Add parallel Print Page Options

28 ئیسحاق یاقوبی بانگکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کرد، فەرمانی پێدا و پێی گوت: «لەگەڵ کچی کەنعانییەکان هاوسەرگیری مەکە. هەستە بڕۆ بۆ پەدان ئارام[a] بۆ ماڵی بتوئێلی باوکی دایکت، لەوێ لە کچەکانی لابانی برای دایکت ژنێک بۆ خۆت بخوازە. با خودای هەرە بە توانا بەرەکەتدار و بەردار و زۆرت بکات، هەتا ببیتە کۆمەڵێک گەل. بەرەکەتی ئیبراهیمت دەداتێ[b]، بۆ خۆت و نەوەکەت لەگەڵتدا، لەو زەوییەی ئێستا ئاوارەیت دەبیتە میراتگری، ئەوەی خودا دایە ئیبراهیم.» ئیتر ئیسحاق یاقوبی نارد، ئەویش چوو بۆ پەدان ئارام بۆ لای لابانی کوڕی بتوئێلی ئارامی، برای ڕڤقەی دایکی یاقوب و عیسۆ.

عیسۆش بینی ئیسحاق داوای بەرەکەتی بۆ یاقوب کرد و ناردییە پەدان ئارام هەتا لەوێ ژنێک بهێنێت، کاتێک داوای بەرەکەتی بۆ کرد و فەرمانی پێدا، پێی گوت: «لە کچانی کەنعان ژن نەخوازیت.» یاقوبیش گوێڕایەڵی دایک و باوکی بوو، چوو بۆ پەدان ئارام. عیسۆ بینی کە لەپێش چاوی ئیسحاقی باوکی، کچانی کەنعانیان بەدکردەوەن. ئینجا چوو بۆ لای ئیسماعیل و ماحەلەتی خوشکی نەبایۆتی کچی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمی خواست، بەسەر ژنەکانی دیکەیدا.

خەونی یاقوب لە بێت‌ئێل

10 یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت و بەرەو حەڕان ڕۆیشت. 11 ئیتر ڕێی کەوتە شوێنێک و لەوێ مایەوە، چونکە خۆر ئاواببوو. بەردێکیشی لە بەردەکانی ئەو شوێنە هێنا و خستییە ژێر سەری، لەو شوێنەدا ڕاکشا. 12 خەونێکی بینی، لەم خەونە پێپلیکانەیەک لەسەر زەوی ڕاگیراوە و سەریشی لە ئاسمان دەدات. بینی فریشتەکانی خوداش پێیدا سەردەکەون و دێنە خوارەوە. 13 وا یەزدان وەستاوە و دەفەرموێت: «من یەزدانم، خودای ئیبراهیمی باوکت و خودای ئیسحاق. ئەو زەوییەی لەسەری ڕاکشاویت دەیدەمە خۆت و نەوەکەت. 14 نەوەکەت وەک خۆڵی زەوی دەبێت، بەرەو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور بڵاو دەبیتەوە. هەموو هۆزەکانی زەویش لە ڕێگەی تۆ و نەوەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن. 15 من لەگەڵتدام و بۆ هەر لایەک بچیت دەتپارێزم، دەشتگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە، چونکە وازت لێ ناهێنم هەتا ئەوە ئەنجام نەدەم کە پێم فەرموویت.»

16 یاقوب لە خەونەکەی بەئاگا هات، گوتی: «بێگومان یەزدان لەم شوێنەیە، منیش نەمزانی!» 17 ترسیش دایگرت و گوتی: «ئەم شوێنە چەند ترسناکە! ئەمە هیچی دیکە نییە ماڵی خودا نەبێت، ئەمەش دەروازەی ئاسمانە.»

18 یاقوب بەیانی زوو لە خەو هەستا و ئەو بەردەی هێنا کە لەژێر سەری خۆی داینابوو بە ستوونی ڕاگیری کرد و زەیتی بەسەردا کرد. 19 ئەو شوێنەشی ناونا بێت‌ئێل[c]. بەڵام پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو.

20 یاقوب نەزرێکیشی نەزر کرد[d] و گوتی: «ئەگەر خودا لەگەڵ من بێت و لەم ڕێگایە بمپارێزێت کە پێیدا دەڕۆم و نانی دامێ بیخۆم و جلوبەرگیش بیپۆشم، 21 بە سەلامەتیش گەڕامەوە لای ماڵی باوکم، ئەوا یەزدان دەبێتە خودای من. 22 ئەم بەردەش کە بە ستوونی ڕاگیرم کردووە، دەبێتە ماڵی خودا[e] و هەرچییەکیشم پێ ببەخشیت ئەوا دەیەکی لێ دەبەخشم.»

Footnotes

  1. 28‏:2 ‏واتە باکووری ڕۆژئاوایی میسۆپۆتامیا.‏
  2. 28‏:4 مەبەست ئەو بەرەکەتەیە کە خودا دابوویە ئیبراهیم.‏
  3. 28‏:19 واتە ماڵی خودا. بڕوانە 12‏:8‏.‏
  4. 28‏:20 نەزر: داوا لە خودا دەکرێت بۆ ئەنجامدانی کارێک و پابەند دەکرێت بە مەرجێکەوە. ئەگەر خودا ئەو کارە بکات، ئەوا دەرئەنجام ئەمیش ئەو کارە ئەنجام دەدات کە پێیەوە پابەندی کردووە. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2.‏‏
  5. 28‏:22 شوێنی خواپەرستی.‏