Add parallel Print Page Options

47 یوسف چوو و بە فیرعەونی گوت: «باوکم و براکانم، بە ڕانە مەڕ و مانگایان و هەرچی هەیانە، لە خاکی کەنعانەوە هاتوون، ئێستا ئەوان لە خاکی گۆشەنن.» لەنێو براکانی پێنج پیاوی برد و لەبەردەم فیرعەون ڕای گرتن.

فیرعەونیش لە براکانی پرسی: «کارتان چییە؟»

ئەوانیش بە فیرعەونیان گوت: «خزمەتکارانت شوانی مەڕن، خۆشمان و باوباپیرانیشمان.» هەروەها بە فیرعەونیان گوت: «بۆ ئاوارەبوون لەم خاکە هاتووین، چونکە لەوەڕگا نەماوە بۆ مەڕەکانی خزمەتکارانت، لەبەر ئەوەی قاتوقڕییەکە لە خاکی کەنعان سەختە، ئێستاش ڕێگا بدە با خزمەتکارانت لە خاکی گۆشەن نیشتەجێ بن.»

فیرعەون لەگەڵ یوسف قسەی کرد و پێی گوت: «باوکت و براکانت هاتوون بۆ لای تۆ. خاکی میسر لەبەردەمتە، باوکت و براکانت لە باشترین خاک نیشتەجێ بکە. با لە خاکی گۆشەن نیشتەجێ بن. ئەگەر زانیشت لەنێویان کەسانی بە توانا هەیە، ئەوا بیانکە بە سەرکاری ئەو ماڵاتەی هی خۆمن.»

ئینجا یوسف یاقوبی باوکی هێنایە ژوورەوە و بە فیرعەونی ناساند. یاقوبیش داوای بەرەکەتی بۆ فیرعەون کرد. فیرعەونیش بە یاقوبی گوت: «تەمەنت چەند ساڵە؟»

یاقوبیش بە فیرعەونی گوت: «سەد و سی ساڵە گەڕۆکم. تەمەنم کەم و سەخت بووە، هێشتا تەمەنم تەمەنی گەڕۆکی باوباپیرانمی تێنەپەڕاندووە.» 10 ئیتر یاقوب داوای بەرەکەتی بۆ فیرعەون کرد و لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.

11 ئینجا یوسف باوکی و براکانی خۆی لە خاکی میسر نیشتەجێ کرد، لە باشترین زەوی لە خاکی میسر موڵکی پێدان، لە خاکی ڕەعمسێس، بەپێی فەرمانی فیرعەون. 12 هەروەها یوسف باوکی و براکانی و هەموو ماڵی باوکیشی بەپێی ژمارەی منداڵەکانیان بە نان بەخێو کرد.

یوسف و برسیێتییەکە

13 لە هەموو خاکەکەدا نان نەبوو، چونکە قاتوقڕییەکە زۆر سەخت بوو، خاکی میسر و خاکی کەنعان بەهۆی قاتوقڕییەکەوە لە کەڵک کەوتبوون. 14 یوسف هەموو ئەو زیوەی کۆکردەوە کە لە خاکی میسر و خاکی کەنعاندا هەبوون، لە جیاتی ئەو گەنمەی دەیانکڕی، یوسفیش زیوەکەی هێنایە ماڵی فیرعەون. 15 کاتێک کە زیو لە خاکی میسر و لە خاکی کەنعان نەما، هەموو میسرییەکان هاتنە لای یوسف و گوتیان: «نانمان بۆ بهێنە! بۆچی لەبەردەمت بمرین لەبەر ئەوەی زیو تەواو بوو؟»

16 یوسفیش پێی گوتن: «ئاژەڵە ماڵاتەکانتان بهێنن، منیش لە جیاتی ماڵاتەکانتان نانتان دەدەمێ، ئەگەر زیو تەواو بووە.» 17 ئینجا ماڵاتەکانیان بۆ یوسف هێنا، ئەویش نانی پێدان، لە جیاتی ئەسپ و مەڕ و بزن و چێڵ و گوێدرێژەکانیان. ئیتر ئەو ساڵە لە جیاتی هەموو ماڵاتەکانیان نانی دان.

18 کە ئەو ساڵە تەواو بوو، بۆ ساڵی دووەم هاتنەوە بۆ لای و پێیان گوت: «لە گەورەمانی ناشارینەوە زیوەکانمان تەواو بوون، ماڵاتەکانیشمان لەلای گەورەمانە، ئیتر هیچ لەپێش گەورەمان نەماوە تەنها لەشمان و زەوییەکەمان نەبێت. 19 بۆچی لەپێش چاوت بمرین، خۆمان و زەوییەکەشمان؟ بە نان خۆمان و زەوییەکەمان بکڕە، ئیتر خۆمان و زەوییەکەشمان دەبینە کۆیلەی فیرعەون. تۆویشمان بدەرێ بۆ ئەوەی بژین و نەمرین، با زەوییەکەشمان نەبێتە چۆڵەوانی.»

20 یوسفیش هەموو خاکی میسری بۆ فیرعەون کڕی، چونکە هەرچی میسری هەبوو کێڵگەکەی خۆی فرۆشت، لەبەر ئەوەی قاتوقڕییەکە زۆر سەخت بوو لەسەریان. ئیتر خاکەکە بووە هی فیرعەون. 21 یوسف خەڵکەکەشی لەم سەری میسرەوە هەتا ئەو سەری بە کۆیلە کرد. 22 تەنها زەوی کاهینەکانی نەکڕی، چونکە کاهینەکان لەلایەن فیرعەونەوە بەشە خۆراکیان هەبوو، ئیتر بەشە خۆراکەکەی خۆیان دەخوارد کە فیرعەون دەیدانێ. لەبەر ئەوە زەوییەکەی خۆیان نەفرۆشت.

23 ئینجا یوسف بە خەڵکەکەی گوت: «وا ئەمڕۆ خۆتان و زەوییەکەتانم بۆ فیرعەون کڕی، ئەوەش تۆوە بۆ ئێوە هەتا لە زەوی بیچێنن. 24 بەڵام کاتێک لە خەرماناندا پێنج یەکی خەرمانەکەتان دەدەنە فیرعەون، چوار بەشەکەی دیکە بۆ خۆتان دەبێت، بۆ بنەتۆ[a] و بۆ خۆراکی خۆتان و ئەوانەی لە ماڵەکانتانن و بۆ خۆراکی منداڵەکانتان.»

25 ئەوانیش گوتیان: «تۆ ئێمەت بە زیندوویی هێشتەوە، خۆزگە گەورەکەمان لێمان ڕازی بووایە و ببینە کۆیلەی فیرعەون.»

26 ئیتر یوسف ئەمەی لەسەر خاکی میسر کردە یاسا، هەتا ئەمڕۆش، پێنج یەکی بەرهەمی کشتوکاڵ بۆ فیرعەونە، تەنها زەوی کاهینەکان نەبێت کە نەبووە هی فیرعەون.

27 نەوەی ئیسرائیل لە خاکی میسر لە ناوچەی گۆشەن نیشتەجێ بوو، لەوێ بوونە خاوەن موڵک و گەشەیان کرد، زۆریش زیادیان کرد.

28 یاقوب حەڤدە ساڵ لە خاکی میسر ژیانی بردە سەر. هەموو تەمەنی یاقوب بووە سەد و چل و حەوت ساڵ. 29 کاتێک ڕۆژانی ئیسرائیل نزیک بووەوە لە مردن، یوسفی کوڕی بانگکرد و پێی گوت: «ئەگەر جێی ڕەزامەندیتم ئەوا دەستت بخەرە ژێر ڕانمەوە و چاکە و وەفاداریم لەگەڵ بکە، لە میسر مەمنێژە، 30 بەڵکو کاتێک لەگەڵ باوباپیرانم ڕادەکشێم، لە میسرەوە هەڵمبگرە و لە گۆڕستانی ئەواندا بمنێژە.»

ئەمیش گوتی: «من بەپێی قسەکەی تۆ دەکەم.»

31 ئەویش پێی گوت: «سوێندم بۆ بخۆ.» یوسفیش سوێندی بۆ خوارد. ئیسرائیلیش لەسەر قەرەوێڵەکەی کڕنۆشی برد.

Footnotes

  1. 47‏:24 واتە تۆوی چاندن. ‏