Add parallel Print Page Options

مەنەشە و ئەفرایم

48 ئەوە بوو دوای ئەمانە بە یوسف گوترا: «باوکت نەخۆشە.» ئەویش هەردوو کوڕەکەی خۆی مەنەشە و ئەفرایمی لەگەڵ خۆی برد. بە یاقوب ڕاگەیەنرا و گوترا: «وا یوسفی کوڕت دێتە لای تۆ.» ئیسرائیلیش هێزی دایە بەرخۆی و هەر لەسەر قەرەوێڵەکە دانیشت.

ئینجا یاقوب بە یوسفی گوت: «خودای هەرە بە توانام لە لوز لە خاکی کەنعان بۆ دەرکەوت و بەرەکەتداری کردم. پێی فەرمووم: ”وا من بەردارت دەکەم و ژمارەت زۆر دەکەم، دەتکەمە چەندین نەتەوە، ئەم زەوییەش لەدوای خۆت دەدەمە نەوەکەت، بە موڵکی هەتاهەتایی.“

«ئێستاش دوو کوڕەکەی خۆت کە لە خاکی میسر بۆت لەدایک بوون پێش ئەوەی من لە میسر بێمە لات ئەوا بۆ منن، ئەفرایم و مەنەشە وەک ڕەئوبێن و شیمۆن دەبن بۆم. بەڵام منداڵەکانی دیکەت کە لەدوای ئەمان لەدایک دەبن بۆت ئەوا دەبنە هی تۆ، لەژێر ناوی دوو براکەیان بەشە میراتیان دەبێت. خۆشم لە هاتنم لە پەدانەوە ڕاحێل لەلام مرد، لە خاکی کەنعان لە ڕێگا کە ماوەیەکی کەمی مابوو بگەمە ئەفرات. هەر لەوێ لەسەر ڕێگای ئەفرات ناشتم،» کە بێت‌لەحمە.

ئینجا ئیسرائیل دوو کوڕەکەی یوسفی بینی و گوتی: «ئەمانە کێن؟»

یوسفیش بە باوکی گوت: «ئەوانە دوو کوڕەکەی منن کە خودا لێرە پێی بەخشیوم.»

ئەمیش گوتی: «بیانهێنە لام تاکو داوای بەرەکەتیان بۆ بکەم.»

10 هەردوو چاوی ئیسرائیل بەهۆی پیرییەوە کز ببوون و پەکی بینینیان کەوتبوو. بۆیە یوسف هەردووکیانی هێنایە لای، ئەویش ماچی کردن و باوەشی پێدا کردن.

11 ئینجا ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «چاوەڕوان نەبووم ڕووی تۆ ببینم، کەچی ئێستا خودا نەوەکەی تۆشی نیشان دام.»

12 یوسف هەردووکیانی لەنێوان ئەژنۆی دەرهێنا و لەبەردەمی کڕنۆشی برد و سەری خستە سەر زەوی. 13 ئینجا یوسف دەستی دایە هەردووکیان، ئەفرایمی لەلای ڕاستی خۆی بەرامبەر دەستی چەپی ئیسرائیل و مەنەشەشی لەلای چەپی خۆی بەرامبەر دەستی ڕاستی ئیسرائیل، لێ نزیک خستنەوە. 14 بەڵام ئیسرائیل دەستی ڕاستی خۆی درێژکرد و خستییە سەر سەری ئەفرایم، کە بچووکەکەیان بوو، دەستی چەپیشی خستە سەر سەری مەنەشە، دەستەکانی ژیرانە دانا، چونکە مەنەشە نۆبەرەکە بوو.

15 ئینجا داوای بەرەکەتی بۆ یوسف کرد و گوتی:

«ئەو خودایەی کە باوانم دۆستایەتییان لەگەڵی[a] کرد،
    ئیبراهیم و ئیسحاق،
ئەو خودایەی کە شوانایەتی[b] کردووم
    لە بوونمەوە هەتا ئەمڕۆ،
16 ئەو فریشتەیەی لە هەموو خراپەیەک منی کڕییەوە،
    ئەم دوو کوڕە بەرەکەتدار بکات.
با بە ناوی خۆم و بە ناوی باوانم
    ئیبراهیم و ئیسحاقەوە ناوببرێن،
با لەناو خاکەکەش زۆر زیاد بن.»

17 کە یوسف بینی باوکی دەستی ڕاستی خستووەتە سەر سەری ئەفرایم، ئەوەی پێ ناخۆش بوو، ئیتر دەستی باوکی گرت هەتا لەسەر سەری ئەفرایمەوە بیخاتە سەر سەری مەنەشە. 18 یوسف بە باوکی گوت: «ئاوا نا، باوکە، چونکە ئەمە نۆبەرەکەیە، دەستی ڕاستی خۆت بخەرە سەر سەری.»

19 بەڵام باوکی ڕازی نەبوو، گوتی: «دەزانم کوڕی خۆم، دەزانم. هەروەها ئەویش دەبێتە نەتەوەیەک و مەزنیش دەبێت. بەڵام برا بچووکەکەی لەو مەزنتر دەبێت و نەوەشی دەبێتە چەندین نەتەوە.» 20 ئیتر لەو ڕۆژەدا داوای بەرەکەتی بۆ کردن و گوتی:

«بە ناوی تۆوە نەوەی ئیسرائیل داوای ئەم بەرەکەتە دەکات:
    ”خودا وەک ئەفرایم و مەنەشەت لێ بکات.“»

جا ئەفرایمی خستە پێش مەنەشە.

21 ئیسرائیل بە یوسفی گوت: «ئەوا دەمرم، بەڵام خودا لەگەڵتان دەبێت و دەتانگەڕێنێتەوە خاکی باوباپیرانتان. 22 منیش بەشێک زیاتر لە بەشی براکانت دەدەمە تۆ، ئەوەی بە شمشێرەکەم و کەوانەکەم لە چنگی ئەمورییەکان وەرمگرت.»

Footnotes

  1. 48‏:15 بڕوانە 5‏:22‏.‏
  2. 48‏:15 شوانایەتی: بڕوانە زەبوورەکان 23.‏