Add parallel Print Page Options

تاقیکردنەوەی ئیبراهیم

22 لەدوای ماوەیەک خودا ئیبراهیمی تاقیکردەوە. پێی فەرموو: «ئیبراهیم!»

ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»

ئینجا خودا فەرمووی: «کوڕەکەت، تاقانەکەت، ئەوەی کە خۆشت دەوێت، ئیسحاق، بیبە و بڕۆ خاکی مۆریا. لەوێ بیکە قوربانی سووتاندن، لەسەر یەکێک لە کێوەکان کە خۆم پێت دەڵێم.»

بۆ بەیانی ئیبراهیم زوو لە خەو هەستا و گوێدرێژەکەی کورتان کرد. لەگەڵ خۆیدا دووان لە خزمەتکارەکانی و ئیسحاقی کوڕی برد، داریشی بڕی بۆ قوربانی سووتاندن. ئینجا هەستا و بەرەو ئەو شوێنە چوو کە خودا پێی فەرمووبوو. لە ڕۆژی سێیەم ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و لە دوورەوە شوێنەکەی بەدی کرد. ئیتر ئیبراهیم بە دوو خزمەتکارەکەی گوت: «ئێوە لێرە لەگەڵ گوێدرێژەکە دانیشن، من و کوڕەکەش هەتا ئەوێ دەچین، کڕنۆش دەبەین و دەگەڕێینەوە لاتان.»

ئیبراهیم داری قوربانی سووتاندنەکەی هەڵگرت و خستییە سەر پشتی ئیسحاقی کوڕی، خۆشی ئاگر و چەقۆکەی هەڵگرت، هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن. ئیسحاق بە ئیبراهیمی باوکی گوت: «باوکە!»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «ها کوڕم؟»

ئیسحاق گوتی: «ئەوەتا ئاگرەکە و داری سووتاندنەکە، ئەی کوا بەرخەکە کە بۆ قوربانی سووتاندنەکەیە؟»

ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «خودا بۆ خۆی بەرخێک بۆ قوربانی سووتاندنەکە دابین دەکات، کوڕم.» ئیتر هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن.

کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی خودا پێی فەرمووبوو، ئیبراهیم قوربانگایەکی دروستکرد و دارەکانی لەسەر ڕێکخست، ئیسحاقی کوڕی بەستەوە و خستییە سەر قوربانگاکە لەسەر دارەکان. 10 ئیتر ئیبراهیم دەستی درێژکرد و چەقۆکەی هەڵگرت هەتا کوڕەکەی خۆی سەرببڕێت. 11 بەڵام فریشتەی یەزدان لە ئاسمانەوە بانگی کرد و گوتی: «ئیبراهیم! ئیبراهیم!»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.»

12 پێی گوت: «دەست بۆ کوڕەکە مەبە و هیچی لێ مەکە. ئێستا زانیم تۆ لە خودا دەترسیت، چونکە لە پێناوی من دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت.»

13 ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و بینی وا بەرانێک لەدوایەوە لەناو دەوەنەکە بە هەردوو قۆچی گیربووە. ئیبراهیم چوو و بەرانەکەی گرت و سەری خست، وەک قوربانی سووتاندن لە جیاتی کوڕەکەی. 14 ئیتر ئیبراهیم ئەو شوێنەی ناونا، «یەزدان دابینی دەکات». هەتا ئەمڕۆش دەگوترێت، «لەسەر کێوی یەزدان، دابین دەکرێت.»

15 فریشتەکەی یەزدان جارێکی دیکە لە ئاسمانەوە ئیبراهیمی بانگکرد و 16 گوتی: «یەزدان دەفەرموێت سوێندبێت بە خۆم، لەبەر ئەوەی تۆ ئەمەت کرد و دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت، 17 بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت وەک ژمارەی ئەستێرەکانی ئاسمان و وەک لمی سەر کەناری دەریا زۆر دەکەم. نەوەت دەبێتە میراتگری دەرگای دوژمنەکانی. 18 لە ڕێگەی نەوەی تۆشەوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن، چونکە تۆ گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەی من بوویت.»

19 ئینجا ئیبراهیم گەڕایەوە لای دوو خزمەتکارەکەی. ئیتر هەستان و پێکەوە چوونە بیری شابەع. ئیبراهیم لەلای بیری شابەع نیشتەجێ بوو.

کوڕانی ناحۆر

20 دوای ماوەیەک بە ئیبراهیم گوترا: «وا میلکەی براژنیشت چەند کوڕێکی بۆ ناحۆری برات بووە، 21 عوچ کە نۆبەرەکەیەتی و بووزی برای، هەروەها قەموئێلیش کە باوکی ئارامە. 22 هەروەها کەسەد و حەزۆ و پیلداش و یدلاف و بتوئێل.» 23 بتوئێلیش ڕڤقەی بوو. ئەم هەشتە لە میلکە بوون بۆ ناحۆری برای ئیبراهیم. 24 کەنیزەکەشی کە ناوی ڕەئوومە بوو، ئەویش تەڤەح و گەحەم و تەحەش و مەعکای بوو.