Add parallel Print Page Options

مۆئاب کوڕانی ئیسرائیل هەڵدەخەڵەتێنێت

25 کاتێک ئیسرائیل لە شەتیم چادریان هەڵدا و گەل دەستیان بە بەدڕەوشتی کرد لەگەڵ کچانی مۆئاب، ئەوانیش گەلیان بانگهێشت کرد بۆ قوربانییە سەربڕدراوەکانی خوداوەندەکانیان. گەلیش خواردی و کڕنۆشی بۆ خوداوەندەکانیان برد. ئیسرائیل پەیوەست بوو بە بەعلی پەعۆرەوە[a]، تووڕەیی یەزدانیش بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا.

یەزدان بە موسای فەرموو: «هەموو ڕابەرانی گەل ببە و بۆ یەزدان بەرامبەر بە خۆر هەڵیانبواسە، ئەوسا کوڵی تووڕەیی یەزدان لەسەر ئیسرائیل دادەمرکێتەوە.»

موساش بە دادوەرانی ئیسرائیلی گوت: «هەر یەک لە ئێوە ئەو پیاوانەی خۆی بکوژێت کە پەیوەست بوونە بە بەعلی پەعۆرەوە.»

لەو کاتەدا پیاوێک هات کە لە نەوەی ئیسرائیل بوو و ژنێکی میدیانی هێنایە ناو کەسوکارەکەی، لەبەرچاوی موسا و هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل کە لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن دەگریان. کاتێک فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین ئەمەی بینی، لەنێو کۆمەڵەکە هەستا و دەستی دایە ڕمێک، بەدوای پیاوە ئیسرائیلییەکەدا چووە ناو چادرەکە، بە ڕمەکەی بە یەک جار سکی پیاوە ئیسرائیلییەکە و ژنەکەشی بڕی. ئینجا دەردەکە لە نەوەی ئیسرائیل بڕایەوە. بەڵام ئەوانەی بە دەردەکە مردن بیست و چوار هەزار بوون.

10 هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو: 11 «فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارونی کاهین، تووڕەیی منی لەسەر نەوەی ئیسرائیل گەڕاندەوە، بەوەی کە دڵگەرم بوو بۆ شکۆمەندی من لەنێویان هەتا نەوەی ئیسرائیلم بە دڵگەرمی خۆم لەناو نەبرد. 12 لەبەر ئەوە پێی بڵێ ئەوەتا من پەیمانی ئاشتی خۆمی لەگەڵ دەبەستم. 13 بۆ خۆی و بۆ نەوەکەی دوای خۆی دەبێتە پەیمانی کاهینیێتی هەتاهەتایی، لەبەر ئەوەی دڵگەرم بوو بۆ خودا و کەفارەتی بۆ نەوەی ئیسرائیل کرد.»

14 ناوی ئەو پیاوە ئیسرائیلییەش کە لەگەڵ ژنە میدیانییەکە کوژرا زیمریی کوڕی سالو بوو، گەورەی بنەماڵەیەک بوو لە شیمۆنییەکان، 15 ناوی ژنە میدیانییە کوژراوەکەش کۆزبیی کچی چوور بوو، ئەویش سەرۆکی هۆزێک بوو لە بنەماڵەیەکی میدیانی.

16 یەزدان بە موسای فەرموو: 17 «تەنگ بە میدیانییەکان هەڵبچنن و لێیان بدەن، 18 چونکە ئەوان بە فریودانەکانیان تەنگیان پێ هەڵچنین، سەبارەت بە پەعۆر و کۆزبی خوشکیان، کچی سەرۆکێکی میدیان کە لە ڕۆژی دەردەکە بەهۆی پەعۆرەوە کوژرا.»

Footnotes

  1. 25‏:3 ‏بەعلی پەعۆر: ناوێکی مۆئابییە بۆ ئەو خوداوەندەی لە کێوی پەعۆر دەیانپەرست.‏