Add parallel Print Page Options

پاکبوونەوەی نەخۆشی گولی

کاتێک عیسا لە چیاکە هاتە خوارەوە، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت. ئەوە بوو پیاوێک هات کە نەخۆشی گولی[a] هەبوو، کڕنۆشی بۆ برد و گوتی: «گەورەم، ئەگەر بتەوێت، دەتوانیت پاکم بکەیتەوە.»

عیساش دەستی بۆ درێژکرد و دەستی لێدا، فەرمووی: «دەمەوێت، پاک بەرەوە!» دەستبەجێ لە گولی پاک بووەوە. ئینجا عیسا پێی فەرموو: «ئاگاداربە، بە کەس مەڵێ، بەڵام بڕۆ خۆت بە کاهین پیشان بدە و ئەو قوربانییەی موسا فەرمانی کردووە بیکە، وەک شایەتییەک بۆیان.»

باوەڕی سەرپەلێک

کاتێک عیسا چوو بۆ کەفەرناحوم، سەرپەلێک[b] هاتە لای، لێی پاڕایەوە و گوتی: «گەورەم، خزمەتکارەکەم بە ئیفلیجی لە ماڵەوە کەوتووە و ئازارێکی زۆری هەیە.»

عیسا پێی فەرموو: «من دێم و چاکی دەکەمەوە.»

سەرپەلەکەش وەڵامی دایەوە: «گەورەم شایانی ئەوە نیم خۆت بێیتە ماڵەکەم، بەڵکو تەنها وشەیەک بفەرموو خزمەتکارەکەم چاکدەبێتەوە. منیش مرۆڤێکم لەژێر دەسەڵاتدام، سەربازیشم لەژێر دەستدایە. بەمە دەڵێم: ”بڕۆ،“ دەڕوات؛ بەوی دیکەش دەڵێم: ”وەرە،“ دێت؛ بە کۆیلەکەشم دەڵێم: ”ئەمە بکە،“ دەیکات.»

10 کاتێک عیسا گوێی لەمە بوو، سەرسام بوو، بەوانەی فەرموو کە دوای دەکەوتن: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، لە ئیسرائیلدا باوەڕێکی بەهێزی ئاوام نەدیوە. 11 پێتان دەڵێم کە خەڵکێکی زۆر لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواوە دێن و لەگەڵ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب لە شانشینی ئاسماندا لەسەر خوان دادەنیشن. 12 بەڵام ڕۆڵەکانی شانشین[c] فڕێدەدرێنە تاریکی دەرەوە، جا لەوێ دەگریێن و جیڕەی ددانیان دێت.»

13 ئینجا عیسا بە سەرپەلەکەی فەرموو: «بڕۆ! با هەروەک باوەڕت هێنا، بۆت ببێت.» جا لەو کاتەدا خزمەتکارەکەی چاک بووەوە.

چاککردنەوەی خەسووی پەترۆس

14 عیسا هاتە ماڵی پەترۆس، خەسووی پەترۆسی بینی کەوتووە، تای هەبوو. 15 عیسا دەستی لە دەستی دا و تایەکە بەریدا. ئەویش هەستا و دەستی بە خزمەتکردنیان کرد.

16 کاتێک ئێوارە داهات، زۆر کەسیان بۆ هێنا ڕۆحی پیسیان تێدابوو، ئەویش بە وشەیەک ڕۆحە پیسەکانی دەرکرد و هەموو نەخۆشەکانی چاککردەوە. 17 تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایا گوتراوە بێتە دی کە دەڵێ:

[ئەو دەردەکانی ئێمەی هەڵگرت و
    نەخۆشییەکانمانی برد.][d]

نرخی دوای عیسا کەوتن

18 کاتێک عیسا خەڵکێکی زۆری لە دەوری خۆی بینی، فەرمانی دا بپەڕنەوە ئەوبەری دەریاچەکە. 19 مامۆستایەکی تەورات هاتە لای، پێی گوت: «مامۆستا، بۆ کوێ بڕۆیت دوات دەکەوم.»

20 عیساش پێی فەرموو: «ڕێوی کونی هەیە و باڵندەی ئاسمانیش هێلانە، بەڵام کوڕی مرۆڤ[e] جێیەکی نییە سەری لێ دابنێت.»

21 یەکێکی دیکە لە قوتابییەکانی پێی گوت: «گەورەم، ڕێگام بدە یەکەم جار بچم باوکم بنێژم.»[f]

22 بەڵام عیسا پێی فەرموو: «دوام بکەوە، واز لە مردووان بهێنە با مردووەکانی خۆیان بنێژن.»

عیسا ڕەشەبا هێمن دەکاتەوە

23 کاتێک عیسا سواری بەلەمەکە بوو، قوتابییەکانی دوای کەوتن. 24 لەناکاو ڕەشەبایەکی بەهێز هەڵیکردە سەر دەریاچەکە، خەریک بوو شەپۆلەکان بەلەمەکە داپۆشن، بەڵام عیسا نوستبوو. 25 ئینجا قوتابییەکانی چوون و هەڵیانستاند، گوتیان: «گەورەم، ڕزگارمان بکە! وا لەناودەچین!»

26 ئەویش پێی فەرموون: «ئەی کەم باوەڕینە، بۆچی دەترسن؟» ئینجا هەستا، لە ڕەشەبا و دەریاچەکەی ڕاخوڕی، ئیتر بووە هێمنییەکی تەواو.

27 ئەوانیش سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە چ مرۆڤێکە؟ تەنانەت با و دەریاش گوێڕایەڵی دەبن!»

دەرکردنی ڕۆحی پیس

28 کاتێک عیسا گەیشتە ئەوبەر، لە هەرێمی گەدەرین، دوو کەسی تووشبوو ڕۆحی پیسیان تێدابوو، لە گۆڕستانەوە هاتبوونە دەرەوە. بە ڕادەیەک توندوتیژ بوون کە تەنانەت کەس نەیدەتوانی بەو ڕێگایەدا تێبپەڕێت. 29 هاواریان کرد و گوتیان: «چیت لێمان دەوێ، ئەی کوڕی خودا؟ ئایا پێش وەخت بۆ ئێرە هاتوویت، تاکو ئەشکەنجەمان بدەیت؟»

30 لە دووری ئەوانەوە ڕانە بەرازێکی گەورە دەلەوەڕان. 31 ڕۆحە پیسەکانیش لێی پاڕانەوە و گوتیان: «ئەگەر دەرماندەکەیت، بماننێرە ناو ڕانە بەرازەکە.»

32 ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن!» ئەوانیش هاتنە دەرەوە و چوونە ناو بەرازەکان، ئەوە بوو هەموو ڕانەکە بە خێرایی لە قەراغی شاخەکەوە بۆ ناو دەریاچەکە هەڵدێران و لە ئاوەکەدا خنکان. 33 بەرازەوانەکانیش ڕایانکرد بۆ ناو شار و هەموو شتێکیان گێڕایەوە، بگرە ئەو ڕووداوەشیان گێڕایەوە کە بەسەر ئەوانەدا هاتبوو کە ڕۆحی پیسیان تێدابوو. 34 ئەوە بوو شارەکە هەمووی بۆ بینینی عیسا هاتنە دەرەوە، کە بینییان، لێی پاڕانەوە لە ناوچەکەیان بچێتە دەرەوە.

Footnotes

  1. 8‏:2 گول: یۆنانی: لەپرۆس‏. تەنها واتای گولی نادات، بەڵکو بۆ چەندین نەخۆشی پێست بەکارهێنراوە.‏
  2. 8‏:5 وشە یۆنانییەکە مەبەست لە سەرکردەی سەد سەربازە لە سوپای ڕۆم.‏
  3. 8‏:12 مەبەستی لە خەڵکی جولەکەیە.‏
  4. 8‏:17 ئیشایا 53‏:4‏‏.‏
  5. 8‏:20 کوڕی مرۆڤ: مەسیح بەم نازناوە خۆی دەناسێنێت. بڕوانە دانیال 7‏:13‏-14.‏‏
  6. 8‏:21 مەبەستی ئەوەیە کە لەگەڵ باوکی بێت هەتا ئەو کاتەی دەمرێت.‏