Add parallel Print Page Options

پاراستنی پەیمانی کۆن

ئیتر پەیمانە یەکەمەکە ڕێوڕەسمی خزمەت و پیرۆزگای زەمینییە. چادری پەرستن هەڵدرا، لە ژووری یەکەم چرادان و مێز و نانی تەرخانکراوی تێدابوو کە پێی دەگوترا شوێنی پیرۆز. پشتی پەردەی دووەم، ژوورێک هەبوو پێی دەگوترا شوێنی هەرەپیرۆز، بخووردانێکی زێڕین و سندوقی پەیمانی تێدا بوو کە لە هەموو لایەکانی بە زێڕ ڕووپۆش کرابوو. لەناو ئەمەش گۆزەیەکی زێڕین هەبوو مەنی[a] تێدابوو، لەگەڵ گۆچانەکەی هارون کە گەڵای سەوزی کردبوو، هەروەها دوو تەختە بەردەکەی پەیمان. لەسەریشی کەڕوبەکانی[b] شکۆ سێبەریان کردبووە سەر قەپاغی کەفارەت[c]. لێرەدا بە وردی ناتوانین باسی ئەمانە بکەین.

کاتێک شتەکان ئاوا ڕێکخرابوون، کاهینان هەموو کاتێک دەچنە ژووری یەکەم بۆ جێبەجێکردنی خزمەت. بەڵام بۆ ژووری دووەم تەنها سەرۆک کاهین ساڵی جارێک دەچێت، ئەویش بێ خوێن نابێت، خوێنەکە پێشکەش دەکات لە پێناوی خۆی و گوناهەکانی گەل کە بە نەزانی کردوویانە. بەمەش ڕۆحی پیرۆز ئاماژە دەکات کە هەتا چادری پەرستن لەسەر زەوی بێت، ڕێگای شوێنی هەرەپیرۆز لە ئاسمان ئاشکرا ناکرێت. ئەمەش هێمایە بۆ ئەم سەردەمە، کە تێیدا دیاری و قوربانی پێشکەش دەکرێت، ناتوانێت ئاسوودەیی بە ویژدانی ئەوانە ببەخشێت کە خودا دەپەرستن. 10 ئەمانە تەنها ڕێوڕەسمی ڕواڵەتیانەن کە چڕدەبێتەوە لەسەر خواردن و خواردنەوە و شێوازەکانی شوشتن، هەتا کاتی داڕشتنەوەی نوێ.

خوێنی مەسیح

11 بەڵام کاتێک مەسیح هات وەک سەرۆک کاهین بۆ شتە باشەکانی داهاتوو، چووە ناو ئەو چادرەی کە گەورەتر و تەواوترە و هەروەها دەستکرد نییە، واتە هی بەدیهێنراو نییە. 12 بە خوێنی بزن و گوێرەکە نەچوو، بەڵکو بە خوێنی خۆی یەک جار چووە ناو شوێنی هەرەپیرۆز و کڕینەوەی هەتاهەتایی دەستکەوت، 13 چونکە ئەگەر خوێنی بزن و گا و خۆڵەمێشی گوێرەکە کە بەسەر گڵاوەکاندا دەپرژێنرێت،[d] پیرۆز بکات بۆ پاککردنەوەی جەستە، 14 ئیتر خوێنی مەسیح چەند زیاترە، ئەوەی بە ڕۆحی پیرۆزی هەتاهەتایی بێ کەموکوڕی خۆی پێشکەشی خودا کرد، ئەوەی ویژدانمان لەو کارانە پاک دەکاتەوە کە دەبنە هۆی مردن، تاکو خزمەتی خودای زیندوو بکەین.

15 لەبەر ئەمە مەسیح ڕێکخەری پەیمانی نوێیە، تاکو بانگکراوان بەڵێنی میراتی هەتاهەتایی وەربگرن، چونکە مردنەکە بەهای خوێنە بۆ ئازادکردن لەو گوناهانەی کە لە پەیمانی یەکەمدا کردوویانە.

16 ئەگەر وەسیەتنامە[e] هەبێ، پێویستە مردنی وەسیەتکار بسەلمێنرێ، 17 چونکە وەسیەتنامە کاتێک کاری پێ دەکرێ کە خاوەنەکەی مردبێت، بەڵام ئەگەر زیندوو بێت هیچ کاری پێ ناکرێت. 18 بۆیە پەیمانەکەی یەکەمیش بێ خوێن بەجێنەگەیەنرا، 19 چونکە موسا، دوای ئەوەی هەموو ڕاسپاردەکانی بەگوێرەی تەورات بە هەموو گەل ڕاگەیاند، خوێنی گوێرەکەی هێنا لەگەڵ ئاو و خوری سوور و زوفا، بەسەر تەورات و هەموو گەلدا پرژاندی. 20 فەرمووی: [ئەمە خوێنی ئەو پەیمانەیە کە خودا فەرمانی پێ کردن.][f] 21 هەروەها خوێنەکەی پرژاندە سەر چادری پەرستن و هەموو کەلوپەلەکانی خزمەتکردن. 22 بەگوێرەی تەورات نزیکەی هەموو شتێک بە خوێن پاک دەبێتەوە، لێخۆشبوونی گوناهیش بێ خوێنڕشتن نابێت.

مەسیح گەورەترین قوربانییە

23 پاککردنەوەی وێنەی شتە ئاسمانییەکان دەبووایە ئاوا بکرێت، بەڵام خودی شتە ئاسمانییەکان بە قوربانی باشتر لەمانە پاک دەبنەوە، 24 چونکە مەسیح نەچووە پیرۆزگای دەستکرد کە لەبەرگیراوەی شتە ڕاستەقینەکەیە، بەڵکو خودی ئاسمان، ئێستاش لەوێ لەبەردەم خودا بۆ ئێمە دەردەکەوێت. 25 نەک تاکو چەند جارێک خۆی پێشکەش بکات، وەک سەرۆک کاهین ساڵی جارێک بە خوێنێک کە خوێنی خۆی نییە دەچێتە شوێنی هەرەپیرۆز. 26 ئەگینا دەبووایە مەسیح لە دامەزراندنی جیهانەوە چەندین جار ئازاری بچێژتبووایە. بەڵام ئێستا لە کۆتایی زەمان تەنها جارێک دەرکەوت تاکو گوناه بسڕێتەوە، بەوەی خۆی کردە قوربانی. 27 وەک بۆ مرۆڤ دانراوە جارێک بمرێت، دواتر لێپرسینەوەیە، 28 ‏مەسیحیش، جارێک خۆی کرد بە‏قوربانی تاکو گوناهی خەڵکێکی زۆر لاببات. بەڵام هاتنەوەی عیسا بۆ جاری دووەم بۆ لابردنی گوناه نییە، بەڵکو بۆ ڕزگارکردنی ئەوانەیە کە بە پەرۆشەوە چاوەڕێی دەکەن.

Footnotes

  1. 9‏:4 گەلی خودا کاتێک لە بیابان بوون، خودا مەن و سوێسکەی بۆ ناردن هەتا بیخۆن، گۆزەیەک لەو مەنەیان هەڵگرتبوو بۆ یادکردنەوەی ئەو ڕۆژانە. بڕوانە دەرچوون 16.‏
  2. 9‏:5 جووتێک پەیکەری بوونەوەرێکی ئاسمانی باڵدارە لە شێوەی ئاژەڵ و مرۆڤ بۆ پارێزگاریکردن لە سندوقی پەیمان دانرابوو، بڕوانە دەرچوون 25‏:18‏‏.‏
  3. 9‏:5 بە واتای شوێنی لێخۆشبوونی گوناه. قەپاغێکە بۆ داپۆشینی سندوقی پەیمان، لە ڕۆژی کەفارەت خوێنی قوربانی لەسەر ڕژاوە بۆ لێخوشبوونی گوناه. بڕوانە دەرچوون 25‏:17‏‏.‏
  4. 9‏:13 بڕوانە دەرچوون 24‏:6‏‏.‏
  5. 9‏:16 یۆنانی: هەمان وشەی پەیمان.‏
  6. 9‏:20 دەرچوون 24‏:8‏‏