Add parallel Print Page Options

بەخشین لە پێویستی خۆت

21 ئینجا عیسا تەماشای کرد و بینی دەوڵەمەندەکان بەخشینیان دەخەنە ناو گەنجینەی پەرستگا. بێوەژنێکی هەژاریشی بینی دوو فلسی خستە ناوی. ئینجا فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم بێوەژنە هەژارە لە هەموویان زیاتری دانا. هەموو ئەوانەی دیکە ئەوەی لە خۆیان زیادەیە بەخشییان، بەڵام ئەم بێوەژنە، سەرەڕای هەژارییەکەی هەموو بژێوییەکەی بەخشی.»

نیشانەکانی کۆتایی سەردەم

هەندێک لە قوتابییەکانی عیسا باسی پەرستگایان دەکرد کە بە بەردی جوان و دیارییە تەرخانکراوەکان بۆ خودا ڕازێنراوەتەوە. بەڵام عیسا پێی فەرموون: «ئەمەی دەیبینن، ڕۆژانێک دێت بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت کە نەڕووخێت.»

ئینجا لێیان پرسی: «مامۆستا، کەی ئەمانە ڕوودەدەن، چ نیشانەیەک لە کاتی نزیکبوونەوەیاندا دەردەکەوێت؟»

فەرمووی: «وریابن هەڵنەخەڵەتێن، چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن: ”من ئەوم،“ و ”کاتەکە نزیک بووەتەوە.“ دوایان مەکەون. کاتێک گوێتان لە باسوخواسی جەنگ و شۆڕش دەبێت، مەتۆقن، چونکە جارێ دەبێ ئەم شتانە ببێت، بەڵام کۆتایی یەکسەر دوای ئەمە نایەت.»

10 ئینجا پێی فەرموون: «نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین. 11 لە زۆر شوێن بوومەلەرزەی گەورە و قاتوقڕی و دەرد دەبێت، ترس و نیشانەی گەورەش لە ئاسماندا دەبێت.

12 «بەڵام پێش هەموو ئەمانە دەتانگرن و دەتانچەوسێننەوە، دەدرێنە کەنیشت و بەندیخانەکان، لە پێناوی ناوی من دەبردرێنە لای پاشا و فەرمانڕەواکان. 13 بەو شێوەیە شایەتیم بۆ دەدەن. 14 ئەوەتان لە بیر بێت کە پێشوەخت نیگەرانی ئەوە مەبن کە چۆن بەرگری لە خۆتان بکەن، 15 چونکە من دەم و داناییەکتان دەدەمێ کە هەموو بەرهەڵسکارانتان نەتوانن بەرگری بکەن و بەرپەرچی بدەنەوە. 16 تەنانەت دایک و باوک و برا، خزم و هاوڕێیانیش بە گرتنتان دەدەن، لێتان دەکوژن. 17 لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە. 18 بەڵام مووێکی سەرتان نافەوتێت. 19 بە خۆڕاگرتنتان خۆتان دەبەنەوە.

هاتنەوەی عیسای مەسیح

20 «کاتێک دەبینن بە سوپا دەوری ئۆرشەلیم دراوە، ئەوسا بزانن ڕووخانی نزیک بووەتەوە. 21 ئینجا با ئەوانەی لە هەرێمی یەهودیا نیشتەجێن با هەڵبێن بۆ چیاکان و ئەوانەی لەناو شارەکەدان بچنە دەرەوە، هەروەها دانیشتووانی گوندەکان نەچنە ناو شار، 22 چونکە ئەمانە ڕۆژانی تۆڵەسەندنەوەن، تاکو هەرچی نووسراوە بێتە دی. 23 لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر ژنی دووگیان یان شیردەر، چونکە ناخۆشییەکی گەورە بەسەر زەویدا دێت و تووڕەییش بەسەر ئەم گەلە. 24 بە شمشێر دەکوژرێن و بۆ نێو هەموو نەتەوەکان ڕاپێچ دەکرێن. ئۆرشەلیم لەلایەن ناجولەکەکانەوە پێشێل دەکرێت، هەتا ڕۆژگاری ناجولەکەکان تەواو دەبێت.

25 «لە خۆر و مانگ و ئەستێرەکان نیشانە دەردەکەون، لەسەر زەویش سەرسامی گەلان، شێوانی هاژەی دەریا و شەپۆل. 26 لە ترس و چاوەڕوانی ئەو شتانەی بەسەر جیهاندا دێن، خەڵکی بێ هۆش دەبن، چونکە خۆر و مانگ و ئەستێرەکانی ئاسمان دەهەژێن. 27 ئەوسا کوڕی مرۆڤ بە هێز و شکۆیەکی گەورەوە بەسەر هەورەوە دەبینن دێت. 28 کاتێک ڕوودانی ئەم شتانە دەستی پێکرد، هەستن و سەر بەرز بکەنەوە، چونکە ڕزگاریتان[a] نزیک دەبێتەوە.»

29 نموونەیەکی بۆ هێنانەوە: «سەیری دار هەنجیر و هەموو دارەکان بکەن. 30 کاتێک دەبینن ئەوا گەڵای کردووە، خۆتان دەزانن کە هاوین نزیکە. 31 ئێوەش کە دەبینن ئەمانە ڕوودەدات، بزانن پاشایەتی خودا نزیکە.

32 «ڕاستیتان پێ دەڵێم، ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. 33 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.»

بەخەبەر بن و وریابن

34 «ئاگاداری خۆتان بن، نەوەک دڵتان لەسەر ڕابواردن و سەرخۆشی و خەم و خەفەتی ژیان بێت و ئەو ڕۆژە لەناکاو وەک تەڵە بەسەرتاندا بدات، 35 چونکە دێتە سەر هەموو ئەوانەی لەسەر تەواوی ڕووی زەوی دانیشتوون. 36 کەواتە ئێشک بگرن و هەموو کاتێک نوێژ بکەن، تاکو بتوانن لە هەموو ئەو ڕووداوانە دەرباز بن کە تووشتان دەبن و لەبەردەم کوڕی مرۆڤ ڕاوەستن.»

37 عیسا بە ڕۆژ لە پەرستگا خەریکی فێرکردن بوو، شەوانیشی لەو کێوە بەسەردەبرد کە پێی دەگوترا زەیتوون. 38 هەموو خەڵک لە بەرەبەیان دەهاتنە پەرستگا بۆ ئەوەی گوێی لێ بگرن.

Footnotes

  1. 21‏:28 یۆنانی: کڕینەوە.‏