Add parallel Print Page Options

«بە براکانتان بڵێن: ”گەلی من،“ و بە خوشکەکانتان: ”بەر بەزەیی کەوتوو.“

سزادان و چاککردنەوەی ئیسرائیل

«سەرزەنشتی دایکتان بکەن، سەرزەنشتی بکەن،

    چونکە ئەو ژنی من نییە و
    منیش مێردی ئەو نیم.
بەدڕەوشتی لە ڕوخساری و
    ناپاکی لەنێوان مەمکەکانی داماڵێت.
ئەگینا ڕووتوقووتی دەکەمەوە،
    وەک ئەو ڕۆژە ڕایدەگرم کە تێیدا لەدایک بووە؛
وەک چۆڵەوانی لێ دەکەم،
    وەک خاکی وشکی لێ دەکەم،
    بە تینووێتی دەیمرێنم.
بەزەییم بە منداڵەکانیدا نایەتەوە،
    چونکە زۆڵن.
بێگومان دایکیان داوێنپیسی کردووە و
    بە بێ ئابڕوویی سکی پێیان پڕ بووە.
ئەو گوتی: ”دوای دۆستەکانم دەکەوم،
    ئەوانەی نان و ئاو،
    خوری و کەتان، زەیت و خواردنەوەم پێدەدەن.“
لەبەر ئەوە ڕێگاکەی بە دڕک پەرژین دەکەم،
    دیوارێک بە دەوریدا دروستدەکەم بۆ ئەوەی ڕێڕەوەکانی نەدۆزێتەوە.
دوای دۆستەکانی دەکەوێت و پێیان ناگات،
    بەدوایاندا دەگەڕێت و نایاندۆزێتەوە.
ئینجا دەڵێت:
    ”دەچم و وەک جاران دەگەڕێمەوە بۆ لای مێردەکەم،
    چونکە ئەو کاتم لە ئێستام باشتر بوو.“
ئەو دانی پێدا نەناوە ئەوە من بووم کە
    دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتم پێیداوە،
زێڕ و زیوم بۆی زیاد کردووە،
    بەڵام ئەوان بۆ بەعل بەکاریانهێنا.

«لەبەر ئەوە دەگەڕێمەوە و دانەوێڵەکەم لە کاتی خۆیدا دەبەمەوە،
    شەرابە تازەکەشم لە کاتی خۆیدا.
خوری و کەتانەکەم کە ڕووتییەکەی دادەپۆشن
    لەبەری دادەکەنم.
10 ئێستا شوێنی شەرمی
    لەبەرچاوی خۆشەویستەکانیدا دەردەخەم،
    کەسیش لە دەستم فریای ناکەوێت.
11 هەموو خۆشییەکانی ڕادەگرم:
    جەژن و سەرەمانگەکانی،
    شەممە و جەژنە دیاریکراوەکانی.
12 ڕەزەمێو و هەنجیرەکانی تێکدەدەم،
    کە گوتی: ”ئەوانە کرێیەکەی منن، خۆشەویستانم پێیان داوم.“
دەیانکەم بە دارستان و
    ئاژەڵی کێوی دەیانخوات.
13 لەسەر ئەو ڕۆژانەی سزای دەدەم
    کە بخووری بۆ بەعلەکان دەسووتاند،
بە خەزێم و خشڵەکانی خۆی دەڕازاندەوە،
    دوای خۆشەویستانی کەوت،
    بەڵام منی لەیاد کرد.»
            ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.

14 «لەبەر ئەوە بە زمانی شیرین
    دەیبەمە چۆڵەوانی و
    بە نەرمی قسەی لەگەڵدا دەکەم.
15 لەوێ ڕەزەمێوەکانی دەدەمەوە،
    دۆڵی عاخۆر[a] دەکەم بە دەرگای هیوا.
لەوێ وەک ڕۆژانی هەرزەکاری گۆرانی دەڵێت،
    وەک ڕۆژی سەرکەوتنی لە خاکی میسرەوە.»

16 یەزدان دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا دەبێت،
    پێم دەڵێیت: ”مێردەکەم“ و
    چیتر پێم ناڵێیت: ”گەورەم.“
17 ناوی بەعلەکان لە دەمی دادەماڵم و
    ئیتر ناویان ناهێنێت.
18 لەو ڕۆژەدا پەیمانێکیان بۆ دەبەستم
    لەگەڵ ئاژەڵی کێوی و باڵندەکانی ئاسمان و
    خشۆکەکانی زەوی.
کەوان و شمشێر و جەنگ
    لە خاکەکەدا بنبڕ دەکەم و
    وایان لێ دەکەم بە ئاسوودەیی پاڵ بکەون.
19 بۆ هەتاهەتایە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
    بە ڕاستودروستی و دادوەری،
    بە خۆشەویستی نەگۆڕ و بەزەیی بۆ خۆمت نیشان دەکەم.
20 بە دڵسۆزییەوە بۆ خۆم نیشانت دەکەم و
    دان بە یەزداندا دەنێیت.

21 «یەزدان دەفەرموێت:
    لەو ڕۆژەدا من کاردانەوەم دەبێت،
من کاردانەوەم بەرامبەر بە ئاسمان دەبێت و
    ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە زەوی دەبێت،
22 زەویش کاردانەوەی بەرامبەر بە دانەوێڵە و
    شەرابی نوێ و زەیت دەبێت،
    ئەوانیش کاردانەوەیان بەرامبەر بە یەزرەعیل[b] دەبێت.
23 لە خاکەکەدا بۆ خۆم دەیچێنم،
    بەزەییم دێتەوە بەوانەی کە فەرمووم ”بەزەییم پێیاندا نایەتەوە.“
ئەوانەی کە پێیان دەگوترا ”گەلی من نین“ پێیان دەڵێم: ”ئێوە گەلی منن.“
    ئەوانیش دەڵێن: ”تۆ خودای ئێمەیت.“»

Footnotes

  1. 2‏:15 (عاخۆر) وشەیەکی عیبرییە بە واتای تێکدان. بڕوانە یەشوع بەشی 7.‏
  2. 2‏:22 یەزرەعیل: ناوێکی عیبری واتە (خودا دەیچێنێت).‏