Add parallel Print Page Options

خەونەکانی یوسف

37 یاقوب لە خاکی ئاوارەیی باوکی، لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو.

ئەمە چیڕۆکی نەوەکانی یاقوبە.

یوسف کە هەرزەکارێکی تەمەن حەڤدە ساڵان بوو، لەگەڵ براکانی شوانایەتی مەڕەکانی دەکرد، کوڕەکانی بیلهە و زیلپەی دوو ژنەکەی باوکی. یوسف بوختانە خراپەکانی ئەمانی بە باوکی ڕاگەیاند.

ئیسرائیلیش یوسفی لە هەموو کوڕەکانی دیکەی خۆشتر دەویست، چونکە ئەو منداڵەی لە پیریدا ببوو، کەوایەکی درێژی ڕەنگاوڕەنگیشی بۆ دروستکرد. کە براکانی بینییان باوکیان ئەوی لە هەموو براکانی خۆشتر دەوێت، ڕقیان لێی بووەوە و سڵاویان لێی نەدەکرد.

یوسف خەونێکی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە، ئیتر زیاتر ڕقیان لێی بووەوە. پێی گوتن: «گوێ لەم خەونە بگرن کە بینیومە: لە خەونەکەم لەناو کێڵگە خەریکی مەلو[a] بووین، لەناکاو مەلوەکەی من ڕاست بووەوە و وەستا، مەلوەکانی ئێوەش دەوریان دا و کڕنۆشیان بۆ برد.»

براکانی پێیان گوت: «ئایا حەز دەکەیت ببیتە پاشامان؟ ئایا فەرمانڕەوایەتیمان دەکەیت؟» ئیتر زیاتر ڕقیان لێ بووەوە، لەبەر خەونەکانی و لەبەر قسەکانی.

ئینجا خەونێکی دیکەی بینی و بۆ براکانی گێڕایەوە، گوتی: «گوێ بگرن، خەونێکی دیکەم بینیوە، بینیم خۆر و مانگ و یازدە ئەستێرە کڕنۆشیان بۆم بردووە.»

10 کە ئەمەی بۆ باوکی و براکانی گێڕایەوە، باوکی سەرزەنشتی کرد و پێی گوت: «ئەمە چ خەونێکە کە تۆ بینیوتە؟ ئایا من و دایکت و براکانت بێین و کڕنۆشت بۆ ببەین؟» 11 براکانیشی بەغیلییان پێ برد، بەڵام باوکی ئەم شتەی لە دڵی خۆیدا هێشتەوە.

فرۆشتنی یوسف لەلایەن براکانییەوە

12 براکانی چوون بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکیان لە دەوروبەری شەخەم. 13 ئیسرائیلیش بە یوسفی گوت: «تۆ دەزانیت کە براکانت لە دەوروبەری شەخەم خەریکی لەوەڕاندنن. وەرە با بتنێرمە لایان.»

ئەویش گوتی: «باشە.»

14 ئینجا پێی گوت: «بڕۆ سەیر بکە بزانە براکانت سەلامەتن و مەڕەکانیش سەلامەتن، وەرەوە و هەواڵم بدەرێ.» ئیتر یوسفی لە دۆڵی حەبرۆنەوە نارد.

کە یوسف چوو بۆ شەخەم، 15 پیاوێک بینییەوە و بینی وا لە چۆڵەوانی ون بووە، پرسیاری لێکرد: «ئەوە بەدوای چیدا دەگەڕێیت؟»

16 ئەویش گوتی: «بەدوای براکانمدا دەگەڕێم. پێم بڵێ لەکوێ خەریکی لەوەراندنن؟»

17 پیاوەکەش گوتی: «لێرە ڕۆیشتن، چونکە گوێم لێیان بوو گوتیان: ”با بچینە دوسان[b].“»

یوسفیش بەدوای براکانیدا چوو، ئەوانی لە دوسان بینییەوە. 18 بەڵام لە دوورەوە بینییان و پێش ئەوەی لێیان نزیک بێتەوە، پیلانیان بۆی دانا هەتا بیکوژن.

19 ئیتر بە یەکتریان گوت: «وا خاوەنی خەونەکان دێت! 20 دەی با ئێستا بیکوژین و فڕێیبدەینە یەکێک لەم ئەمباراوانە، دەشڵێین گیاندارێکی دڕندە یوسفی خوارد. ئینجا با ببینین خەونەکانی چییان لێدێت.»

21 کە ڕەئوبێن گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا لە دەستیان ڕزگاری بکات، گوتی: «با گیانێک نەکوژین!» 22 ئینجا ڕەئوبێن پێی گوتن: «خوێن مەڕێژن. فڕێیبدەنە ناو ئەم ئەمباراوە کە لە چۆڵەوانییە بەڵام دەستی بۆ درێژ مەکەن.» ڕەئوبێن ئەمەی گوت بۆ ئەوەی لە دەستیان فریای بکەوێت و بیگەڕێنێتەوە لای باوکی.

23 ئیتر کە یوسف هاتە لای براکانی، کەواکەیان لەبەری دادڕاند، کەوا درێژە ڕەنگینەکەی لەبەری بوو، 24 ئینجا بردیان و فڕێیاندایە ناو ئەمباراوەکە، ئەمباراوەکەش بەتاڵ بوو، ئاوی تێدا نەبوو.

25 دوای ئەوە دانیشتن بۆ نانخواردن، کە چاویان هەڵبڕی بینییان وا کاروانی ئیسماعیلییەکان لە گلعادەوە دێت، وشترەکانیان بارکراون بە بەهارات و هەتووان[c] و موڕ[d]، بەرەو میسر دەڕۆن.

26 ئینجا یەهودا بە براکانی گوت: «چ سوودێکی هەیە براکەی خۆمان بکوژین و خوێنەکەی بشارینەوە؟ 27 وەرن با بە ئیسماعیلییەکانی بفرۆشین و دەستی خۆمانی بۆ درێژ نەکەین، چونکە برامانە و لە گۆشت و خوێنمانە.» براکانیشی بە قسەیان کرد.

28 کاتێک بازرگانە میدیانییەکان گەیشتن، براکانی یوسفیان لە ئەمباراوەکە ڕاکێشا، بە بیست شاقل زیو[e] بە ئیسماعیلییەکانیان فرۆشت، ئەوانیش یوسفیان هێنایە میسر.

29 ئینجا ڕەئوبێن گەڕایەوە لای ئەمباراوەکە و سەیری کرد یوسف لە ئەمباراوەکە نەبوو، ئیتر جلەکانی بەری خۆی دادڕی. 30 گەڕایەوە لای براکانی و گوتی: «کوڕەکە لەوێ نەماوە! من بۆ کوێ بچم؟»

31 ئەوانیش کەواکەی یوسفیان هێنا، گیسکێکیان سەربڕی و کەواکەیان لە خوێن هەڵکێشا. 32 ئینجا کەوا ڕەنگینەکەیان بۆ باوکیان هێنایەوە، گوتیان: «ئەمەمان دۆزیوەتەوە، لێی وردبەرەوە و بزانە کەوای کوڕەکەتە یان نا؟»

33 ئەویش لێی ورد بووەوە و گوتی: «کەوای کوڕەکەمە! گیاندارێکی دڕندە خواردوویەتی، یوسفی پارچەپارچە کردووە.»

34 ئیتر یاقوب جلەکانی بەری خۆی دادڕی و جلوبەرگی گوشی[f] پۆشی، ماوەیەکی درێژ شیوەنی بۆ کوڕەکەی گێڕا. 35 ئینجا هەموو کوڕ و کچەکانی هەستان چوونە لای بۆ دڵدانەوەی، بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە دڵی بدرێتەوە، گوتی: «بە لاواندنەوە دادەبەزمە لای کوڕەکەم بۆ ناو جیهانی مردووان[g].» ئیتر باوکی دایە پڕمەی گریان بۆی.

36 هەر لەو ماوەیەدا میدیانییەکان لە میسر یوسفیان فرۆشت بە پۆتی‌فەر، کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکان بوو.

Footnotes

  1. 37‏:7 پڕی باوەشێک لە دەغڵی دووراو.‏
  2. 37‏:17 دوسان: شارۆچکەیەک بووە لە باکووری شەخەم.‏
  3. 37‏:25 مەرهەم و ئازارشکێن.‏
  4. 37‏:25 موڕ: ئاوێکی بۆن خۆشە لە گەڵای جۆرە گوڵێک دەردەچێت.‏
  5. 37‏:28 نزیکەی 230 گرام.‏
  6. 37‏:34 لە کاتی ماتەمگێڕان و تۆبەکردندا جلوبەرگی لە گوش دروستکراویان لەبەرکردووە کە ئەزیەتی پێستیانی داوە.‏
  7. 37‏:35 عیبری: شیۆل‏، ئەو شوێنەیە کە لەدوای مردن ڕۆحی مرۆڤ دەچێتە ئەوێ هەتا ڕۆژی لێپرسینەوە.‏