Add parallel Print Page Options

نموونەی جوتیارێک

دیسان عیسا لە کەناری دەریاچەی جەلیل دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، خەڵکێکی ئێجگار زۆر لێی کۆبووەوە، تاکو وای لێهات چووە ناو بەلەمێکی ناو ئاوەکە دانیشێت، هەموو خەڵکەکەش لە نزیک ئاوەکە لەسەر وشکانی بوون. بە نموونە زۆر شتی فێرکردن، لە فێرکردنەکەیدا پێیانی فەرموو: «گوێ بگرن، جوتیارێک چووە دەرەوە تۆو بکات. کە تۆوی دەوەشاند، هەندێکی کەوتنە سەر ڕێگا، باڵندەش هاتن و خواردیانن. هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی بەردەڵان کە خۆڵی کەم بوو، خێرا سەریان دەرکرد، چونکە زەوییەکەی قووڵ نەبوو. بەڵام کە ڕۆژ هەڵهات سووتان و وشک بوون، چونکە ڕەگیان نەبوو. هەندێکیشیان کەوتنە نێو دڕکان، دڕکەکان گەورە بوون و خنکاندیانن و بەرهەمیان نەدا. هەندێکیش کەوتنە سەر زەوییەکی باش، ڕوان، گەشەیان کرد و بەرهەمیان دا، یەک بە سی و یەک بە شەست و یەک بە سەد.»

ئینجا فەرمووی: «ئەوەی گوێی بیستنی هەیە، با ببیستێت!»

10 کاتێک بە تەنها بوو، ئەوانەی لە دەوروپشتی بوون لەگەڵ دوازدەکە[a]، دەربارەی نموونەکە لێیان پرسی. 11 ئەویش پێی فەرموون: «نهێنی شانشینی خودا بە ئێوە دراوە، بەڵام ئەوانەی لە دەرەوەن هەموو شتێکیان بە نموونە پێ دەگوترێت، 12 بۆ ئەوەی

«[بە سەیرکردن سەیر بکەن، بەڵام نەبینن،
    بە بیستن ببیستن، بەڵام تێنەگەن،
نەوەک بگەڕێنەوە و ببەخشرێن!][b]»

13 ئینجا پێی فەرموون: «ئایا لەم نموونەیە تێنەگەیشتن؟ باشە چۆن لە هەموو نموونەکان تێدەگەن؟ 14 جوتیارەکە پەیامی خودا تۆو دەکات. 15 هەندێک کەس وەکو ئەو تۆوانەن کە دەکەونە سەر ڕێگاکە، کە پەیامەکەیان لێ تۆو دەکرێت، کاتێک دەیبیستن دەستبەجێ شەیتان دێت و ئەو پەیامەیە دەبات کە تێیاندا تۆوکراوە. 16 ئەوانەی تر کە لەسەر بەردەڵانەکە تۆوکران، ئەوانەن کە پەیامەکە دەبیستن و یەکسەر بە خۆشییەوە وەریدەگرن، 17 بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم دەمێنن چونکە ڕەگیان نییە، دواتر لەبەر پەیامەکە تووشی تەنگانە و چەوسانەوە دەبن، یەکسەر دەکەون. 18 ئەوانەی دیکە کە لەنێو دڕکەکاندا تۆوکران، ئەمانە ئەوەن کە پەیامەکە دەبیستن، 19 بەڵام خەمی ژیان و فریوخواردنی دەوڵەمەندی و ئارەزووی شتەکانی دیکە دێنە ناوەوە و پەیامەکە دەخنکێنن، ئیتر بێ بەرهەم دەبن. 20 ئەوانەی دیکە کە لەسەر زەوییەکی چاک تۆوکران، ئەوانەن کە پەیامەکە دەبیستن و وەریدەگرن و بەرهەم دەدەن، یەک بە سی و یەک بە شەست و یەک بە سەد.»

نموونەی چرا

21 ئینجا پێی فەرموون: «ئایا خەڵکی چرا هەڵدەکەن تاکو بیخەنە ژێر تەشت یان نوێنەوە؟ باشە لەسەر چرادان داینانێن؟ 22 چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت. 23 ئەگەر یەکێک گوێی هەیە بۆ بیستن، با ببیستێت.»

نموونەی پێوانە

24 هەروەها پێی فەرموون: «وردببنەوە لەوەی دەیبیستن. بەو پێوانەیەی ئێوە بۆ خەڵک دەیپێون، خودا بۆتان دەپێوێتەوە و زیاتریشتان دەداتێ، 25 چونکە ئەوەی هەیەتی، پێی دەدرێت، ئەوەش کە نییەتی، تەنانەت ئەوەی هەشیەتی لێی دەسەنرێتەوە.»

نموونەی گەشەکردنی تۆوێک

26 هەروەها فەرمووی: «شانشینی خودا لە مرۆڤێک دەچێت تۆو بوەشێنێتە سەر زەوی. 27 شەو دەخەوێت و ڕۆژ هەڵدەستێت، تۆوەکە سەر دەردەکات و گەشە دەکات، ئەویش نازانێت چۆن دەبێت. 28 زەوی لە خۆیەوە بەرهەم دەدات، یەکەم جار گیا، ئینجا گوڵەگەنم، پاشان لە گوڵەگەنمەکەدا گەنمی تەواو. 29 بەڵام کاتێک بەرەکە پێ دەگات، دەستبەجێ داسی لێ گیر دەکات، چونکە دروێنەی هاتووە.»

نموونەی دەنکە خەردەل

30 هەروەها فەرمووی: «شانشینی خودا لە چی دەچێت؟ بە چ نموونەیەک ڕوونی بکەینەوە؟ 31 شانشینی خودا وەک دەنکە خەردەلێکە[c]، کاتێک لەسەر زەوی تۆو دەکرێت، لە هەموو تۆوەکانی سەر زەوی بچووکترە. 32 کاتێک تۆو دەکرێت، گەشە دەکات و لە هەموو ڕووەکەکان گەورەتر دەبێت و لقی گەورە دەردەکات، بە شێوەیەک باڵندەی ئاسمان دەتوانن لەژێر سێبەریدا هێلانە بکەن.»

33 هەتا ئەو ئاستەی دەیانتوانی لێی تێبگەن، عیسا بە زۆر نموونەی لەو شێوەیە خەڵکی فێر دەکرد. 34 بەبێ نموونە قسەی بۆ نەدەکردن، بەڵام کاتێک بە تەنها دەبوو لەگەڵ قوتابییەکانی خۆی هەموو واتاکانی بۆ ڕوون دەکردنەوە.

هێمنکردنەوەی ڕەشەبا

35 لەو ڕۆژەدا، کاتێک ئێوارە داهات، پێی فەرموون: «با بپەڕینەوە ئەوبەر.» 36 ئەوانیش خەڵکەکەیان بەجێهێشت و وەکو خۆی بە بەلەمەکە بردیان، بەلەمی دیکەشی لەگەڵ بوو. 37 ئینجا ڕەشەبایەکی توند هەڵیکرد، شەپۆلەکان بە توندی لە بەلەمەکەیان دەدا، کە خەریک بوو پڕبێت لە ئاو. 38 عیسا لە دواوە سەری خستبووە سەر سەرینێک و خەوتبوو. هەڵیانساند و پێیان گوت: «مامۆستا، بەلاتەوە گرنگ نییە ئەگەر لەناوبچین؟»

39 ئەویش هەستا و لە ڕەشەباکەی ڕاخوڕی و بە دەریاچەکەی فەرموو: «بێدەنگ بە! هێمن بە!» ڕەشەباکە وەستا و بووە هێمنییەکی تەواو.

40 ئینجا پێی فەرموون: «بۆچی ئەوەندە دەترسن؟ هێشتا باوەڕتان نییە؟»

41 ئەوانیش تۆقین و بە یەکترییان دەگوت: «ئەمە کێیە؟ تەنانەت با و دەریاش گوێڕایەڵی دەبن!»

Footnotes

  1. 4‏:10 دوازدە قوتابییەکەی عیسا.‏
  2. 4‏:12 ئیشایا 6‏:9‏‏ و 10.‏
  3. 4‏:31 ڕووەکێکە لە وڵاتی فەلەستین دەڕوێت، بەرزییەکەی لە ماوەی ساڵێک لە ڕواندنی دەگاتە نزیکەی 3 بۆ 4 مەتر.‏