Add parallel Print Page Options

ڕێزنەگرتن لە عیسا

عیسا ئەوێی بەجێهێشت و گەڕایەوە شارەکەی خۆی، قوتابییەکانیشی دوای کەوتن. کە بووە شەممە، لە کەنیشتدا دەستی کرد بە فێرکردنی خەڵک، زۆر لەوانەی گوێیان لێی گرتبوو سەرسام بوون.

گوتیان: «ئەمە ئەمانەی لەکوێ بوو؟ ئەی ئەم داناییەی پێی دراوە و ئەم پەرجووانەی[a] لەسەر دەستی دەکرێن! ئەرێ ئەمە دارتاشەکەی کوڕی مریەم و براکەی یاقوب و یوسی و یەهوزا و شیمۆن نییە؟ خوشکەکانی لێرە لەلامان نین؟» جا ڕەتیان کردەوە.

بەڵام عیسا پێی فەرموون: «پێغەمبەر بێ ڕێز نییە، تەنها لە شار و لەنێوان خزم و لە ماڵی خۆی نەبێت.» ئیتر لەوێدا نەیتوانی هیچ پەرجووێک بکات، تەنها چەند نەخۆشێک نەبێت کە دەستی لەسەر دانان و چاکیکردنەوە. لە بێباوەڕی ئەوان سەری سوڕما. ئینجا بە گوندەکانی دەوروبەردا گەڕا و خەڵکی فێر دەکرد.

عیسا نێردراوەکانی دەنێرێت

ئینجا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دوو دوو دەستی بە ناردنیان کرد و دەسەڵاتی پێدان بەسەر ڕۆحە پیسەکان.

ڕایسپاردن کە بۆ ڕێگا هیچ نەبەن جگە لە گۆچانێک، نە نان و نە توورەکە و نە پارە بۆ بەر پشتێن. بەڵکو پێڵاو لە پێیان بێت و دوو کراس لەبەر نەکەن. 10 پێی فەرموون: «لە هەر شوێنێک چوونە ماڵێک، لەوێ بمێننەوە هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن. 11 ئەگەر لە هەر شوێنێکیش پێشوازییان لێ نەکردن و گوێیان لێ نەگرتن، لەوێ بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.»

12 ئەوانیش چوونە دەرەوە و جاڕی تۆبەکردنیان دا. 13 ڕۆحی پیسی زۆریان دەرکرد و زۆر نەخۆشیان بە ڕۆن چەورکرد و چاکیان کردنەوە.

کوشتنی حەزرەتی یەحیا

14 شا هێرۆدس ئەمەی بیست، چونکە ناوی عیسا دەنگیدایەوە و دەیانگوت: «یەحیای لەئاوهەڵکێش لەناو مردووان هەستاوەتەوە، لەبەر ئەوە کاری پەرجوو لەسەر دەستی ئەو دەکرێت.»

15 خەڵکی دیکە دەیانگوت: «ئەلیاسە.» هەندێکیش دەیانگوت: «پێغەمبەرێکە، وەک پێغەمبەرانی سەردەمی کۆن.»

16 بەڵام هێرۆدس کە بیستی، گوتی: «یەحیایە، ئەوەی سەرم بڕی، ئەوە هەستاوەتەوە!»

17 خودی هێرۆدس ناردبووی، لەبەر هێرۆدیای ژنی فیلیپۆسی برای، ئەوەی کە خواستبووی، یەحیای گرتبوو و لە زیندان بەستبوویەوە، 18 چونکە یەحیا بە هێرۆدسی دەگوت: «دروست نییە براژنەکەت بخوازیت.» 19 ئیتر هیرۆدیا زۆر ڕقی لێی دەبووەوە و دەیویست بیکوژێت، بەڵام نەیدەتوانی، 20 چونکە هێرۆدس لە یەحیا دەترسا، دەیزانی پیاوێکی ڕاستودروست و پیرۆزە، دەیپاراست. کاتێک گوێی لێ دەگرت زۆر دەشێوا، حەزیشی دەکرد گوێی لێ بگرێت.

21 دەرفەتێک ڕێککەوت، کاتێک هێرۆدس لە جەژنی لەدایکبوونی بۆ گەورە پیاوانی و فەرماندەکانی و ماقوڵانی جەلیل خوانی سازکرد. 22 کچی هیرۆدیا هاتە ژوورەوە و سەمای کرد. جا هێرۆدس و ئەوانەی لەگەڵی پاڵیاندابووەوە دڵخۆشی کردن.

پاشا بە کچەکەی گوت: «ئەوەی دەتەوێت لە منی داوا بکە، دەتدەمێ.» 23 سوێندیشی بۆ خوارد: «هەرچیم لێ داوا بکەیت دەتدەمێ، ئەگەر نیوەی شانشینەکەشم بێت.»

24 ئەویش چووە دەرەوە و بە دایکی گوت: «داوای چی بکەم؟» گوتی: «سەری یەحیای لەئاوهەڵکێش.»

25 دەستبەجێ و بە پەلە هاتە ژوورەوە بۆ لای پاشا، داوای کرد و گوتی: «دەمەوێت ئێستا سەری یەحیای لەئاوهەڵکێشم لەسەر سینییەک بدەیتێ.»

26 پاشا زۆر دڵگران بوو. بەڵام لەبەر سوێندەکان و ئەوانەی لەگەڵی لەسەر خوان بوون، نەیویست ڕەتی بکاتەوە. 27 پاشا یەکسەر پیاوکوژی نارد و فەرمانی دا سەری بهێنێت. ئەویش چوو و لە زیندان سەری بڕی، 28 لەسەر سینییەک سەری ئەوی هێنا و دایە کچەکە، کچەش دای بە دایکی. 29 قوتابییەکانی بیستیان، هاتن تەرمەکەیان هەڵگرت و لە گۆڕێکدا ناشتیان.

تێربوونی پێنج هەزار کەس

30 نێردراوان لە عیسا کۆبوونەوە، هەموو ئەوەی کردبوویان و فێریان کردبوو بۆیان گێڕایەوە. 31 ئەویش پێی فەرموون: «هەر خۆتان وەرنە شوێنێکی چۆڵ کەمێک پشوو بدەن.» لەبەر ئەوەی ئەوانەی دەهاتن و دەچوون زۆر بوون، دەرفەتی نان خواردنیان نەبوو.

32 ئیتر هەر خۆیان بە بەلەم چوونە شوێنێکی چۆڵ. 33 بەڵام خەڵکێکی زۆر ئەوانیان لە کاتی ڕۆیشتندا بینی و ناسیاننەوە، لە هەموو شارەکانەوە پێکەوە بە پێ بەرەو ئەوێ ڕایاندەکرد و پێشیان کەوتن. 34 کاتێک عیسا لە بەلەم دابەزی، خەڵکێکی ئێجگار زۆری بینی و دڵی پێیان سووتا، چونکە وەک مەڕی بێ شوان وابوون. دەستی پێکرد زۆر شتی فێرکردن.

35 کاتێک درەنگ داهات، قوتابییەکانی هاتنە لای، گوتیان: «ئەم شوێنە چۆڵە و ئێستا کاتیش درەنگە. 36 بەڕێیان بکە، تاکو بچنە ئەم کێڵگە و گوندانەی دەوروبەر خواردن بۆ خۆیان بکڕن.»

37 بەڵام وەڵامی دانەوە: «ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.» پێیان گوت: «ئایا بچین بایی دوو سەد دینار[b] نانیان بۆ بکڕین و بیاندەینێ، تاکو بیخۆن؟»

38 ئەویش پێی فەرموون: «بڕۆن بزانن چەند نانتان هەیە.» کە زانییان گوتیان: «پێنج نان لەگەڵ دوو ماسی.»

39 ئینجا فەرمانی پێدان خەڵکەکە کۆمەڵ کۆمەڵ لەسەر سەوزە گیا دابنیشێنن. 40 بە کۆمەڵ دانیشتن، سەد سەد و پەنجا پەنجا. 41 ئینجا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی کرد و نانەکانی لەتکرد و دایە قوتابییەکانی تاکو لەبەردەمیان دایبنێن، دوو ماسییەکەشی بەسەر هەموویان دابەش کرد. 42 هەموو خواردیان و تێر بوون. 43 پاشان دوازدە سەبەتەی پڕ لە پەلکەنان و ماسییان هەڵگرتەوە. 44 ئەوانەی لە نانەکەیان خوارد پێنج هەزار پیاو بوون.

عیسا بەسەر ئاودا دەڕوات

45 دەستبەجێ عیسا قوتابییەکانی ناچار کرد سواری بەلەمەکە بن و پێشی بکەون بۆ ئەوبەری دەریاچەکە، بۆ شارۆچکەی بێت‌سەیدا، تاکو خۆی خەڵکەکە بەڕێ دەکات. 46 کە خواحافیزی لێکردن، بۆ نوێژکردن چووە سەر شاخ.

47 کە ئێوارە داهات، بەلەمەکە لەناوەڕاستی دەریاچەکە بوو، عیساش بە تەنها لەسەر وشکانی بوو. 48 کە بینی قوتابییەکانی بەهۆی سەوڵ لێدانەوە ماندوون، چونکە بایەک پێچەوانەیان بوو، لە بەرەبەیان هاتە لایان، بەسەر دەریاچەکەدا ڕۆیشت و ویستی لێیان تێبپەڕێت. 49 بەڵام کاتێک بینییان بەسەر دەریاچەکەدا دەڕوات، وایانزانی دێوەزمەیە، جا هاواریان کرد، 50 چونکە هەموو بینییان و پەشۆکان.

ئەو دەستبەجێ قسەی لەگەڵ کردن: «ورەتان بەرز بێ! منم. مەترسن.» 51 ئینجا بۆ لایان سەرکەوتە ناو بەلەمەکە و بایەکە وەستا. جا بە تەواوی سەرسام بوون، 52 لەبەر ئەوەی لە پەرجووی نانەکان تێنەگەیشتن. دڵیان هەر ڕەق بوو.

عیسا نەخۆشی دیکە چاک دەکاتەوە

53 کاتێک پەڕینەوە، هاتنە خاکی جەنیسارەت و لەنگەریان گرت. 54 کاتێک لە بەلەمەکە دابەزین، خەڵک عیسایان ناسییەوە. 55 بە پەلە ڕۆیشتن و دەستیان کرد بە هێنانی نەخۆشەکانیان بەسەر نوێنەکانیانەوە بۆ هەر شوێنێک کە دەیانبیست عیسای لێیە. 56 بۆ هەر شوێنێک دەچوون، گوند، شار، کێڵگە، خەڵک نەخۆشەکانیان لە بازاڕ دادەنا و لێی دەپاڕانەوە کە تەنها دەست لە چمکی کراسەکەی بدەن. جا هەموو ئەوانەی دەستیان لێیدا چاکبوونەوە.

Footnotes

  1. 6‏:2 پەرجوو: موعجیزە.‏
  2. 6‏:37 دینارێک کرێی ڕۆژانەی کرێکارێک بوو.‏