Add parallel Print Page Options

خۆدەرخستنی یوسف

45 ئیتر یوسف نەیتوانی خۆی ڕابگرێت لەبەردەم هەموو ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون، هاواری کرد: «هەمووان لەلام بڕۆنە دەرەوە!» ئیتر کەسی لێ نەمابوو کاتێک خۆی بە براکانی ناساند. بە دەنگێکی وا بەرز گریا کە میسرییەکان گوێیان لێبوو، ماڵی فیرعەونیش ئەمەی بیست.

یوسف بە براکانی گوت: «من یوسفم. ئایا باوکم هێشتا ماوە؟»

بەڵام براکانی نەیانتوانی وەڵامی بدەنەوە، چونکە لەبەردەم یوسف تۆقین.

ئینجا یوسف بە براکانی گوت: «لێم وەرنە پێشەوە.» ئەوانیش هاتنە پێشەوە، ئەمیش گوتی: «من یوسفی براتانم کە بە میسرتان فرۆشت. ئێستاش نە داخ هەڵبکێشن و نە لەسەر دڵیشتان گران بێت کە منتان بە ئێرە فرۆشتووە، چونکە بۆ مانەوەی ژیان بوو کە خودا منی پێش ئێوە نارد. ئەمە دوو ساڵە لە خاکەکە قاتوقڕی هەیە، بۆ پێنج ساڵی دیکەش نە کێڵان دەبێت و نە دروێنە. بەڵام خودا منی پێش ئێوە نارد بۆ دابینکردنی پاشەڕۆژتان لە زەوی، بۆ ژیان بۆتان، بۆ دەربازبوونێکی مەزن.

«ئێستاش ئێوە نین کە منتان بۆ ئێرە نارد، بەڵکو خودایە منی کردووەتە باوک بۆ فیرعەون و گەورەی هەموو ماڵەکەی و فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسر. پەلە بکەن و بڕۆنە لای باوکم و پێی بڵێن: ”یوسفی کوڕت وای گوت، خودا منی کردووە بە گەورەی هەموو میسر. بەرەو خوار وەرە بۆ لام و ڕامەوەستە. 10 لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ دەبیت و لە من نزیک دەبیت، خۆت و کوڕەکانت و کوڕی کوڕەکانت و ڕانە مەڕەکەت و گاگەلەکەت و هەرچییەکت هەیە. 11 لەوێ خۆم بەخێوت دەکەم، چونکە قاتوقڕییەکە هێشتا پێنج ساڵی ماوە. ئەگینا خۆت و ماڵەکەت و هەرچیشت هەیە هەژار دەبن.“

12 «وا بە چاوی خۆتان دەبینن، هەروەها چاوی بنیامینی براشم، کە بەڕاستی دەمی منە قسەتان لەگەڵ دەکات. 13 هەموو مەزنی من لە میسر بە باوکم ڕابگەیەنن، لەگەڵ هەموو ئەوەی بینیوتانە، بە پەلەش باوکم بۆ ئێرە بهێنن.»

14 ئینجا خۆی بەسەر شانی بنیامین دادا و گریا، بنیامینیش لەسەر شانی گریا. 15 ئینجا هەموو براکانی ماچکرد و لەگەڵیان گریا. لەدوای ئەوە براکانی قسەیان لەگەڵی کرد.

16 هەواڵەکە لە ماڵی فیرعەون بیسترا و گوترا، «براکانی یوسف هاتوون،» فیرعەون و دەستوپێوەندەکەی پێیان باش بوو. 17 فیرعەون بە یوسفی گوت: «بە براکانت بڵێ: ”ئەمە بکەن: وڵاخەکانتان بار بکەن و بڕۆن بۆ خاکی کەنعان. 18 باوکتان و ماڵتان هەڵبگرن و وەرنە لام، منیش باشترین خاکی میسرتان دەدەمێ، لە چەوری زەوییەکە بخۆن.“

19 «هەروەها تۆ فەرمانت پێکراوە فەرمانیان پێبکە: ”ئەمە بکەن: لە خاکی میسرەوە عەرەبانە ببەن بۆ ژن و منداڵەکانتان، باوکیشتان سەربخەن و وەرن. 20 با چاویشتان لەدوای کەلوپەلەکانتان نەبێت، چونکە چاکی هەموو خاکی میسر بۆ ئێوە دەبێت.“»

21 کوڕەکانی ئیسرائیلیش بەم جۆرەیان کرد. یوسفیش لەسەر زاری فیرعەون، عەرەبانەی دانێ، هەروەها ئازووقەشی دانێ بۆ ڕێگا. 22 هەریەکەیان قاتێک جلی دانێ، بەڵام بۆ بنیامین سێ سەد شاقل زیو[a] و پێنج قات جلی دایێ. 23 ئەمانەشی بۆ باوکی نارد، دە گوێدرێژی بارکراو لە خێروبێری میسر، دە ماکەری بارکراو لە گەنم و نان و خۆراک بۆ ڕێگا بۆ باوکی. 24 ئینجا براکانی بەڕێ کرد و ڕۆیشتن، پێشی گوتن: «لە ڕێگا بەگژ یەکدا مەچن!»

25 ئەوانیش لە میسرەوە چوون و هاتنەوە خاکی کەنعان بۆ لای یاقوبی باوکیان. 26 پێیان ڕاگەیاند و گوتیان: «یوسف هێشتا زیندووە، خۆی فەرمانڕەوای هەموو خاکی میسرە!» یاقوبیش بوورایەوە، چونکە بڕوای پێ نەکردن. 27 بەڵام کاتێک هەموو ئەو قسانەی یوسفیان پێ گوت کە پێی گوتبوون، چاویشی بە عەرەبانەکان کەوت کە یوسف ناردبوونی بۆ ئەوەی بیهێننە میسر، بەوەش ڕۆحی یاقوبی باوکیان ژیایەوە. 28 ئیسرائیل گوتی: «بەسە! یوسفی کوڕم هێشتا ماوە، دەچم و پێش ئەوەی بمرم دەیبینم.»

Footnotes

  1. 45‏:22 نزیکەی 5,3 کیلۆگرام.‏