Add parallel Print Page Options

سەرۆک کاهینی پەیمانی نوێ

گرنگترین خاڵ لەوەی گوترا ئەمەیە: ئێمە سەرۆک کاهینێکی ئاوامان هەیە کە لە ئاسماندا لە دەستەڕاستی تەختی پایەبەرزی دانیشت، خزمەتکاری پیرۆزگا[a] و چادری پەرستنی ڕاستەقینەیە، ئەوەی مەسیحی باڵادەست دایناوە نەک مرۆڤ.

لەبەر ئەوەی هەر سەرۆک کاهینێک بۆ پێشکەشکردنی بەخشین و قوربانی دانراوە، هەر بۆیە پێویست بوو ئەویش شتێکی هەبێت کە پێشکەشی بکات. ئەگەر لەسەر زەوی بووایە، نەدەبووە کاهین، چونکە کەسانێکی هەیە بەگوێرەی تەورات قوربانی بکات. ئەوانەی خزمەتی وێنە و سێبەری شتە ئاسمانییەکان دەکەن، کە موساش بەتەمابوو چادری پەرستن دروستبکات، ئاگادار کرایەوە: [بڕوانە کە هەموو شتێک لەسەر ئەو نموونەیە دروستبکەی کە لەسەر کێوەکە پیشانت دراوە.][b] بەڵام لەڕاستیدا ئەو خزمەتەی کە عیسا وەریگرت لە خزمەتی ئەوان زۆر نایابترە، بەو ئاستەی کە خۆی پەیوەندی ڕێکخەرە بۆ پەیمانێکی باشتر، چونکە پەیمانە نوێیەکەی لەسەر بەڵێنی باشتر بنیاد نراوە.

لەبەر ئەوەی ئەگەر پەیمانی یەکەم بێ کەموکوڕی بووایە، ئیتر شوێن بۆ دووەم داوا نەدەکرا. بەڵام خودا کەموکوڕی لە گەلەکەی دۆزییەوە، بۆیە پێیان دەفەرموێ:

[یەزدان دەفەرموێ: ئەوەتا سەردەمێک دێت،
    پەیمانێکی نوێ لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیل و بنەماڵەی یەهودا دەبەستم.
نەک وەکو ئەو پەیمانەی لەگەڵ باوباپیرانیاندا بەستم
    ئەو ڕۆژەی دەستی ئەوانم گرت بۆ ئەوەی لە خاکی میسر دەریانبهێنم،
چونکە لەسەر پەیمانەکەم نەڕۆیشتن،
    ئیتر منیش پشتگوێم خستن،
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
10 یەزدان دەفەرموێت: ئەمە ئەو پەیمانەیە کە لەدوای ئەو ڕۆژانە لەگەڵ بنەماڵەی ئیسرائیلدا دەیبەستم،
فێرکردنەکانم دەخەمە ناو بیرکردنەوەیان و
    لەسەر دڵیان دەینووسم،
من دەبم بە خودای ئەوان و
    ئەوانیش دەبن بە گەلی من.
11 لەمەودوا کەس هاوڕێکەی خۆی یان
    براکەی خۆی فێرناکات و بڵێت، «یەزدان بناسە،»
چونکە هەموویان دەمناسن،
    لە بچووکیانەوە هەتا گەورەیان،
12 چونکە لە تاوانەکانیان خۆشدەبم، چیتر
    گوناهەکانیان بەبیری خۆم ناهێنمەوە.][c]

13 کاتێک باسی ئەم پەیمانە دەکات و دەفەرموێ: «نوێ»، پەیمانی یەکەم کۆن دەکات. شتێکیش کە کۆن بوو و پیر بوو، ئەوا لە فەوتان نزیکە.

Footnotes

  1. 8‏:2 شوێنە پیرۆزەکانی ئاسمان.‏
  2. 8‏:5 دەرچوون 25‏:40.‏‏
  3. 8‏:12 یەرمیا 31‏:31‏-34‏‏