Add parallel Print Page Options

عیسا دەدرێتە دەست پیلاتۆس

15 هەر بەیانی زوو، کاهینانی باڵا و پیران و مامۆستایانی تەورات و هەموو سەنهەدرین ڕاوێژیان کرد. عیسایان قۆڵبەست کرد و بردییان، دایانە دەست پیلاتۆس.

پیلاتۆس لێی پرسی: «تۆ پاشای جولەکەی؟» عیسا وەڵامی دایەوە: «تۆ دەڵێیت.»

کاهینانی باڵا سکاڵای زۆریان لێ دەکرد. پیلاتۆس لێی پرسییەوە: «ئایا هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ بزانە چەند سکاڵات لێدەکەن.»

بەڵام عیسا هیچ وەڵامی نەدایەوە، تاکو ئەوەی پیلاتۆس سەرسام بوو.

بڕیاری لەخاچدانی عیسا

لە هەر جەژنێکدا فەرمانڕەوا بەگوێرەی داواکاری خەڵکەکە بەندکراوێکی ئازاد دەکرد. پیاوێک بە ناوی باراباس لەگەڵ یاخیبووان گیرابوو، لە ڕاپەڕینەکە کوشتاریان کردبوو[a]. ئینجا خەڵکەکە هاتن و داوایان کرد ئەوەی هەمیشە دەیکرد بۆیان بکات.

پیلاتۆسیش لێی پرسین: «دەتانەوێ پاشای جولەکەتان بۆ ئازاد بکەم؟» 10 چونکە زانی کاهینانی باڵا لەبەر ئیرەیی عیسایان بە گرتن دابوو. 11 بەڵام کاهینانی باڵا خەڵکەکەیان جۆشدا کە باراباسیان بۆ ئازاد بکات.

12 پیلاتۆس دیسان لێی پرسین: «ئەی باشە حەز دەکەن چی لەوە بکەم کە پێی دەڵێن، ”پاشای جولەکە“؟»

13 هاواریان کرد: «لە خاچی بدە!»

14 پیلاتۆس لێی پرسین: «باشە چ خراپەیەکی کردووە؟» بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان کرد: «لە خاچی بدە!»

15 پیلاتۆسیش دەیویست خەڵکەکە ڕازی بکات، لەبەر ئەوە باراباسی بۆ ئازاد کردن، بەڵام فەرمانی دا کە عیسا بدرێتە بەر قامچی و پاشان لە خاچ بدرێت.

سەربازەکان گاڵتە بە عیسا دەکەن

16 سەربازەکان عیسایان بردە کۆشکەکە، کۆشکی فەرمانڕەوا و هەموو تیپەکەیان کۆکردەوە. 17 کەوایەکی ئەرخەوانییان لەبەرکرد، تاجێکیان لە دڕک هۆنییەوە و لەسەریان نا. 18 دەستیان بە سڵاو لێکردنی کرد، دەیانگوت: «سڵاو، ئەی پاشای جولەکە!» 19 بە قامیش لەسەریان دەدا و تفیان لێی دەکرد، چۆکیان دادەدا و لەبەردەمی کڕنۆشیان دەبرد. 20 کاتێک گاڵتەیان پێ کرد، کراسە ئەرخەوانییەکەیان لەبەردا داکەند و جلی خۆیان لەبەرکردەوە و بۆ لەخاچدان بردییانە دەرەوە.

مردنی عیسا و لەخاچدانی

21 ڕێبوارێک لە کێڵگە دەهاتەوە، ناوی شیمۆنی کورێنی[b] بوو، باوکی ئەسکەندەر و ڕوفوس، ناچاریان کرد خاچەکەی ئەو هەڵبگرێت. 22 ئینجا عیسایان بردە شوێنی گولگۆسا، واتە «شوێنی کاسەسەر». 23 شەرابی تێکەڵکراو بە موڕیان[c] بۆی ڕاگرت، بەڵام نەیخواردەوە. 24 لە خاچیان دا و کراسەکەیان دابەش کرد، تیروپشکیان لەسەر کرد، بۆ ئەوەی بزانن هەریەکەیان چی بەردەکەوێت.

25 کاتێک لە خاچیان دا کاتژمێر نۆ[d] بوو، 26 ناونیشانی تاوانەکەشی نووسرابوو: پاشای جولەکە. 27 دوو دزیشیان لەگەڵی لە خاچ دا، یەکێک لەلای ڕاستی و ئەوەی دیکەش لەلای چەپی. ⌟ 28 نووسراوە پیرۆزەکە هاتە دی کە دەڵێت: [لە ڕیزی تاوانباران دانرا.][e] 29 ئەوانەی بەوێدا تێدەپەڕین، جنێویان پێی دەدا و سەریان بادەدا، دەیانگوت: «ها! ئەی ڕووخێنەری پەرستگا و بنیادنەرەوەی بە سێ ڕۆژ، 30 خۆت ڕزگار بکە و لە خاچەکە دابەزە.»

31 بە هەمان شێوە کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات گاڵتەیان دەکرد و بە یەکتریان دەگوت: «خەڵکی دیکەی ڕزگار کرد، بەڵام ناتوانێ خۆی ڕزگار بکات! 32 با ئێستا مەسیحی پاشای ئیسرائیل لە خاچەکە دابەزێت، تاکو ببینین و باوەڕ بهێنین.» ئەوانەش کە لەگەڵی لە خاچ دەدران قسەیان پێ دەگوت.

33 بووە کاتژمێر دوازدە[f]، هەتا کاتژمێر سێ[g] تاریکایی بەسەر هەموو زەوییەوە بوو. 34 لە کاتژمێر سێ، عیسا بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «[ئێلی، ئێلی، لەما شەبەقتانی؟]» واتە، [خودای من، خودای من، بۆ وازت لێ هێنام؟][h]

35 هەندێک لە ئامادەبووان گوێیان لێبوو، گوتیان: «ئەوە بانگی ئەلیاس دەکات.»

36 یەکێک ڕایکرد و ئیسفەنجێکی لە سرکە هەڵکێشا و بەسەر قامیشێکەوە دایێ، گوتی: «لێگەڕێن، با بزانین ئەلیاس دێت دایبگرێت!»

37 عیساش بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و گیانی سپارد.

38 پەردەی پەرستگاش لە سەرەوە هەتا خوارەوە شەقبوو و بووە دوو پارچە. 39 ئەو سەرپەلەی[i] بەرامبەر عیسا ڕاوەستابوو، گوێی لە هاواری بوو و بینی چۆن گیانی سپارد، گوتی: «بەڕاستی ئەم مرۆڤە کوڕی خودا بوو!»

40 چەند ژنێک لە دوورەوە تەماشایان دەکرد، لەنێوانیاندا مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوبی بچووک و یوسی و سالومە دەبینران. 41 ئەمانە لە جەلیلەوە دوای عیسا کەوتبوون و خزمەتیان دەکرد، زۆری دیکەش لەگەڵی هاتبوونە ئۆرشەلیم.

ناشتنی عیسا

42 ئێوارە داهات، ڕۆژی خۆ ئامادەکردن بوو، واتە ڕۆژی پێش شەممە، 43 یوسفی خەڵکی ڕامە ئەندامێکی بەرزی ئەنجومەن بوو، ئەویش چاوەڕێی شانشینی خودای دەکرد، وێرای و چوو بۆ لای پیلاتۆس و داوای تەرمەکەی عیسای کرد. 44 پیلاتۆس سەرسام بوو ئاوا بە زوویی عیسا مردووە، سەرپەلەکەی بانگکرد و لێی پرسی ئاخۆ دەمێکە مردووە. 45 کاتێک لە سەرپەلەکەوە زانی، تەرمەکەی دایە یوسف. 46 ئەویش کەتانی کڕی، دایگرت و بە کەتان کفنی کرد، لە گۆڕێکدا ناشتی کە لە بەرد هەڵکەنرا بوو. ئینجا بەردێکی گلۆر کردەوە سەر دەرگای گۆڕەکە. 47 مریەمی مەجدەلی و مریەمی دایکی یاقوب، بینییان لەکوێ نێژرا.

Footnotes

  1. 15‏:7 لەو سەردەمە یاخیبووان لە دژی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی ڕاپەڕینێکیان ئەنجام دابوو.‏
  2. 15‏:21 گەورەترین شار لە وڵاتی لیبیا لەم سەردەمەدا.‏
  3. 15‏:23 موڕ: بۆنێک بووە بۆ کەمکردنەوەی ئازار تێکەڵ بە شەراب کراوە.‏
  4. 15‏:25 یۆنانی: کاتژمێری سێیەم.‏
  5. 15‏:28 ئیشایا 53‏:12‏‏.‏
  6. 15‏:33 یۆنانی: کاتژمێری شەشەم.‏
  7. 15‏:33 یۆنانی: کاتژمێری نۆیەم.‏
  8. 15‏:34 زەبوورەکان 22‏:1‏‏
  9. 15‏:39 وشە یۆنانییەکە مەبەست لە سەرکردەی سەد سەربازە لە سوپای ڕۆم.‏