Add parallel Print Page Options

وتەی هاندان

13 با خۆشەویستی برایانە بچەسپێت. میوانداری نامۆکان لەیاد مەکەن، چونکە بەمە کەسانێک بێ ئەوەی بزانن میوانداری فریشتەکانیان کردووە. یادی بەندکراوان بکەنەوە هەروەک ئەوەی لەگەڵیان بەند کرابن، زۆرلێکراوانیش وەک خۆتان لەگەڵ ئەودا زۆرلێکراو بن.

با لەلای هەمووان هاوسەرایەتی ڕێزی هەبێت، نوێنی هاوسەرایەتیش پاک بێت، چونکە خودا بەڕەڵا و داوێنپیس تاوانبار دەکات. با ژیانتان بێ خۆشەویستی پارە بێت، ڕازی بن بەوەی هەتانە، چونکە خودا فەرموویەتی:

[هەرگیز پشتگوێت ناخەم،
    هەرگیز وازت لێ ناهێنم.][a]

کەواتە بە متمانەوە دەڵێین:

[یەزدان یارمەتیدەری منە، ناترسم.
    مرۆڤ چیم لێ دەکات؟][b]

ڕابەرەکانتان لەیاد بێت، ئەوانەی باسی وشەی خوداتان بۆ دەکەن، تەماشای سەربوردەیان بکەن و لاسایی باوەڕیان بکەنەوە. عیسای مەسیح وەک خۆیەتی، دوێنێ و ئەمڕۆ و هەتاهەتایە.

مەهێڵن فێرکردنی جۆراوجۆر و نامۆ بەڕێوەتان ببات[c]، چونکە باشە دڵ بە نیعمەت بەهێز بکرێت، نەک بە یاساکانی خۆراک کە سوودی نەبوو بۆ ئەوانەی پێی دەژین. 10 ئێمە قوربانگایەکمان هەیە کە ئەوانەی خزمەتی چادری پەرستن دەکەن بۆیان نییە لێی بخۆن.[d]

11 سەرۆک کاهین خوێنی ئاژەڵان وەک قوربانی گوناه دەهێنێتە ناو شوێنی هەرەپیرۆز، بەڵام کەلەشەکانیان لە دەرەوەی ئۆردوگا دەسووتێنرێن[e]. 12 لەبەر ئەوە عیساش لە دەرەوەی دەرگای شار ئازاری چێژت، تاکو بە خوێنی خۆی گەل پیرۆز بکات. 13 کەواتە با بچینە دەرەوەی ئۆردوگا[f] بۆ لای عیسا، ڕیسواییەکەی هەڵبگرین. 14 لەبەر ئەوەی لێرەدا هیچ شارێکمان بۆ نامێنێتەوە، بەڵام داوای ئەو شارە دەکەین کە لە داهاتوودا دێت.

15 لەبەر ئەوە، با بەردەوام لە ڕێگەی مەسیحەوە بە لێوەکانمان ستایشی خودا بکەین، کە قوربانی ئێمەیە بۆ خودا. 16 هەروەها چاکەکاری و یارمەتیدانی خەڵک پشتگوێ مەخەن، چونکە ئەو جۆرە قوربانییانە خودا دڵشاد دەکات.

17 گوێڕایەڵی ڕابەرەکانتان بن و ملکەچیان بن، چونکە شەوارەتان بۆ دەگرن، وەک بڵێی حیسابیان پێشکەشی خودا دەکەن، تاکو بە شادییەوە ئەمە بکەن نەک بە بێزاری، چونکە ئەمە زیانی بۆتان دەبێت.

18 نوێژمان بۆ بکەن، چونکە دڵنیاین ویژدانێکی باشمان هەیە، حەز دەکەین لە هەموو شتێکدا هەڵسوکەوتمان چاک بێت. 19 زیاتر لێتان دەپاڕێمەوە ئەمە بکەن، تاکو بە خێرایی بگەڕێمەوە لاتان.

20 با خودای ئاشتی کە بە خوێنی پەیمانی هەتاهەتایی عیسای خاوەن شکۆمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە، شوانە پایەبەرزەکەی مەڕەکان، 21 بە هەموو شتێکی باش ئامادەتان بکات تاکو بە خواستی ئەو هەڵسوکەوت بکەن، لە ئێمەشدا بەپێی ڕەزامەندی خۆی کار بکات بەهۆی عیسای مەسیحەوە کە هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە. ئامین.

سڵاوی کۆتایی

22 خوشکان، برایان، لێتان دەپاڕێمەوە، بە سنگفراوانییەوە ئەم وتەی هاندانە وەربگرن، چونکە تەنها نامەیەکی کورتم بۆ نووسیون.

23 بزانن تیمۆساوسی برامان ئازاد کراوە. ئەگەر زوو هات، بەیەکەوە دیدەنیتان دەکەین.

24 سڵاو لە هەموو ڕابەران و تەواوی باوەڕداران بکەن. باوەڕدارانی ئیتالیا سڵاوتان لێدەکەن.

25 با نیعمەتی خودا لەگەڵ هەمووتان بێت.

Footnotes

  1. 13‏:5 دواوتار 31‏:6‏‏
  2. 13‏:6 زەبوورەکان 118‏:6‏،7‏.‏‏
  3. 13‏:9 بە بۆچوونی جیاواز گومڕا مەبن.‏
  4. 13‏:10 مەبەست کاهینانی پەیمانی کۆن بۆیان نییە لە بەرهەمی خاچی مەسیح سوود وەربگرن، بڕوانە ئایەتی 15.‏
  5. 13‏:11 بڕوانە دەرچوون 29‏:14‏‏.‏
  6. 13‏:13 مەبەستی دەوروبەری شوورای ئۆرشەلیمە.‏