Add parallel Print Page Options

گەڕانەوەی یاقوب بۆ بێت‌ئێل

35 ئینجا خودا بە یاقوبی فەرموو: «هەستە، سەربکەوە بەرەو بێت‌ئێل و لەوێ نیشتەجێ بە، هەر لەوێش قوربانگایەک بۆ خودا دروستبکە، کە بۆت دەرکەوت لە کاتێک تۆ لە دەست عیسۆی برات هەڵدەهاتی.»

ئیتر یاقوب بە خاووخێزانەکەی و هەموو ئەوانەی لەگەڵی بوون گوت: «هەموو ئەو خوداوەندە بێگانانەی لەنێوتانە، لە خۆتانی جیا بکەنەوە و خۆتان پاک بکەنەوە، جلەکانیشتان بگۆڕن. دەبا هەستین و بەرەو بێت‌ئێل سەربکەوین، لەوێ قوربانگایەک بۆ خودا دروستدەکەم کە لە ڕۆژی تەنگانەمدا بە دەنگمەوە هات و لەو ڕێگایەی گرتبوومە بەر لەگەڵم بوو.» ئەوانیش هەرچی خوداوەندی بێگانە هەبوو لە دەستیان لەگەڵ گوارەکانی گوێچکەیان دایانە یاقوب، یاقوبیش لەژێر دار بەڕووەکە کە لەلای شەخەمە لەژێر گڵ شاردییەوە. ئینجا بەڕێکەوتن و ترسی خوداش باڵی کێشا بەسەر شارۆچکەکانی دەوروبەریان، ئیتر کەس دوای کوڕانی یاقوب نەکەوت.

یاقوب خۆی و هەموو ئەو خەڵکەی لەگەڵی بوو هاتنە لوز کە بێت‌ئێلە لە خاکی کەنعان. لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، شوێنەکەشی ناونا ئێل بێت‌ئێل[a]، چونکە لەو شوێنەدا خودای بۆ دەرکەوت، لە کاتی هەڵاتنی لە دەست براکەی.

دەڤۆرای دایەنی ڕڤقە مرد، لەژێر دار بەڕووەکەی خوار بێت‌ئێل نێژرا. ئەو شوێنەش ناونرا ئەلۆن باکوت.

کاتێک لە پەدان ئارام گەڕایەوە، دیسان خودا بۆ یاقوب دەرکەوت و بەرەکەتداری کرد. 10 خودا پێی فەرموو: «ناوت یاقوبە، بەڵام لە ئێستا بەدواوە بە یاقوب ناو نابرێیت، بەڵکو ناوت دەبێتە ئیسرائیل.» ئیتر ناوی لێنا ئیسرائیل.

11 ئینجا خودا پێی فەرموو: «من خودای هەرە بە توانام، بەردار بە و زۆر بە. نەتەوەیەک و کۆمەڵێک نەتەوە لە تۆوە دەبن، پاشایانیش لە پشتی تۆوە دەردەچن. 12 ئەو خاکەش کە دام بە ئیبراهیم و ئیسحاق، هەروەها دەیدەمە تۆ و نەوەکەت لەدوای خۆت.» 13 ئیتر خودا لەو شوێنەی قسەی لەگەڵ کرد لەسەری بەرزبووەوە.

14 یاقوبیش لەو شوێنەی کە خودا قسەی لەگەڵ کردبوو، ستوونێکی بەردینی ڕاگیر کرد و شەرابی پێشکەشکراوی بەسەردا ڕشت و زەیتی بەسەردا کرد. 15 یاقوب ئەو شوێنەی ناونا بێت‌ئێل کە تێیدا خودا قسەی لەگەڵدا کرد.

مردنی ڕاحێل و ئیسحاق

16 ئینجا لە بێت‌ئێلەوە بەڕێکەوتن. کاتێک ماوەیەکی کەمیان مابوو بگەنە ئەفرات، ڕاحێل کەوتە سەر منداڵبوون، منداڵبوونێکی دژوار. 17 ئەوە بوو لە کاتی منداڵبوونەکەی، مامانەکە پێی گوت: «مەترسە، چونکە ئەمەش کوڕێکی دیکەتە.» 18 ئەوە بوو لەگەڵ دواهەناسەی، لەبەر ئەوەی دەمرد، کوڕەکەی ناونا بەن‌ئۆنی[b]. بەڵام باوکی ناوی لێنا بنیامین[c].

19 ئیتر ڕاحێل مرد و لە ڕێی ئەفرات نێژرا کە بێت‌لەحمە. 20 یاقوب ستوونێکی لەسەر گۆڕەکەی ڕاگیر کرد، کە هەتا ئەمڕۆش ئەوە ستوونی گۆڕەکەی ڕاحێلە.

21 ئیسرائیل بەڕێکەوتەوە و چادرەکەی لە پشت مگدەل عێدەرەوە هەڵدا. 22 کاتێک ئیسرائیل لەو ناوچەیەدا دەژیا، ڕەئوبێن چوو لەگەڵ بیلهەی کەنیزەی باوکی نوست. ئەمەش بەرگوێی ئیسرائیل کەوتەوە.

یاقوب دوازدە کوڕی هەبوو:

23 کوڕەکانی لێئە:

ڕەئوبێن، نۆبەرەکەی یاقوب.

شیمۆن، لێڤی، یەهودا، یەساخار و زەبولون.

24 کوڕەکانی ڕاحێل:

یوسف و بنیامین

25 کوڕەکانی بیلهەی کەنیزەی ڕاحێل:

دان و نەفتالی.

26 کوڕەکانی زیلپەی کەنیزەی لێئە:

گاد و ئاشێر.

ئەمانە کوڕەکانی یاقوبن، کە لە پەدان ئارام لەدایک بوون.

27 یاقوب هاتە مەمرێ بۆ لای ئیسحاقی باوکی لە نزیک قیریەت ئەربەع، کە حەبرۆنە، کە لەوێ ئیبراهیم و ئیسحاق ئاوارە بوون. 28 تەمەنی ئیسحاق سەد و هەشتا ساڵ بوو. 29 ئینجا دواهەناسەی دا و مرد، چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی، بە پیری و تێر لە ژیان خواردوو. هەردوو کوڕەکەی خۆی، عیسۆ و یاقوب، ناشتیان.

Footnotes

  1. 35‏:7 ئێل بێت‌ئێل: واتە خودای بێت‌ئێل، یان خودای ماڵی خودا.‏
  2. 35‏:18 بەن‌ئۆنی: واتە کوڕی ناخۆشیم.‏
  3. 35‏:18 بنیامین: واتە کوڕی دەستەڕاستم.‏