Add parallel Print Page Options

پێشبینی وێرانبوونی پەرستگا

24 عیسا لە پەرستگا هاتە دەرەوە، هێشتا لە ڕێگا بوو کاتێک قوتابییەکانی لێی هاتنە پێشەوە تاکو سەرنجی بۆ تەلارەکانی پەرستگا ڕابکێشن. وەڵامی دایەوە: «هەموو ئەمانە دەبینن؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: لێرە بەردی بەسەر بەردیەوە نامێنێت کە نەڕووخێت.»

نیشانەکانی کۆتایی سەردەم

کاتێک لەسەر کێوی زەیتوون دانیشتبوو، قوتابییەکان بە تەنها هاتنە لای و گوتیان: «پێمان بفەرموو کەی ئەمە ڕوودەدات؟ نیشانەی هاتنەوەت و کۆتایی زەمان چییە؟»

عیسا وەڵامی دایەوە: «ئاگاداربن، کەس چەواشەتان نەکات، چونکە زۆر کەس بە ناوی منەوە دێن و دەڵێن ”من مەسیحم،“ زۆر کەس چەواشە دەکەن. جەنگ و هەواڵی جەنگیش دەبیستن، وریابن مەتۆقن، چونکە دەبێت ئەمە ڕووبدات، بەڵام هێشتا کۆتایی نییە. نەتەوە لە نەتەوە ڕاست دەبێتەوە و شانشین لە شانشین، قاتوقڕی و بوومەلەرزەش لە شوێنی جیاجیا دەبێت. بەڵام ئەمانە هەمووی سەرەتای ژانەکانن.

«ئینجا بۆ چەوسانەوە بە گرتنتان دەدەن و دەتانکوژن، هەموو نەتەوەکان لەبەر ناوی من ڕقیان لێتان دەبێتەوە. 10 ئەو کاتە زۆر کەس لەڕێ لادەدەن و یەکتری بە گرتن دەدەن و ڕقیان لە یەکتری دەبێتەوە. 11 زۆر پێغەمبەری درۆزن دەردەکەون، زۆر کەس چەواشە دەکەن. 12 لەبەر زۆربوونی سەرپێچی، خۆشەویستی زۆر کەس سارد دەبێتەوە. 13 بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆیدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. 14 ئەم مزگێنی پاشایەتییەش لە هەموو جیهاندا ڕادەگەیەنرێت، وەک شایەتییەک بۆ هەموو نەتەوەکان، ئینجا کۆتاییەکە دێت.

گەورەترین تەنگانە

15 «لەبەر ئەوە کاتێک دەبینن [قێزەونی وێرانکەر][a] لە شوێنی پیرۆزدا ڕاوەستاوە، ئەوەی پێغەمبەر دانیال باسی کردووە، با خوێنەر تێبگات، 16 ئینجا با ئەوانەی لە یەهودیان ڕاکەنە چیاکان، 17 ئەوەی لە سەربانە با نەیەتە خوارەوە تاکو شتەکانی لە ماڵەوە ببات. 18 هەروەها ئەوەی لە کێڵگەیە با نەگەڕێتەوە تاکو جلەکەی ببات. 19 لەو ڕۆژانەدا قوڕبەسەر دووگیان و شیردەران! 20 نوێژ بکەن با هەڵاتنتان لە زستان یان لە شەممەدا نەبێت، 21 چونکە لەو کاتەدا تەنگانەیەکی وا گەورە ڕوودەدات، لە سەرەتای جیهانەوە هەتا ئێستا ئاوا نەبووە و نابێت.

22 «ئەگەر ئەو ڕۆژانە کورت نەکرابوونایەوە، کەس ڕزگاری نەدەبوو. بەڵام لە پێناوی ئەوانەی هەڵبژێردراون، ئەو ڕۆژانە کورت دەکرێنەوە. 23 ئەگەر ئەو کاتە یەکێک پێی گوتن: ”ئەوەتا مەسیح لێرەیە!“ یان: ”ئەوەتا لەوێیە!“ باوەڕ مەکەن، 24 چونکە مەسیحە درۆزنەکان[b] و پێغەمبەرانی درۆزن دەردەکەون، نیشانەی گەورە و پەرجوو دەکەن، بە شێوەیەک ئەگەر بکرێ تەنانەت ئەوانەی هەڵبژێردراون چەواشە دەکەن. 25 ئەوەتا پێشوەخت پێم گوتن.

26 «لەبەر ئەوە ئەگەر پێیان گوتن: ”ئەوەتا لە چۆڵەوانییە!“ مەڕۆن، ”ئەوەتا لە ژوورەکانی ناوەوەیە!“ باوەڕ مەکەن، 27 چونکە وەک چۆن هەورەتریشقە دێت و ڕووناکی دەدات لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 28 کەلاک لەکوێ بێت، داڵ لەوێ کۆدەبێتەوە.

هاتنەوەی عیسا

29 «دەستبەجێ دوای تەنگانەی ئەو ڕۆژانە،

«[خۆر تاریک دەبێت، مانگ ڕووناکییەکەی نادات،
    ئەستێرەکان لە ئاسمان دەکەون،
تەنی ئاسمانی دەهەژێن.][c]

30 «لەو کاتە نیشانەی کوڕی مرۆڤ لە ئاسماندا دەردەکەوێت، ئەوسا هەموو نەتەوەکانی زەوی شیوەن دەگێڕن، کوڕی مرۆڤ دەبینن بەسەر هەوری ئاسماندا بە هێز و شکۆیەکی گەورەوە دێت.[d] 31 فریشتەکانی بە کەڕەنایەکی دەنگ بەرزەوە دەنێرێت، لە ئاراستەی هەر چوار بایەکە ئەوانە کۆدەکەنەوە کە هەڵبژێردراون، لەم سەری ئاسمانەوە تاکو ئەوسەری.

لە دار هەنجیرەوە پەند وەرگرن

32 «لە دار هەنجیرەوە پەند وەرگرن: کاتێک لقەکانی نەرم بوون و گەڵایان کرد، دەزانن هاوین نزیکە. 33 بە هەمان شێوە، ئێوەش کە هەموو ئەم شتانەتان بینی، بزانن نزیکە و لە بەردەرگایە. 34 ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەم نەوەیە بەسەرناچێت، هەتا هەموو ئەمانە نەیەنە دی. 35 ئاسمان و زەوی بەسەردەچن، بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن.

کەس ئەو کاتە نازانێت

36 «سەبارەت بەو ڕۆژ و کاتە کەس نایزانێت، نە فریشتەکانی ئاسمان و نە کوڕەکە، تەنها باوک نەبێت. 37 ڕۆژانی نوح چۆن بوو، هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 38 وەک چۆن لە ڕۆژانی پێش لافاوەکە دەیانخوارد و دەیانخواردەوە، ژنیان دەهێنا و مێردیان دەکرد، هەتا ئەو ڕۆژەی نوح چووە ناو کەشتییەکە، 39 کەس نەیدەزانی چی ڕوودەدات، هەتا لافاوەکە هات و هەمووی برد. هاتنەوەی کوڕی مرۆڤیش ئاوا دەبێت. 40 لەو کاتەدا دوو پیاو لە کێڵگە دەبن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت. 41 دوو ئافرەت دەستاڕ دەگێڕن، یەکیان دەبردرێت و ئەوی دیکە بەجێدەهێڵدرێت.

42 «لەبەر ئەوە ئێشک بگرن، چونکە نازانن لە چ ڕۆژێکدا گەورەتان مەسیح دێتەوە. 43 بەڵام ئەوەش بزانن: ئەگەر گەورەی ماڵ بزانێت لە چ کاتێکدا دز دێتە سەری، ئێشک دەگرێت و نایەڵێت ماڵەکەی ببڕدرێت. 44 کەواتە ئێوەش ئامادە بن، چونکە کوڕی مرۆڤ لە کاتێکدا دێتەوە کە بیری لێ ناکەنەوە.

نموونەی کۆیلەی دڵسۆز

45 «کەواتە ئەو کۆیلە دڵسۆز و ژیرە کێیە کە گەورەکەی کردوویەتی بە لێپرسراوی خزمەتکارانی دیکە تاکو لە کاتی خۆیدا خواردنیان بداتێ؟ 46 خۆزگە دەخوازرێت بەو کۆیلەیە کاتێک گەورەکەی دێتەوە دەبینێت ئاوا دەکات. 47 ڕاستیتان پێ دەڵێم: بەسەر هەموو ماڵەکەیەوە دایدەنێت. 48 بەڵام ئەگەر ئەو کۆیلەیە خراپ بێت و لە دڵی خۆیدا بڵێ: ”گەورەکەم دوادەکەوێت،“ 49 ئینجا دەست بکات بە لێدانی کۆیلە هاوکارەکانی و لەگەڵ سەرخۆشان بخوات و بخواتەوە. 50 ئەوسا گەورەی ئەو کۆیلەیە لە ڕۆژێکدا دێتەوە کە چاوەڕێی ناکات و لە کاتژمێرێک کە نایزانێت. 51 ئینجا پارچەپارچەی دەکات و بەشی لەگەڵ دووڕوواندا دادەنێت، جا لەوێ دەگریێت و جیڕەی ددانەکانی دێت.

Footnotes

  1. 24‏:15 دانیال 9‏:27؛ 11‏:31؛ 12‏:11‏‏
  2. 24‏:24 کەسانێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە مەسیحن.‏
  3. 24‏:29 ئیشایا 13‏:10؛ 34‏:4‏‏
  4. 24‏:30 دانیال 7‏:13‏‏