Add parallel Print Page Options

ڕێنمایی دەربارەی نەخۆشی پێست

13 هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو: «ئەگەر کەسێک ئاوسانێک، یان لیرێک یان لەکەیەکی بریقەدار لەسەر پێستی لەشی هەبوو، کە گومانی نەخۆشی گواستراوەی پێستی[a] لێ بکرێت، ئەوا ئەو کەسە دەهێنرێتە لای هارونی کاهین، یان یەکێک لە کوڕە کاهینەکانی. ئەگەر کاهینەکە پشکنی زامەکە لە پێستی لەشە و ئەو مووانەی لەناو زامەکەن سپین و زامەکە لە پێستی لەش قووڵترە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە. کاتێک کاهینەکە پشکنی، بەپێی ڕێوڕەسم ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. بەڵام ئەگەر لەکەیەکی بریقەداری سپی بوو لە پێستی لەش و لە پێست قووڵتر نەبوو و ئەو مووانەی لەناو لەکەکەن سپی نەببوون، ئەوا کاهینەکە کەسی تووشبوو حەوت ڕۆژ لە خەڵک جیای دەکاتەوە. ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی زامەکە وەک خۆیەتی و لە پێستی تەشەنەی نەکردووە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژی دیکەش جیای دەکاتەوە. ئەگەر کاهینەکە دووبارە لە ڕۆژی حەوتەم پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینییەوە و زامەکە کاڵ بووەتەوە و لە پێستی تەشەنەی نەکردووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە، واتە ئەوە لیرە. ئەو کەسە جلەکانی دەشوات و پاک دەبێت. بەڵام ئەگەر لیرەکە لە پێستی تەشەنەی کرد لەدوای ئەوەی پیشانی کاهینەکە درا بۆ پاککردنەوەی، دەبێت دیسان پیشانی کاهینەکە بدرێتەوە. ئەگەر کاهینەکە پشکنی لیرەکە لە پێستی تەشەنەی کردووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە ئەو کەسە گڵاو بووە، ئەوە نەخۆشییەکی گواستراوەیە.

«ئەگەر کەسێک نەخۆشی گواستراوەی پێستی هەبێت، ئەوا دەهێنرێتە لای کاهین. 10 ئەگەر کاهینەکە پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی ئاوسانێکی سپی لە پێست هەیە و مووی سپی کردووە و لە شوێنی ئاوسانەکە گۆشتی ڕووت بە دەرەوەیە، 11 ئەوا نەخۆشی پێستی درێژخایەنە لە پێستی لەشی، ئیتر کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، دوورەپەرێزی ناکات، چونکە گڵاوە.

12 «بەڵام ئەگەر نەخۆشییەکە تەشەنەی کردبێت و هەموو پێستی داگرتبوو، لە سەرییەوە هەتا پێیەکانی، بەگوێرەی هەموو ئەوەی چاوی کاهینەکە دەیبینێت، 13 کاهینەکە پشکنینی بۆ ئەنجام دا و بینی وا نەخۆشییەکە هەموو لەشی داگرتووە، ئەوا ڕایدەگەیەنێت کە تووشبووەکە پاکە، لەو کاتەوە هەمووی سپی بووە، ئەوە پاکە. 14 بەڵام هەر کاتێک گۆشتی ڕووتی تێدا بینی، ئەوا گڵاو دەبێت. 15 کاتێک کاهینەکە گۆشتە ڕووتەکەی بینی، ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. گۆشتی ڕووت گڵاوە، ئەوا کەسەکە نەخۆشییەکی گواستراوەی هەیە. 16 ئەگەر گۆشتە ڕووتەکە جارێکی دیکە سپی بووبێتەوە، ئەوا دێتەوە لای کاهینەکە. 17 ئینجا کە کاهینەکە پشکنی وا شوێنە تووشبووەکە سپی بووە، کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە تووشبووەکە پاکە، ئەوا کەسەکە پاکە.

18 «ئەگەر کەسێک لە پێستەکەی دومەڵێک بووبێت و چاک بووبێتەوە، 19 لە شوێنی دومەڵەکەش ئاوسانێکی سپی یان لەکەیەکی بریقەداری سپی سوورباو هەبێت، ئەوا پیشانی کاهینەکە دەدرێت. 20 ئەگەر کاهینەکە پشکنی لە پێست قووڵترە و مووەکانی سپی بووە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە. ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە کە لە دومەڵەکە بڵاوبووەتەوە. 21 بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی مووی سپی تێدا نییە و لە پێست قووڵتر نییە و ڕەنگی ئاساییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ جیای دەکاتەوە، 22 بەڵام ئەگەر لە پێست تەشەنەی کردبێت، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە گواستراوەیە. 23 بەڵام ئەگەر لەکە بریقەدارەکە لە شوێنی خۆی مایەوە و تەشەنەی نەکردووە، ئەوە شوێنەواری دومەڵەکەیە و کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە.

24 «ئەگەر کەسێک لە پێستیدا شوێنێکی سووتاوی بە ئاگر هەبێت، گۆشتە ڕووتەکەی شوێنە سووتاوەکە لەکەیەکی بریقەداری سپی سوورباو یان سپی هەبێت، 25 کاهینەکە پشکنی وا مووی لەکە بریقەدارەکە سپی بووە و لە پێست قووڵترە، ئەوە نەخۆشییەکی گواستراوەیە و لە شوێنە سووتاوەکە بڵاوبووەتەوە. کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە. 26 بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی لە لەکە بریقەدارەکە مووی سپی نییە و لە پێست قووڵتر نییە و ڕەنگی ئاساییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ جیای دەکاتەوە. 27 کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم دەیبینێت، ئەگەر بە پێستدا تەشەنەی کردبێت، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی پێستە. 28 بەڵام ئەگەر لەکە بریقەدارەکە لە شوێنی خۆی مایەوە و لە پێست تەشەنەی نەکردبێت و ڕەنگی ئاسایی بوو، ئەوا ئاوسانی سووتانەکەیە، کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە، چونکە شوێنەواری سووتانەکەیە.

29 «هەروەها ئەگەر ئافرەتێک یان پیاوێک زامێک لە سەری یان لە چەناگەی هەبێت، 30 کاهینەکە زامەکەی پشکنی وا لە پێست قووڵترە و مووی زەردی وردی تێدایە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، ئەوە کەچەڵییە، ئەوە نەخۆشی گواستراوەی سەر یان چەناگەیە. 31 بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی تووشبوون بە کەچەڵییەکە لە پێست قووڵتر نییە، بەڵام مووی ڕەشی تێدا نییە، ئەوا کاهینەکە حەوت ڕۆژ کەسی تووشبوو جیا دەکاتەوە. 32 ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم کەچەڵییەکەی پشکنی، وا تەشەنەی نەکردووە و مووی زەردی تێدا نییە و کەچەڵییەکە لە پێست قووڵتر نییە، 33 با بتاشرێت، بەڵام کەچەڵییەکە نا، کاهینەکەش حەوت ڕۆژی دیکە کەسی تووشبوو جیا دەکاتەوە. 34 ئەگەر کاهینەکە لە ڕۆژی حەوتەم کەچەڵییەکەی پشکنی، وا کەچەڵییەکە لە پێستدا تەشەنەی نەکردووە و لە پێست قووڵتر نییە، ئەوا کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە کەسی تووشبوو پاکە، جا جلەکانی دەشوات و پاک دەبێت. 35 بەڵام ئەگەر کەچەڵییەکە لە پێستدا تەشەنەی کردبێت لەدوای ئەوەی ڕاگەیەنرا کە پاکە، 36 کاهینەکەش پشکنی وا کەچەڵییەکە لە پێست تەشەنەی کردووە، ئەوا کاهینەکە لەدوای مووی زەرد ناگەڕێت، ئەوە گڵاوە. 37 بەڵام ئەگەر وەک خۆی مایەوە و مووی ڕەشی تێدا ڕوا، ئەوا کەچەڵییەکە چاک بووەتەوە، ئەوە پاکە و کاهینەکە ڕایدەگەیەنێت کە پاکە.

38 «ئەگەر پیاوێک یان ئافرەتێک لە پێستیدا لەکەی سپی هەبوو، 39 کاهینەکەش پشکنی ئەوا لە پێستی لەشی لەکەی ڕەنگ ئاسایی سپی هەیە، ئەوە لیری بێ زیانە، لە پێستدا تەشەنەی کردووە، ئەوا کەسەکە پاکە.

40 «ئەگەر کەسێک مووی سەری ڕووتایەوە، ئەوە کەچەڵە، ئەو پاکە. 41 ئەگەر مووی سەری لەلای پێشەوە ڕووتایەوە، ئەوە سەر ڕووتاوە، ئەو پاکە. 42 بەڵام ئەگەر لە کەچەڵییەکە یان ڕووتاوییەکە لەکەی سپی سوورباو هەبوو، ئەوا نەخۆشی گواستراوەیە و لە کەچەڵییەکەی یان ڕووتاوییەکەی تەشەنەی کردووە. 43 ئەگەر کاهینەکە ئەوەی پشکنی و بینی وا ئاوساوی تووشبوونەکە سپی سوورباوە لە کەچەڵییەکەی یان لە ڕووتاوییەکەی وەک نەخۆشی گواستراوەی پێست، 44 ئەوە کەسێکی نەخۆش و گڵاوە. کاهینەکەش ڕایدەگەیەنێت کە گڵاوە، سەری تووش بووە.

45 «ئەو کەسە تووش بووە، جلی دڕاو لەبەر دەکات و سەری دانەپۆشراو دەبێت و سمێڵی دادەپۆشێت و هاوار دەکات: ”گڵاو! گڵاو!“ 46 هەموو ئەو ڕۆژانەی نەخۆشییەکەی پێوەیە گڵاو دەبێت، گڵاوە و بە تەنها دەژیێت، دەرەوەی ئۆردوگا دەبێتە جێی مانەوەی.

ڕێنمایی سەبارەت بە کەڕوولێدان

47 «بەڵام ئەگەر جلوبەرگێک کەڕوو لێی دابوو، جلوبەرگی خوری یان کەتان، 48 ئەوەی ڕستراو بێت یان چنراو، لە کەتان و لە خوری، یان لە چەرم[b]، یان لە هەر دروستکراوێک لە چەرم، 49 لێدانەکەش[c] سەوزباو یان سوورباو بوو، لە جلەکە یان لە چەرمەکە، لە ڕستراو یان لە چنراو یان لە هەر شتێک لە چەرم بێت، ئەوە لێدانی کەڕووە، جا پیشانی کاهین دەدرێت. 50 کاهینەکەش کەڕووەکە دەپشکنێت و لێدراوە تووشبووەکە حەوت ڕۆژ جیا دەکاتەوە. 51 جا کە لە ڕۆژی حەوتەم لێدانەکەی پشکنی وا لە جلەکە بڵاوبووەتەوە، لە ڕستراو یان لە چنراو یان لە چەرم، لە هەموو ئەوانەی لە چەرم دروستدەکرێت بۆ بەکارهێنان، ئەوا لێدانەکە کەڕووە و زیان بەخشە، گڵاوە. 52 جا جلەکە یان ڕستراوەکە یان چنراوەکە لە خوری بێت یان کەتان یان لە هەر شتێکی چەرم دەیسووتێنێت، ئەوەی لێدانەکەی تێدایە، چونکە کەڕووی زیان بەخشە بە ئاگر دەسووتێنرێ.

53 «بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی وا کەڕووەکە لە جلەکە یان ڕستراوەکە یان چنراوەکە یان شتە چەرمەکە بڵاونەبووەتەوە، 54 ئەوا کاهینەکە فەرمان دەدات ئەوەی لێدانەکەی تێدایە بشۆن و حەوت ڕۆژی دیکە جیای دەکاتەوە. 55 ئەگەر کاهینەکە دوای شوشتنی لێدانەکە پشکنی کەڕووەکە دیمەنی نەگۆڕاوە و بڵاونەبووەتەوە، ئەوا گڵاوە. دەبێت بە ئاگر بیسووتێنیت، جا لەناوەوەی بێت یان لە دەرەوەی. 56 بەڵام ئەگەر کاهینەکە پشکنی شوێنی کەڕووەکە ڕەنگی ئاساییە پاش شوشتنی، ئەوا لە جلەکە یان چەرمەکە، ڕستراوەکە یان چنراوەکە دەیدڕێنێت. 57 بەڵام ئەگەر لە جلەکە، لە ڕستراوەکە یان چنراوەکە یان لە شتە چەرمەکە دەرکەوتەوە، ئەوا بڵاوبووەتەوە، ئەوەی کەڕووەکەی تێدایە بە ئاگر دەیسووتێنێت. 58 بەڵام هەر جلێک، ڕستراو یان چنراو، یان شتێکی چەرم، ئەوەی دەیشۆیت و کەڕووەکەی تێدا نامێنێت، ئەوا دووبارە دەشۆردرێتەوە و پاک دەبێتەوە.»

59 ئەوانە ڕێنماییەکان بوون دەربارەی کەڕوولێدان، لە جلی خوری یان لە کەتان، لە ڕستراو یان لە چنراو یان هەر شتێکی چەرم، بۆ ڕاگەیاندن کە پاکە یان گڵاوە.

Footnotes

  1. 13‏:2 نەخۆشی گواستراوەی پێست: لە زمانی عیبری بە واتای گەڕوگولی و چەند نەخۆشییەکی جیاوازی پێست دێت.‏
  2. 13‏:48 چەرم: واتە پێستی خۆشکراو، شتومەکی لە چەرم دروستکراو.‏
  3. 13‏:49 بۆ ئەو شتانەی کە کەڕووی هەڵهێناوە، واتە پیس بوون.‏