Add parallel Print Page Options

بتەکانی میخا

17 پیاوێک لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم هەبوو ناوی میخا بوو. بە دایکی گوت: «ئەو هەزار و سەد شاقل[a] زیوەی لە تۆ دزرا و منیش گوێم لێبوو نەفرەتت لە دزەکەی کرد، ئەوەتا زیوەکە لەلای منە و من بردم.»

دایکیشی گوتی: «یەزدان بەرەکەتدارت بکات کوڕم!»

کاتێک هەزار و سەد شاقل زیوەکەی بۆ دایکی گەڕاندەوە، دایکی گوتی: «بە دەستی خودی خۆم زیوەکەم بۆ یەزدان تەرخان کردووە لە پێناوی کوڕەکەم، بۆ دروستکردنی پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراو. ئێستاش دەیگەڕێنمەوە بۆت.»

جا کاتێک زیوەکەی گەڕاندەوە بۆ دایکی، دایکیشی دوو سەد شاقل زیوی[b] برد و دای بە زیوگەرێک، ئەویش پەیکەرێکی داتاشراو و بتێکی لەقاڵبدراوی لێ دروستکردن و هەردووکیان لە ماڵی میخادا بوون.

جا میخا بتخانەی هەبوو، ئێفۆد[c] و بتی[d] دروستکرد و ئەرکی بە یەکێک لە کوڕەکانی سپارد و کردی بە کاهین بۆ خۆی. لەو سەردەمەشدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو، هەرکەس ئەوەی دەکرد کە لەبەرچاوی خۆی ڕاست بوو.

گەنجێک لە بێت‌لەحمی یەهودا هەبوو لەناو هۆزی یەهودا، خۆی لێڤی بوو و لەوێ نیشتەجێ بوو. لە شارۆچکەکەوە لە بێت‌لەحمی یەهوداوە ڕۆیشت هەتا لە هەرکوێیەک بۆی ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بێت. کاتێک بەڕێوە بوو، هات بۆ ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بۆ ماڵی میخا.

میخاش پێی گوت: «لەکوێوە هاتوویت؟»

ئەویش گوتی: «من لێڤیم و خەڵکی بێت‌لەحمی یەهودام و دەڕۆم بۆ ئەوەی لە هەرکوێیەک بۆم ڕێک بکەوێت لەوێ نیشتەجێ بم.»

10 میخاش پێی گوت: «لەلای من بمێنەوە و ببە بە باوک و کاهینم، لە ساڵێکدا دە شاقل[e] زیو و دەستێک جل و خواردنت دەدەمێ.» جا لێڤییەکەش لەگەڵی چوو و 11 ڕازی بوو لەگەڵ پیاوەکە بمێنێتەوە، گەنجەکە بۆی بووە یەکێکی وەک کوڕەکانی. 12 ئینجا میخا لێڤییەکەی دامەزراند و گەنجەکە بووە کاهینی و لەناو ماڵەکەی ژیا. 13 جا میخا گوتی: «ئێستا زانیم یەزدان چاکەم لەگەڵدا دەکات، چونکە لێڤییەکە بووە بە کاهینم.»

Footnotes

  1. 17‏:2 نزیکەی 13 کیلۆگرام.‏
  2. 17‏:4 نزیکەی 2,3 کیلۆگرام.‏
  3. 17‏:5 ئێفۆد: جلوبەرگێک بووە کە هێمای نوێنەرایەتی کاهین بوو بۆ گەلی خودا. بڕوانە دەرچوون 28‏:12‏‏.‏
  4. 17‏:5 لە زمانی عیبری ئەم وشەیە مەبەستی لە جۆرێک بت بووە لەناو ماڵەوە، لە شێوەی مرۆڤ بووە.‏
  5. 17‏:10 نزیکەی 110 گرام.‏