Add parallel Print Page Options

یوسف و ژنی پۆتی‌فەر

39 یوسف بەرەو خوار بردرا بۆ میسر. لەوێ پیاوێکی میسری بە ناوی پۆتی‌فەر کە کاربەدەستی فیرعەون و سەرۆکی پاسەوانەکانی بوو، لە ئیسماعیلییەکانی کڕی کە بەرەو میسر هێنابوویان.

یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، ئیتر پیاوێکی سەرکەوتوو بوو، لە ماڵی گەورە میسرییەکەیدا بوو. گەورەکەی بینی کە یەزدانی لەگەڵدایە و دەست بداتە هەر کارێکیش یەزدان سەرکەوتووی دەکات. یوسف لەبەرچاوی پەسەند بوو و خزمەتی کرد. پۆتی‌فەریش کردی بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچییەکی هەبوو دایە دەست ئەم. ئیتر لەو کاتەوە کە ئەمی کرد بە گەورە لێپرسراوی ماڵەکەی و هەرچی کە هەیبوو، یەزدان لەبەر یوسف ماڵی ئەو میسرییەی بەرەکەتدار کرد. بەرەکەتەکەی یەزدانیش بۆ هەموو ئەو شتانە بوو کە هی پۆتی‌فەر بوو، چ لەناو ماڵەکەی و چ لە دەشتودەر. ئیتر هەرچییەکی هەبوو بۆ یوسفی بەجێهێشت، ئاگاداری هیچی خۆشی نەبوو، تەنها ئەو نانە نەبێت کە دەیخوارد.

یوسفیش ڕوخسار جوان و بەژن ڕێک بوو. دوای ماوەیەک ژنی گەورەکەی چاوی بڕییە یوسف و پێی گوت: «وەرە لەگەڵم بنوو.»

بەڵام ئەو ڕەتی کردەوە و بە ژنی گەورەکەی گوت: «تەماشا بکە، گەورەم سەرقاڵی هیچ شتێک نییە کە لە ماڵەکەی هەیە، هەرچییەکیشی هەیە بە منی سپاردووە. کەسیش لە ماڵەکەدا لە من گەورەتر نییە. هیچیشی لێ قەدەغە نەکردووم، تەنها تۆ نەبێت، چونکە تۆ ژنی ئەویت. ئیتر چۆن دەبێت بەدکارییەکی ئاوا گەورە بکەم و گوناه بەرامبەر بە خودا بکەم؟» 10 هەروەها ڕۆژ بە ڕۆژ بە یوسفی دەگوتەوە، ئەویش بە قسەی نەکرد، بۆ ئەوەی لەگەڵی بنووێت و لەگەڵی بێت.

11 ئەوە بوو ڕۆژێکیان بۆ ئەنجامدانی کارەکەی هاتە ناو ماڵەکە، هیچ کەسێکی ماڵەکەش لە ماڵەوە نەبوو. 12 ژنەکە کەواکەی گرت و گوتی: «لەگەڵم بنوو!» بەڵام ئەو کەواکەی لە دەستی ئەو بەجێهێشت و هەڵات، چووە دەرەوە.

13 کە بینی وا کەواکەی لە دەستی ئەم بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە، 14 بانگی کەسانی ماڵەکەی کرد و پێی گوتن: «سەیر بکەن، پیاوێکی عیبرانی بۆ هێناوین دەستبازیمان لەگەڵ بکات. بۆم هاتووەتە ژوورەوە هەتا لاقەم بکات، بەڵام من بە دەنگی بەرز قیژاندم. 15 ئیتر کە گوێی لێبوو دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵات، چووە دەرەوە.»

16 کەواکەی ئەوی لەلای خۆی دانا هەتا گەورەکەی گەڕایەوە ماڵەوە. 17 ئیتر هەمان قسەی بۆ ئەو گێڕایەوە، پێی گوت: «خزمەتکارە عیبرانییەکەی تۆ بۆت هێناوین، بۆم هاتە ژوورەوە هەتا دەستبازیم لەگەڵ بکات. 18 بەڵام کە دەنگم هەڵبڕی و قیژاندم، کەواکەی لەلام بەجێهێشت و هەڵاتە دەرەوە.»

19 کە گەورەکەی ئەو قسەیەی ژنەکەی خۆی بیست کە بۆی کرد و پێی گوت، «خزمەتکارەکەت ئاوای پێکردم،» تووڕەیی جۆشا. 20 ئینجا گەورەکەی یوسفی هێنا و خستییە زیندانەوە، ئەو شوێنەی زیندانییەکانی پاشای لێ بەند کرابوون. ئیتر لەوێ لە زیندان مایەوە.

21 بەڵام یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی خۆی بەسەردا کێشا و لەبەرچاو کارگێڕی زیندانەکە پەسەندی کرد. 22 ئیتر کارگێڕی زیندانەکە هەموو ئەو زیندانییانەی خستە ژێر دەستی یوسف کە لە زیندانەکەدا بوون، کردیشی بە لێپرسراوی هەر کارێک لەوێ هەبوو. 23 کارگێڕی زیندانەکەش سەیری هیچ شتێکی نەدەکرد کە بە دەست یوسف بووایە، چونکە یەزدان لەگەڵ یوسف بوو، هەر کارێکیشی دەکرد یەزدان سەری دەخست.