Add parallel Print Page Options

خێرکردن

«هۆشیار بن. نەکەن لەبەرچاوی خەڵک چاکە بکەن، بۆ ئەوەی بتانبینن. ئەگینا لەلای باوکی ئاسمانیتان پاداشتتان نابێت.

«لەبەر ئەوە کاتێک خێرێک دەکەیت، لەپێش خۆت زوڕنا لێمەدە وەک دووڕووان کە لە کەنیشت و سەر شەقامەکان دەیکەن، تاکو لەلایەن خەڵک ستایش بکرێن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. بەڵام تۆ کە خێرێک دەکەیت، مەهێڵە دەستی چەپت بزانێت دەستی ڕاستت چی دەکات، تاکو خێرەکەت بە نهێنی بێت. باوکیشت ئەو کارە دەبینێت کە بە نهێنی ئەنجام دراوە، پاداشتت دەداتەوە.

نوێژکردن

«کاتێک نوێژ دەکەن وەک دووڕووان مەبن، چونکە ئەوان حەز دەکەن بە پێوە لە کەنیشت و سووچی شەقامەکان نوێژ بکەن، تاکو بۆ خەڵک دیار بن. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. بەڵام تۆ کاتێک نوێژ دەکەیت، بڕۆ ژوورەکەت و دەرگا لەسەر خۆت دابخە، نوێژ بکە بۆ باوکی نەبینراوت. باوکیشت ئەو کارە دەبینێت کە بە نهێنی ئەنجام دراوە، پاداشتت دەداتەوە. کاتێک نوێژ دەکەن، وەک بتپەرستان ئەوەندە وشەکان دووبارە مەکەنەوە، چونکە وادەزانن بە زۆر گوتنیان گوێیان لێ دەگیرێت. لەبەر ئەوە وەک ئەوان مەبن، چونکە باوکتان دەزانێت پێویستیتان بە چییە، پێش ئەوەی داوای لێ بکەن.

«بەڵام ئێوە بەم شێوەیە نوێژ بکەن و بڵێن:

«”ئەی باوکمان لە ئاسمان،
با ناوت پیرۆز بێت،[a]
10 با پاشایەتییەکەت بێ[b]،
با خواستت لەسەر زەوی پەیڕەو بکرێت وەک لە ئاسمان.
11 نانی ڕۆژانەمان ئەمڕۆش بدەرێ.
12 لە گوناهەکانمان[c] خۆشبە،
    هەروەک ئێمەش لەوانە خۆشدەبین کە خراپەمان بەرامبەر دەکەن.
13 مەمانخەرە تاقیکردنەوە،
بەڵکو لە شەیتان[d] ڕزگارمان بکە.“

14 ئەگەر گەردنی خەڵکی لەبەر خراپەکانیان ئازاد بکەن، ئەوا باوکی ئاسمانیشتان لێتان خۆشدەبێت. 15 بەڵام ئەگەر گەردنی خەڵکی ئازاد نەکەن، ئەوا باوکیشتان لە گوناهەکانتان خۆش نابێت.

ڕۆژووگرتن

16 «کاتێک بەڕۆژوو دەبن، ڕووگرژ مەبن وەک دووڕووان، چونکە ڕوویان دەگۆڕن تاکو بۆ خەڵکی دەربخەن کە بەڕۆژوون. ڕاستیتان پێ دەڵێم: ئەوانە پاداشتی خۆیان وەرگرتووە. 17 بەڵام تۆ کە بەڕۆژوو دەبیت، سەرت چەور بکە و دەموچاوت بشۆ، 18 تاکو بۆ خەڵک دەرنەکەوێت کە بەڕۆژوویت، تەنها باوکی نەبینراوت نەبێت، باوکیشت ئەو کارە دەبینێت کە بە نهێنی ئەنجام دراوە، پاداشتت دەداتەوە.

گەنجینەی ڕاستەقینە

19 «لەسەر زەوی گەنجینە بۆ خۆتان کۆمەکەنەوە، لەوێ مۆرانە و ژەنگ لێی دەدەن، دز دەیبڕێت و دەیدزێت. 20 بەڵکو گەنجینە بۆ خۆتان لە ئاسمان کۆبکەنەوە، لەوێ مۆرانە و ژەنگ لێی نادەن، دزیش نایبڕێت و نایدزێت، 21 چونکە گەنجینەکەت لەکوێ بێت، دڵیشت لەوێ دەبێت.

22 «چاو چرای جەستەیە، ئەگەر چاوت ساغ بێت، ئەوا جەستەت هەمووی ڕووناکییە، 23 بەڵام ئەگەر چاوت خراپ بێت، ئەوا هەموو جەستەت تاریک دەبێت، لەبەر ئەوە ئەگەر ئەو ڕووناکییەی لە تۆدایە تاریکی بێت، ئاخۆ دەبێ تاریکی چۆن بێت!

24 «کەس ناتوانێت کۆیلایەتی دوو گەورە بکات، چونکە ڕقی لە یەکێکیان دەبێتەوە و ئەوەی دیکەی خۆشدەوێت، یان دەست بە یەکێکیانەوە دەگرێت و ئەوەی دیکە پشتگوێ دەخات. ئێوەش ناتوانن کۆیلەی خودا و پارە بن.

خودا خەممان دەخوات

25 «بۆیە پێتان دەڵێم: خەم بۆ ژیانتان مەخۆن کە چی بخۆن و چی بخۆنەوە؛ هەروەها بۆ جەستەتان کە چی بپۆشن. ئایا ژیان لە خواردن گرنگتر نییە؟ یان جەستە لە پۆشاک؟ 26 سەیری باڵندەی ئاسمان بکەن، نە تۆو دەکەن و نە دروێنە و نە لە ئەمبار کۆدەکەنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا باوکی ئاسمانیتان بەخێویان دەکات. ئایا ئێوە لەوان بەنرختر نین؟ 27 کێ لە ئێوە ئەگەر خەم بخوات، دەتوانێت یەک کاتژمێر لە تەمەنی خۆی زیاد بکات؟

28 «هەروەها بۆچی خەمی پۆشاکتانە؟ سەیری گوڵی کێوی بکەن چۆن گەشە دەکات، نە خۆی ماندوو دەکات و نە دەڕێسێت، 29 بەڵام پێتان دەڵێم: تەنانەت سلێمانیش لەوپەڕی شکۆمەندیدا وەک یەکێک لەوانەی نەپۆشیوە. 30 ئەی کەم باوەڕینە، ئەگەر خودا ئەو گیایەی کە ئەمڕۆ لە کێڵگەیە و بەیانی دەخرێتە تەنوورەوە بەو شێوەیە بپۆشێت، ئایا ئێوە زیاتر نین هەتا پۆشتەتان بکات! 31 جا خەم مەخۆن بڵێن ”چی بخۆین؟“ یان ”چی بخۆینەوە؟“ یان ”چی بپۆشین؟“ 32 چونکە بێباوەڕان هەوڵ بۆ هەموو ئەمانە دەدەن، باوکی ئاسمانیشتان دەزانێت پێویستیتان بە هەموو ئەوانە هەیە. 33 بەڵکو یەکەم جار داوای پاشایەتییەکەی خودا و ڕاستودروستییەکەی بکەن، هەموو ئەمانەتان بۆ زیاد دەبێت. 34 لەبەر ئەوە خەمی بەیانی مەخۆن، چونکە بەیانی خەمی خۆی دەخوات. هەر ڕۆژێک خراپی خۆی بەسە.

Footnotes

  1. 6‏:9 واتە شکۆدارکردنی ناوی خودا لەلایەن بەدیهێنراوانی.‏
  2. 6‏:10 بە واتای هاتنی پاشایەتی خودا لە ئاسمانەوە بۆ سەر زەوی.‏
  3. 6‏:12 یۆنانی: قەرزەکان.‏
  4. 6‏:13 یۆنانی: خراپەکارەکە.‏