتن، ئۆردوگای لێڤییەکان لەناوەندی ئۆردوگاکان بەڕێ دەکەوێت، چۆن چادر هەڵدەدەن بە هەمان شێوە بەڕێ دەکەون، هەریەکە و لە شوێنی خۆی لەژێر بەیداخەکەی.

18 لەژێر بەیداخی ئۆردوگای ئەفرایم بەگوێرەی لەشکرەکانیان لەلای ڕۆژئاوا، سەرۆکی نەوەی ئەفرایم ئەلیشاماعی کوڕی عەمیهودە و 19 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانی چل هەزار و پێنج سەد کەسن.

20 پاشان هۆزی مەنەشە لەتەنیشتیانەوە و سەرۆکی نەوەی مەنەشەش گەمالائیلی کوڕی پەداهچوورە و 21 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانی سی و دوو هەزار و دوو سەد کەسن.

22 پاشان هۆزی بنیامین، سەرۆک بۆ نەوەی بنیامینیش ئەبیدانی کوڕی گدعۆنییە و 23 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش سی و پێنج هەزار و چوار سەد کەسن.

24 هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای ئەفرایم، بەگوێرەی لەشکرەکانیان سەد و هەشت هەزار و سەد کەسن، سێیەمن لە بەڕێکەوتندا.

25 لەژێر بەیداخی ئۆردوگای دان بەگوێرەی لەشکرەکانیان بەلای باکوور، ئەحیعەزەری کوڕی عەمیشەدای سەرۆکی نەوەی دان بوو و 26 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش شەست و دوو هەزار و حەوت سەد کەسن.

27 پاشان هۆزی ئاشێر، لەتەنیشتیانەوە چادر هەڵدەدەن، سەرۆکی نەوەی ئاشێریش پەگعیێلی کوڕی عۆخرانە و 28 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش چل و یەک هەزار و پێنج سەد کەسن.

29 پاشان هۆزی نەفتالیش، سەرۆکی نەوەی نەفتالی ئەحیڕەعی کوڕی عێینانە و 30 ژمارەی سەربازە تۆمارکراوەکانیش پەنجا و سێ هەزار و چوار سەد کەسن.

31 هەموو پیاوانی دانراویش لە ئۆردوگای دان سەد و پەنجا و حەوت هەزار و شەش سەد کەسن، لەژێر بەیداخەکانیان لە کۆتاییدا بەڕێ دەکەون.

32 ئەوانە تۆمارکراوەکانی نەوەی ئیسرائیلن بەگوێرەی بنەماڵەکانیان. هەموو تۆمارکراوان لە ئۆردوگاکان بە لەشکرەکانیانەوە شەش سەد و سێ هەزار و پێنج سەد و پەنجا کەسن. 33 بەڵام لێڤییەکان لەنێوان نەوەی ئیسرائیلدا تۆمار نەکران، هەروەک یەزدان فەرمانی بە موسا کرد.

34 جا نەوەی ئیسرائیل بەگوێرەی هەموو ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کرد، ئاوایان کرد، ئاوا لەژێر بەیداخەکانیان چادریان هەڵدا و ئاوا بەڕێکەوتن، هەریەکە بەگوێرەی خێڵەکەی خۆی لە بنەماڵەکەی.