Add parallel Print Page Options

چاوپێکەوتنی یاقوب لەگەڵ عیسۆ

33 یاقوب چاوی هەڵبڕی و سەیری کرد وا عیسۆ و چوار سەد پیاوە دێن، ئیتر منداڵەکانی بەسەر لێئە و ڕاحێل و هەردوو کەنیزەکەیدا دابەش کرد. هەردوو کەنیزەکەی و منداڵەکانیانی خستە پێشەوە، ئینجا لێئە و منداڵەکانی لە پشتیانەوە، ڕاحێل و یوسفیشی خستە دواوە. خۆشی پێشیان کەوت، هەتا لە براکەی نزیک بووەوە حەوت جار کڕنۆشی برد.

بەڵام عیسۆ بە ڕاکردن بەرەو ڕووی یاقوب هات و باوەشی پێداکرد، ماچی کرد و پێکەوە گریان. ئینجا عیسۆ سەری هەڵبڕی و چاوی بە ژن و منداڵەکان کەوت، پرسی: «ئەمانە چی تۆن؟»

یاقوبیش گوتی: «ئەو منداڵانەن کە نیعمەتی خودان بۆ خزمەتکارەکەت.»

ئیتر هەردوو کەنیزەکە و منداڵەکانیان هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، دوای ئەوان لێئە و منداڵەکانی هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد، پاشان یوسف و ڕاحێلیش هاتنە پێشەوە و کڕنۆشیان برد.

عیسۆ لە یاقوبی پرسی: «ئەو هەمووەی پێم گەیشتن بۆ چیت بوو؟»

ئەویش گوتی: «بۆ ئەوەی لەبەرچاوت پەسەند بم، گەورەم.»

بەڵام عیسۆ گوتی: «برام من زۆرم هەیە، ئەوەی هەتە بۆ خۆت هەڵیبگرە.»

10 یاقوب گوتی: «نا، ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم، ئەوا دیارییەکەم لە دەست وەردەگریت، کە ڕووی تۆم بینی وەک ڕووی خودام بینی بێت وابوو، لێشم ڕازی بوویت. 11 دیارییەکەشم وەربگرە کە بۆت هێنراوە، خودا لەگەڵم میهرەبان بووە و هەموو شتێکم هەیە.» ئیتر یاقوب زۆری لێکرد، عیسۆش لێی وەرگرت.

12 ئینجا عیسۆ گوتی: «با بکەوینە ڕێ و بڕۆین، خۆشم پێشت دەکەوم.»

13 بەڵام یاقوب پێی گوت: «گەورەی خۆم دەزانێت کە منداڵەکان ناسکن، ئەو مەڕ و مانگایانەشم کە پێیە شیر دەدەنە بەچکەکانیان. ئەگەر بۆ یەک ڕۆژیش ماندوو بکرێن بە لێخوڕین ئەوا هەموو ئاژەڵەکان دەمرن. 14 با گەورەم پێش خزمەتکارەکەی بپەڕێتەوە، منیش لەسەر خۆ دەکەومە ڕێ، بەپێی ئەو ماڵەی پێش خۆم و بەپێی منداڵەکان، هەتا دەگەمە لای گەورەم لە سێعیر.»

15 عیسۆش گوتی: «کەوابێت هەندێک لەو خەڵکەی لەگەڵمن لەلات بەجێدەهێڵم.»

یاقوبیش گوتی: «ئاخر چ پێویست دەکات؟ هەر ئەوەندەم بەسە جێی ڕەزامەندی گەورەم بم.»

16 ئیتر هەر ئەو ڕۆژە عیسۆ بە ڕێی خۆیدا گەڕایەوە بۆ سێعیر. 17 یاقوبیش کەوتە ڕێ بۆ سوکۆت و خانووێکی بۆ خۆی بنیاد نا، سایەبانیشی بۆ مەڕوماڵات دروستکرد. هەر لەبەر ئەوەش ئەو شوێنە ناونرا سوکۆت.

18 دوای هاتنی لە پەدان ئارامەوە، یاقوب بە سەلامەتی گەیشتە شاری شەخەم کە لە خاکی کەنعانە. ئیتر لەبەردەم شارەکە چادری هەڵدا. 19 ئەو پارچە زەوییەشی کە چادرەکەی تێدا هەڵدا، بە سەد پارچە زیو لە کوڕانی حەمۆری باوکی شەخەمی کڕی. 20 هەر لەوێش قوربانگایەکی بنیاد نا و ناوی لێنا «ئێل ئێلۆهی ئیسرائیل[a]».

Footnotes

  1. 33‏:20 بە واتەی خودای ئیسرائیل خودایە.‏