Add parallel Print Page Options

30 کاتێک ڕاحێل بینی هیچ منداڵێکی بۆ یاقوب نەبوو، بەغیلی بە خوشکەکەی خۆی برد، بە یاقوبی گوت: «منداڵم پێبدە، ئەگینا دەمرم!»

تووڕەیی یاقوب لە ڕاحێل جۆشا، گوتی: «ئایا من لە جێی خودام کە لە بەرهەمی سک بێبەشی کردوویت؟»

ئەویش گوتی: «ئەوەتا بیلهەی کەنیزەم. لەگەڵی بنوو هەتا لەسەر چۆکم منداڵی ببێت، ئیتر لەوەوە منیش کوڕم دەبێت.»

جا بیلهەی کەنیزەی خۆی دایێ هەتا ببێتە ژنی. یاقوبیش لەگەڵی نوست. بیلهەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بۆ یاقوب بوو. ڕاحێل گوتی: «خودا پشتگیری لێکردم و گوێی لە داواکەم گرت، هەروەها گوێی لە دەنگم بوو، کوڕێکی دامێ.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا دان[a].

دیسان بیلهە، کەنیزەکەی ڕاحێل سکی کرد و کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو. ئینجا ڕاحێل گوتی: «بە زۆرانبازی خودا، زۆرانبازیم لەگەڵ خوشکەکەم کرد و بردیشمەوە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا نەفتالی.

کاتێک لێئە بینی وا لە سککردن وەستاوە، پەلی زیلپەی کەنیزەکەی خۆی گرت و دایە یاقوب هەتا ببێتە ژنی. 10 زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕێکی بۆ یاقوب بوو. 11 لێئە گوتی: «بە بەختەوەری!» ئیتر ناوی لێنا گاد.

12 زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو. 13 لێئەش گوتی: «بە خۆزگە پێخوازراویم! چونکە کچان خۆزگەم پێ دەخوازن.» ئیتر ناوی لێنا ئاشێر[b].

14 لە ڕۆژانی دروێنەی گەنمدا، ڕەئوبێن چوو هەندێک گیائادەمەی[c] لە کێڵگە بینییەوە و بۆ لێئەی دایکی هێنایەوە. ڕاحێلیش بە لێئەی گوت: «هەندێک لە گیائادەمەی کوڕەکەتم بدەرێ.»

15 بەڵام لێئە گوتی: «بە لاتەوە کەمە مێردەکەت بردووم؟ گیائادەمەی کوڕەکەشم دەبەیت؟»

ڕاحێلیش گوتی: «دەی باشە با لە جیاتی گیائادەمەی کوڕەکەت ئەمشەو لەگەڵ تۆ بنووێت.»

16 کاتێک یاقوب دەمەو ئێوارە لە کێڵگە گەڕایەوە، لێئە بۆ پێشوازیکردنی چووە دەرەوە و گوتی: «دێیتە لای خۆم، چونکە بە گیائادەمەی کوڕەکەم بە کرێم گرتوویت.» ئەویش ئەو شەوە لەگەڵی نوست.

17 خودا گوێی لە لێئە بوو، ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕی پێنجەمی بۆ یاقوب بوو. 18 ئینجا لێئە گوتی: «خودا پاداشتی ئەوەی دامەوە کە کەنیزەکەی خۆمم دایە پیاوەکەم.» ئیتر ناوی لێنا یەساخار[d].

19 دیسان لێئە سکی کرد و کوڕی شەشەمینی بۆ یاقوب بوو. 20 ئینجا لێئە گوتی: «خودا بە خەڵاتێکی باش خەڵاتی کردم. ئێستا مێردەکەم گوزەرانم لەگەڵ دەکات، چونکە شەش کوڕم بۆی بوو.» ناوی لە کوڕەکەش نا زەبولون.

21 دوای ئەمە کچێکیشی بوو، ناوی لێنا دینە.

22 خودا ڕاحێلی هاتەوە یاد[e]، خودا گوێی لە دەنگی بوو، منداڵدانی کردەوە. 23 ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو، گوتی: «خودا سووکایەتییەکەی لەسەر لابردم.» 24 ناوی لێنا یوسف، چونکە گوتی: «یەزدان کوڕێکی دیکەشم بۆ زیاد دەکات.»

مەڕی یاقوب زۆر دەبێت

25 لەدوای ئەوەی ڕاحێل یوسفی بوو، یاقوب بە لابانی گوت: «بمنێرەوە و دەگەڕێمەوە شوێن و زەوی خۆم. 26 ژنەکانم و منداڵەکانیشم بدە دەستم کە لە پێناویاندا خزمەتم کردوویت، ئیتر دەڕۆم. خۆشت دەزانیت ئەو خزمەتەی خزمەتم کردوویت.»

27 بەڵام لابان پێی گوت: «خۆزگە پەسەند دەبووم لەبەرچاوت. فاڵم گرتووەتەوە کە یەزدان لەبەر تۆ بەرەکەتداری کردووم.» 28 ئینجا گوتی: «کرێی خۆتم بۆ دیاری بکە تاکو پێت بدەم.»

29 یاقوبیش پێی گوت: «تۆ خۆت دەزانیت چەند خزمەتم کردوویت و مەڕوماڵاتەکەت لەلای من چۆن بووە، 30 چونکە پێش هاتنی من ئەوەی هەتبوو کەم بوو، دوای هاتنم زۆر پەرەی سەند و یەزدانیش بەرەکەتداری کردیت. بەڵام ئێستا کەی کار بۆ ماڵەکەی خۆشم بکەم؟»

31 ئەویش گوتی: «چیت بدەمێ؟»

یاقوبیش گوتی: «هیچم مەدەرێ، بەڵام ئەگەر تەنها ئەم کارەم لەگەڵ بکەیت، ئەوا سەرلەنوێ شوانی و پاسەوانی مەڕەکانت دەکەم. 32 ئەمڕۆ لێمگەڕێ بەناو هەموو مێگەلەکانتدا تێپەڕم، هەرچی مەڕ و بزنی خاڵدار و بەڵەک و هەرچی بەرخی ڕەش لەناویاندا هەیە جیای دەکەمەوە. ئەوانە کرێیەکەی من دەبن. 33 سبەینێش ڕاستودروستی من دەسەلمێنێت، کاتێک بۆ کرێیەکەم دێمە پێشت، هەرچی خاڵدار و بەڵەک نەبێت لەناو بزنەکان و ڕەش نەبێت لەناو بەرخەکان، لەلای من بە دزراو دادەنرێت.»

34 لابانیش گوتی: «باشە، تۆ چۆن دەڵێیت، با وابێت.» 35 هەر هەمان ڕۆژ هەموو تەگە[f] خەتدار و بەڵەکەکان و هەموو بزنە خاڵدار و بەڵەکەکانی جیا کردەوە، هەموو ئەوانەی سپیێتییان تێدا هەبوو، لەگەڵ هەموو ڕەشەکان لەنێوان بەرخەکان دایە دەست کوڕەکانی. 36 ئینجا ماوەی سێ ڕۆژە ڕێی خستە نێوان خۆی و یاقوبەوە، یاقوبیش شوانی پاشماوەی مەڕەکانی لابانی دەکرد.

37 یاقوب چڵی سەوزی لە دار بی و بادەم و چناری هێنا و خەتی سپی لەسەر کێشان، بە پاککردنەوەی توێکڵەکانیان لە شوێنی هێڵەکان و دەرخستنی سپیێتییەکەی ژێریان. 38 ئینجا چڵە پاککراوەکانی لەناو ئاخوڕەکانی ئاو خواردنەوە ڕاگرت، کە مەڕەکان بۆ ئاو خواردنەوە بۆی دەهاتن، بەرامبەر بە مەڕەکان، هەتا لە کاتی هاتنیان بۆ ئاو خواردنەوە بەتەگەبێن. 39 جا مەڕەکان لەلای چڵەکان پەڕین و مەڕەکان بەچکەی خەتدار و خاڵدار و بەڵەکیان بوو. 40 ئینجا یاقوب بەرخەکانی جیا کردەوە، بەڵام ڕووی مەڕەکانی لە خەتدارەکان و ڕەشەکان کرد لە مەڕەکانی لابان. بەم شێوە بۆ خۆی مێگەلی دانا و لەگەڵ مەڕەکانی لابان داینەنان. 41 ئەوە بوو هەر کاتێک مەڕە بەهێزەکان بە تەگە دەهاتن، یاقوب لەپێش چاویان چڵەکانی لەناو حەوزەکان دادەنا بۆ ئەوەی لەناو چڵەکان جووت ببن. 42 بەڵام کاتێک مەڕەکان لاواز دەبوون داینەدەنان، جا لاوازەکان بۆ لابان بوون و بەهێزەکانیش بۆ یاقوب. 43 ئینجا پیاوەکە زۆر بەرفراوان بوو، ئیتر مەڕی زۆری هەبوو، لەگەڵ کەنیزە و خزمەتکار و وشتر و گوێدرێژ.

Footnotes

  1. 30‏:6 دان لە عیبری بە واتای پشتگیری یان ئەستۆپاکی دێت لەلایەن دادوەرەوە.‏
  2. 30‏:13 ئاشێر لە عیبری بە واتای شاد دێت.‏
  3. 30‏:14 گیائادەمە: جۆرە ڕووەکێکە، وایاندەزانی یارمەتیت دەدات بۆ سکپڕبوون.‏
  4. 30‏:18 یەساخار لە وشەی (پاداشت) لە زمانی عیبری نزیکە.‏
  5. 30‏:22 بڕوانە 8‏:1‏.‏
  6. 30‏:35 نێری، سابرێن.‏