Add parallel Print Page Options

سوودی دانایی

ڕۆڵە، ئەگەر قسەکانم وەربگریت،
    فەرمانەکانم لەلای خۆت هەڵبگریت،
هەتا گوێ بدەیتە دانایی و
    دڵت بدەیتە تێگەیشتن،
ئەگەر بانگی پەیبردن بکەیت و
    دەنگ بۆ تێگەیشتن هەڵبڕیت،
ئەگەر وەک زیو داوات کرد و
    وەک خشڵی شاردراوە بەدوایدا گەڕایت،
ئەوسا لە واتای لەخواترسی دەگەیت و
    ناسینی خودا دەدۆزیتەوە.
چونکە یەزدان دانایی دەبەخشێت،
    زانیاری و تێگەیشتنیش لە دەمی ئەوە.
دانایی تەواو بۆ سەرڕاستەکان هەڵدەگرێت و
    قەڵغانە بۆ ئەوانەی ڕێگای تەواوەتی دەگرنەبەر،
بۆ چاودێری ڕێچکەی دادپەروەری و
    پاراستنی ڕێگای خۆشەویستانی.

ئینجا ڕاستودروستی و دادپەروەری و ڕاستەڕێیی تێدەگەیت،
    هەموو ڕێڕەوێکی چاک.
10 چونکە دانایی دێتە ناو دڵتەوە و
    زانیاریش دەبێتە خۆشی دەروونت.
11 سەلیقە دەتپارێزێت و
    تێگەیشتن چاودێریت دەکات.

12 بۆ فریاکەوتنت لە ڕێگای خراپە و
    لەو کەسەی قسەی خوار دەکات،
13 ئەوانەی ڕێچکەی ڕاستیان بەرداوە
    تاکو بە ڕێگای تاریکیدا بڕۆن،
14 ئەوانەی دڵخۆشن بە خراپەکردن،
    دڵشاد دەبن بە خواروخێچیێتی خراپە،
15 ئەوانەی ڕێچکەکانیان چەوتن،
    گەوجن لە ڕێڕەویان.

16 هەروەها بۆ فریاکەوتنتە لە ژنی بەدڕەوشت،
    لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس،
17 ئەوەی وازی لە مێردی گەنجییەتی هێناوە و
    پەیمانەکەی لەبەردەم خودای لەبیر کردووە.
18 چونکە ماڵەکەی بەرەو خوارەوە دەچێت بۆ مردن و
    ڕێڕەوەکانی بەرەو دنیای مردووانە.
19 هەموو ئەوانەی بچنە لای ناگەڕێنەوە و
    ناگەنە ڕێچکەی ژیان.

20 کەواتە بە ڕێگای پیاوچاکاندا بڕۆ و
    ڕێچکەی ڕاستودروستان بپارێزە.
21 چونکە سەرڕاستان لەسەر زەوی[a] نیشتەجێ دەبن و
    تەواوەکان تێیدا دەمێننەوە.
22 بەڵام خراپەکاران لەسەر زەوی دەبڕێنەوە و
    ناپاکانیش تێیدا ڕیشەکێش دەکرێن.

Footnotes

  1. 2‏:21 مەبەستی خاکی بەڵێنپێدراوە بە ئیبراهیم.‏