Add parallel Print Page Options

پەیمانی خەتەنەکردن

17 کاتێک ئەبرام تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو، یەزدان بۆ ئەبرام دەرکەوت و پێی فەرموو: «من خودای هەرە بە توانام. دۆستایەتی من بکە و بێ کەموکوڕی بە. پەیمانی خۆم لەنێوان خۆم و تۆدا دەبەستم و زۆر زۆرت دەکەم.»

ئەبرام خۆی بە زەویدا دا، خوداش پێی فەرموو: «لەلایەنی منەوە، ئەمەش پەیمانەکەمە لەگەڵ تۆ، تۆ دەبیتە باوکی چەندین نەتەوە. ئیتر لەمەودواش ناوت بە ئەبرام ناهێنرێت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیبراهیم، چونکە من تۆم کرد بە باوکی چەندین نەتەوە. زۆر زۆریش بەردارت دەکەم، پێم داویت ببیتە چەندین نەتەوە و چەندین پاشات لێ بکەوێتەوە. پەیمانی خۆم دەچەسپێنم لەنێوان خۆم و تۆ و نەوەی دوای خۆت لە نەوەکانیان، پەیمانێکی هەتاهەتایی، کە ببمە خودای تۆ و نەوەی دوای خۆت. ئەو خاکەی کۆچی تێدا دەکەیت، دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت، هەموو خاکی کەنعان، موڵکێکی هەتاهەتایی، منیش دەبمە خودایان.»

ئینجا خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «تۆش پەیمانەکەم بەجێدەهێنیت، خۆت و نەوەی دوای خۆت، لە نەوەکانیان. 10 ئەمەش پەیمانەکەمە کە بەجێی دەهێنن لەنێوان من و ئێوە و نەوەی دوای خۆت، هەموو نێرینەیەکتان خەتەنە دەکەن. 11 خۆتان خەتەنە دەکەن، ئەمەش دەبێتە نیشانەی پەیمانەکەی نێوان من و ئێوە. 12 هەموو نێرینەیەکی هەشت ڕۆژەش لە ئێوە دەبێت خەتەنە بکرێت، لە نەوەکانتان، ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە، یان ئەوەی بە زیو لە بیانی کڕاوە و نەوەی خۆت نییە. 13 دەبێت ئەوەی لە ماڵەکەت لەدایک بووە یان بە زیو کڕاوە بە تەواوی خەتەنە بکرێت، جا پەیمانەکەم لە ئێوەدا پەیمانێکی هەتاهەتایی دەبێت. 14 هەر نێرینەیەکی خەتەنە نەکراویش، کە خەتەنە نەکرابێت، ئەوە لە نەتەوەکەی دادەبڕێت، چونکە پەیمانی منی شکاندووە.»

15 هەروەها خودا بە ئیبراهیمی فەرموو: «سارای ژنیشت، ئیتر بە سارای ناوی مەهێنە، بەڵکو ناوی دەبێتە سارا. 16 بەرەکەتداری دەکەم و لەوەوە کوڕێکت پێ دەبەخشم. بەرەکەتداری دەکەم و چەندین نەتەوە و چەندین پاشای نەتەوەکان لەوەوە دەبن.»

17 ئیبراهیم بەسەر ڕوویدا کەوت و پێکەنی، لە دڵی خۆیدا گوتی: «ئایا پیاوێکی سەد ساڵە منداڵی دەبێت؟ ئایا سارا لە تەمەنی نەوەد ساڵیدا منداڵی دەبێت؟» 18 ئیبراهیم بە خودای گوت: «خۆزگە ئیسماعیل لەبەردەم بەرەکەتی تۆدا ژیان بەسەرببات.»

19 خوداش فەرمووی: «بەڵێ، بەڵام لە سارای ژنت کوڕێکت دەبێت، ناوی دەنێیت ئیسحاق. پەیمانی خۆمی لەگەڵدا دەچەسپێنم، پەیمانێکی هەتاهەتایی بۆ نەوەکەی دوای خۆی. 20 بۆ ئیسماعیلیش، گوێم لێت بوو، بێگومان بەرەکەتداری دەکەم، بەرداری دەکەم و زۆر زۆری دەکەم. دەبێتە باوکی دوازدە سەرۆک، دەیکەمە نەتەوەیەکی مەزن. 21 بەڵام پەیمانەکەم لەگەڵ ئیسحاقدا دەچەسپێنم، کە ساڵێکی دیکە ئەم کاتە سارا بۆ تۆی دەبێت.» 22 کاتێک خودا لە قسەکانی بووەوە لەگەڵ ئیبراهیم، لەلای ڕۆیشت و بەرزبووەوە.

23 لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم، ئیسماعیلی کوڕی و هەموو ئەوانەی لە ماڵەکەیدا لەدایک ببوون یان بە زیوی خۆی کڕابوون، هەموو نێرینەکانی ماڵەکەی خۆی هێنا و خەتەنەی کردن، وەک چۆن خودا پێی فەرموو بوو. 24 ئیبراهیم تەمەنی نەوەد و نۆ ساڵ بوو کاتێک خەتەنە کرا، 25 ئیسماعیلی کوڕیشی تەمەنی سێزدە ساڵان بوو کاتێک خەتەنە کرا. 26 لە هەمان ڕۆژدا ئیبراهیم و ئیسماعیلی کوڕی خەتەنە کران. 27 هەموو پیاوەکانی ماڵەکەی، ئەوانەی لە ماڵەکەی لەدایک ببوون و ئەوانەی لە بیانی بە زیو کڕدرابوون لەگەڵ ئەودا خەتەنە کران.