Add parallel Print Page Options

دانپێدانانی گەل بە گوناهەکانیان

لە بیست و چواری ئەم مانگەدا نەوەی ئیسرائیل کۆبوونەوە، بە ڕۆژوو و جلوبەرگی گوش[a] و سەری تۆزاوییەوە. ئەوانەی لە ڕەچەڵەکی ئیسرائیل بوون لە هەموو ڕەچەڵەکە بێگانەکان جیا بوونەوە و ڕاوەستان و دانیان بە گوناهەکانی خۆیان و تاوانەکانی باوباپیرانیان نا. لە شوێنەکانی خۆیاندا ڕاوەستان و چارەکە ڕۆژێک لە پەڕتووکی تەوراتی یەزدانی پەروەردگاریان خوێندەوە، چارەکە ڕۆژێکیش دانیان بە گوناهەکانیان دەنا و کڕنۆشیان بۆ یەزدانی پەروەردگاریان دەبرد. لەسەر پێپلیکانەکە، لە لێڤییەکان، یێشوع، بانی، قەدمیێل، شەڤەنیا، بوننی، شێرێڤیا، بانی و کەنانی ڕاوەستان و بە دەنگێکی گەورە هاواریان بۆ یەزدانی پەروەردگاریان کرد. لە لێڤییەکان، یێشوع، قەدمیێل، بانی، حەشەڤنەیا، شێرێڤیا، هۆدیا، شەڤەنیا و پەتەحیا، گوتیان: «هەستن و ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن کە لە ئەزەلەوەیە و هەتاهەتایە.»

با ناوی شکۆدارت بەرەکەتدار بێت، بەرزە بەسەر هەموو بەرەکەت و ستایشێکەوە. تۆ خۆت بە تەنها یەزدانیت. تۆ ئاسمانت دروستکرد، ئاسمانی ئاسمانەکان و هەموو هێزەکانیان، زەوی و هەموو ئەوەی لەسەریەتی، دەریاکان و هەموو ئەوەی کە تێیاندایە. تۆ ژیان بە هەموویان دەدەیت و هێزەکانی ئاسمان کڕنۆشت بۆ دەبەن.

«تۆ یەزدانی پەروەردگاریت، کە ئەبرامت هەڵبژارد و لە ئووری کلدانییەکانەوە دەرتهێنا و ناوت نا ئیبراهیم. بینیت لەبەردەمی تۆ دڵسۆزە، پەیمانت لەگەڵی بەست، کە خاکی کەنعانی و حیتی و ئەموری و پریزی و یەبوسی و گرگاشییەکانی بدەیتێ، بیدەیتە نەوەکەی، ئینجا بەڵێنەکەی خۆتت هێنایە دی، چونکە تۆ ڕاستودروستیت.

«تۆ زەلیلی باوباپیرانی ئێمەت لە میسر بینی و گوێت لە هاواریان بوو لەلای دەریای سوور[b]. 10 نیشانە و پەرجووت[c] لە دژی فیرعەون و هەموو کاربەدەستەکانی و گەلی خاکەکەی کرد، چونکە زانیت ئەوان زۆریان لێکردن. جا ناوێکت بۆ خۆت دروستکرد وەک ئەوەی ئەمڕۆ هەیە. 11 دەریاکەت لەبەردەمیاندا شەق کرد تاوەکو بەناو دەریاکە بەسەر وشکانیدا بپەڕینەوە، ڕاونەرانی ئەوانیشت فڕێدایە ناو قووڵاییەوە، وەک بەردێک لەناو ئاوە بەهێزەکان. 12 بە ڕۆژ بە ستوونی هەور ڕێت نیشان دان، بە شەویش بە ستوونی ئاگر، هەتا ئەو ڕێگایەیان بۆ ڕووناک بکەیتەوە کە پێیدا دەڕۆن.

13 «لەسەر شاخی سینا دابەزیت و لە ئاسمانەوە لەگەڵیاندا دوایت. حوکمە ڕێک و فێرکردنە ڕاست و فەرز و فەرمانە باشەکانت دانێ. 14 ڕۆژی شەممەی خۆتت پێ ناساندن، لەسەر دەستی موسای خزمەتکارت فەرمان و فەرز و فێرکردنەکانت دانێ. 15 لە برسیێتییاندا لە ئاسمانەوە نانت دانێ، لە تینووێتیشیاندا لە تاشەبەردەوە ئاوت بۆ دەرهێنان و پێت فەرموون: ”وەرنە ژوورەوە بۆ داگیرکردنی ئەم خاکە،“ ئەوەی سوێندت خوارد کە بیاندەیتێ.

16 «بەڵام ئەوان و باوباپیرانمان لەخۆبایی و کەللەڕەق بوون و گوێیان لە فەرمانەکانت نەگرت. 17 گوێگرتنیان ڕەتکردەوە و پەرجووەکانی تۆیان لە یاد کرد کە لەگەڵیاندا کردت، کەللەیان ڕەقکرد و لە یاخیبوونەکەیان سەرۆکیان دانا هەتا بگەڕێنەوە سەر کۆیلایەتییەکەیان. بەڵام تۆ خودایەکی لێبوردەی میهرەبان و بە بەزەییت، پشوودرێژیت، خۆشەویستی نەگۆڕت زۆرە. تۆ وازت لێ نەهێنان، 18 لەگەڵ ئەوەی پەیکەرێکی لەقاڵبدراوی گوێرەکەیان دروستکرد و گوتیان: ”ئەمە خوداوەندەکەمانە[d]، ئەوەی لە میسرەوە دەریهێناین!“ کاتێک سووکایەتییەکی گەورەیان کرد.

19 «بەڵام تۆ بە بەزەییە زۆرەکەت لە چۆڵەوانی وازت لێ نەهێنان، بە ڕۆژ ستوونە هەورەکە و بە شەویش ستوونە ئاگرەکە لەسەریان لا نەچوو بۆ ئەوەی ڕێگایان پیشان بدات، هەتا ئەو ڕێگایەی پێیدا دەڕۆن ڕووناکی بکاتەوە. 20 ڕۆحە چاکەکەی خۆشت پێدان بۆ فێرکردنیان و مەنی خۆتت لە دەمیان نەگرتەوە و ئاوت پێدان بۆ تینووێتییان. 21 چل ساڵ لە چۆڵەوانی بەخێوت کردن و لە هیچیان کەم نەبوو، جلەکانیان دانەڕزا و پێیەکانیان نەئاوسا.

22 «پاشایەتی و گەلانت پێدان بەسەر هەرێمەکاندا دابەشت کردن، خاکی سیحۆنی پاشای حەشبۆن، هەروەها خاکی عۆگی پاشای باشانیان داگیر کرد. 23 کوڕەکانی ئەوانت وەک ئەستێرەکانی ئاسمان زۆر کرد و ئەوانت هێنا ئەو خاکەی کە بە باوباپیرانیانت فەرموو: ”وەرنە ناوییەوە داگیری بکەن.“ 24 ئینجا کوڕان هاتن و دەستیان بەسەر خاکەکەدا گرت، تۆش کەنعانییەکانی دانیشتووانی خاکەکەت لەبەردەمیاندا زەلیل کرد، پاشاکانی و گەلەکانیت دایە دەست ئەوان، هەتا ئەوەیان پێ بکەن کە پێیان باشە. 25 چەند شارێکی قەڵابەند و زەوی بەپیتیان گرت، ماڵیان داگیر کرد کە پڕ بوو لە هەموو جۆرە شتێکی باش، بیرە هەڵکەنراوەکان و ڕەزەمێو و ڕەزی زەیتوون و داری بەرداری زۆر. ئینجا هەتا تێر و قەڵەو بوون خواردیان و چێژیان لە چاکەی زۆری تۆ وەرگرت.

26 «بەڵام یاخی بوون و لێت هەڵگەڕانەوە و فێرکردنەکانی تۆیان فڕێدایە پشتیانەوە. پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشت، ئەوانەی ئاگاداریان کردنەوە هەتا بیانگەڕێننەوە لای تۆ، سووکایەتییەکی گەورەیان ئەنجام دا. 27 ئیتر ئەوانت دایە دەست دوژمنەکانیان، ئەوانیش ستەمیان لێکردن. کاتێک لە تەنگانەدا بوون هاواریان بۆ کردیت، تۆش لە ئاسمانەوە گوێت لێ بوو، جا بەپێی بەزەییە زۆرەکەت چەند ڕزگارکەرێکت پێدان، کە لە دەست دوژمنانیان ڕزگاریان کردن.

28 «کاتێک حەسانەوە، گەڕانەوە بۆ ئەنجامدان خراپە لەبەردەمی تۆ، تۆش لەناو دەستی دوژمنەکانیان وازت لێ هێنان هەتا بەسەریاندا زاڵ بن، جا گەڕانەوە و هاواریان بۆت کرد، تۆش لە ئاسمانەوە گوێت لێ بوو، زۆر جار بەپێی بەزەییەکەت فریایان کەوتیت.

29 «ئاگادارت کردنەوە هەتا بیانگەڕێنیتەوە سەر فێرکردنەکانت. بەڵام ئەوان لەخۆبایی بوون و گوێیان لە فەرمانەکانت نەگرت و لە دژی حوکمەکانت گوناهیان کرد، ئەوانەی مرۆڤ کاریان پێ بکات پێیان دەژیێت. ئەوان کەللەڕەقانە پشتیان تێ کردیت و ملیان ڕەقکرد و گوێیان نەگرت. 30 لەگەڵیان ئارام بوویت و ساڵانێکی زۆر بە ڕۆحی خۆت و لە ڕێگەی پێغەمبەرەکانتەوە ئاگادارت کردنەوە، بەڵام گوێیان نەگرت، تۆش ئەوانت دایە دەستی گەلانی دراوسێ. 31 بەڵام لەبەر بەزەییە زۆرەکەت کۆتاییت پێ نەهێنان، وازت لێ نەهێنان، چونکە تۆ خودایەکی میهرەبان و بە بەزەییت.

32 «ئێستاش ئەی خودای ئێمە، خودای گەورە، ئەی پاڵەوان و ئەی سامناک، ئەی ئەوەی پەیمانی خۆشەویستییەکەت دەبەیتەسەر، با بەلاتەوە کەم نەبێت هەموو ئەو ناخۆشییانەی کە تووشمان بووە، تووشی پاشا و ڕابەرەکانمان بووە، تووشی کاهین و پێغەمبەرەکانمان بووە، تووشی باوباپیرانمان و هەموو گەلەکەت بووە، لە ماوەی پاشایەتی پاشاکانی ئاشورەوە هەتا ئەمڕۆ. 33 لە هەموو ئەوەی بەسەرمان هاتووە تۆ ڕاستودروستیت، چونکە تۆ دڵسۆزیت ئەنجام دا، ئێمەش خراپە. 34 پاشا و سەرکردە و کاهین و باوباپیرانمان کاریان بە فێرکردنەکەت نەکرد و گوێیان نەدایە فەرمان و ئاگادارکردنەوە توندەکانت کە پێت دان. 35 تەنانەت لە پاشایەتییەکەی خۆیان و لەو چاکە زۆرەی تۆ کە داتە ئەوان لەو خاکە فراوان و بەپیتەی کە خستتە بەردەمیان، خزمەتی تۆیان نەکرد و لە کردەوە خراپەکانیان نەگەڕانەوە.

36 «ئەمڕۆ ئێمە کۆیلەین ئەو خاکەش کە داوتە بە باوباپیرانی ئێمە هەتا لە بەروبووم و خێروبێرەکەی بخۆن، ئەوەتا ئێمە کۆیلەین لەسەری. 37 لەبەر گوناهەکانمان بەروبوومە زۆرەکەشی بۆ ئەو پاشایانەیە کە لەسەر ئێمەت داناوە، کە بەسەر خۆمان و ئاژەڵەکانماندا زاڵن، بەپێی ئارەزووی خۆیان. ئیتر ئێمە لە تەنگانەیەکی گەورەداین.

پەیمانی خەڵک

38 «لەبەر هەموو ئەمانە، ئێمە پەیمانێک دەبەستین و دەینووسینەوە، ڕابەر و لێڤی و کاهینەکانیشمان مۆری دەکەن.»

Footnotes

  1. 9‏:1 وەک هێمای تۆبەکردن جلوبەرگیان لە گوش دروستکردووە و لەبەریان کردووە.‏
  2. 9‏:9 عیبری سوف‏ واتە (زەل). دەشێت مەبەست لە دەریای سوف بێت، ئەو دەریایە بێت کە دەکەوێتە سەرووی باکووری کەنداوی سوێسی ئەمڕۆ، بەڵام لە دەقی یۆنانی پەیمانی نوێ هەر بە دەریای سوور نووسراوە. بڕوانە عیبرانییەکان 11‏:29‏‏.‏
  3. 9‏:10 پەرجوو: موعجیزە.‏
  4. 9‏:18 بڕوانە دەرچوون 32‏:4‏‏.‏