Add parallel Print Page Options

قسەی لەموئێلی پاشا

31 قسەی لەموئێلی پاشا، ئەو سروشەی کە دایکی فێری کرد:

چی ڕۆڵە؟ چی ڕۆڵەی هەناوم؟
    چی ڕۆڵەی نەزرەکانم؟
هێزت مەدە ژنان،
    ڕێگاکانیشت مەدە ژنانی لەناوبەری پاشایان.

ئەی لەموئێل، بۆ پاشایان نییە،
    بۆ پاشایان نییە شەراب بنۆشن،
    بۆ میرانیش نییە ئارەزووی ئارەق بکەن،
نەوەک بخۆنەوە و یاسا لەبیر بکەن،
    مافی ستەملێکراوان زەوت بکەن.
ئارەق بدە بەوەی لەناودەچێت،
    شەرابیش بەوانەی دەروونیان تاڵە.
با بخواتەوە و هەژارییەکەی لەبیر بکات،
    ئیتر ماندووبوونەکەی نایەتەوە یاد.

دەمت بکەرەوە بۆ لاڵ[a]،
    بۆ مافی هەموو دەربەدەران.
دەمت بکەرەوە و بە ڕاستودروستی دادوەری بکە،
    پارێزگاری لە مافی کڵۆڵان و نەداران بکە.

بەشی کۆتایی[b]: ژنی خانەدان

10 کێ ژنی خانەدانی دەست دەکەوێت؟
    نرخی لە یاقووت[c] گرانترە.
11 مێردەکەی بە تەواوی پشتی پێ دەبەستێت و
    لە هیچی کەم نابێت.
12 چاکەی بۆ دەکات نەک خراپە
    بە درێژایی ژیانی.
13 خوری و کەتان هەڵدەبژێرێت،
    بە دوو دەستی پەرۆشەوە ئیش دەکات.
14 وەک کەشتی بازرگان وایە،
    خۆراکی خۆی لە دوورەوە دەهێنێت.
15 هێشتا شەوە لە خەو هەڵدەستێت،
    خواردن بۆ ماڵەوە ئامادە دەکات و
    ئەرک بۆ کارەکەرەکان دیاری دەکات.
16 لە کێڵگەیەک ورد دەبێتەوە و دەیکڕێت،
    بە قازانجی دەستی ڕەزەمێوێک دەچێنێت.
17 ناوقەدی توند دەبەستێت و
    بازووی لێ هەڵدەکات.
18 دەبینێت بازرگانییەکەی چاکە،
    بە شەو چرای ناکوژێتەوە.
19 خوری بە بازوویەوە دەئاڵێنێت و
    تەشی لەناو لەپیدایە.
20 دەستەکانی بۆ کڵۆڵ دەکاتەوە و
    دەست درێژ دەکات بۆ نەداران.
21 ترسی ماڵەکەی نییە لە بەفر،
    چونکە هەموو ماڵەکەی بەرگی ئاڵیان[d] لەبەردایە.
22 چەرچەف بۆ نوێنەکەی دروستدەکات،
    کەتانی ناسک و ڕیسی ئەرخەوانی لەبەر دەکات.
23 مێردی لە دەروازەکانی شاردا ناسراوە،
    لەوێ لەگەڵ پیرانی شارەکە دادەنیشێت.
24 کراسی کەتان دروستدەکات و دەیفرۆشێت،
    پشتێن بۆ بازرگانان[e] دابین دەکات.
25 هێز و ڕێز بەرگی ئەون،
    پێدەکەنێت بۆ ڕۆژانی ئایندە.
26 دەمی بە دانایی دەکاتەوە و
    فێرکردنەکانی میهرەبانی لەسەر زمانییەتی.
27 چاودێری هاتوچۆی ماڵومنداڵەکەی دەکات،
    نانی تەمبەڵی ناخوات.
28 منداڵەکانی هەڵدەستن و خۆزگەی پێ دەخوازن،
    مێردەکەشی ستایشی دەکات:
29 «زۆر ژن خانەدان بوونە،
    بەڵام تۆ لە سەرووی هەموویانی.»
30 شۆخ و شەنگی فریودەرە و جوانی پووچە،
    بەڵام ئەو ئافرەتەی لە یەزدان بترسێت، ستایش دەکرێت.
31 بەری دەستی خۆی بدەنێ و
    با لە دەروازەکانی شاردا کردەوەکانی ستایشی بکەن.

Footnotes

  1. 31‏:8 مەبەست ئەو کەسانەیە کە ناوێرن و ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن.‏
  2. 31‏:10 هەر دێڕە هەڵبەستێک لە بەشی کۆتاییدا بە پیتێک دەستپێدەکات، بەپێی ڕیزبەندی ئەلفبێی عیبری.‏
  3. 31‏:10 یاقووت: گەوهەری سووری تۆخ.‏
  4. 31‏:21 بەرگی گەرم و ڕەنگ ئاڵ بووە، هەروەک لە کوردی پێی دەگوترێ قەستۆر یان پەستەک.‏
  5. 31‏:24 عیبری: کەنعانییەکان، بە مەبەستی بازرگانی گەڕۆک.‏