Add parallel Print Page Options

فریشتەی یەزدان لە بۆخیم

ئینجا فریشتەی یەزدان لە گلگالەوە چوو بۆ بۆخیم و فەرمووی: «لە میسرەوە دەرمهێنان و ئێوەم هێنا بۆ ئەو خاکەی سوێندم بۆ باوباپیرانتان خوارد و فەرمووم: ”هەرگیز پەیمانی خۆم لەگەڵتان ناشکێنم. ئێوەش لەگەڵ خەڵکی ئەم خاکە پەیمان مەبەستن و قوربانگاکانیان بڕووخێنن.“ بەڵام گوێڕایەڵی فەرمانم نەبوون، ئایا بۆچی ئەمەتان کرد؟ لەبەر ئەوە ئێستا پێتان دەڵێم: لەبەردەمتان دەریانناکەم، بەڵکو دەبن بە دڕک لە کەلەکەتان و خوداوەندەکانیان دەبن بە تەڵە و داو بۆتان.»

کاتێک فریشتەی یەزدان ئەم قسانەی بە هەموو نەوەی ئیسرائیل فەرموو، گەل بە دەنگی بەرز گریان. بۆیە ئەو شوێنەیان ناونا بۆخیم[a] و لەوێ قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی.

یاخیبوون و بەزین

یەشوعیش گەلەکەی ڕەوانە کرد، ئیتر نەوەی ئیسرائیل هەریەکەیان چووە لای میراتەکەی خۆی بۆ ئەوەی دەست بەسەر زەوییەکەدا بگرێت. گەلیش بە درێژایی سەردەمی یەشوع یەزدانیان دەپەرست، هەروەها بە درێژایی سەردەمی پیران کە لەدوای یەشوع تەمەنیان درێژەی کێشا و هەموو ئەو کارانەیان بینی کە یەزدانی مەزن بۆ ئیسرائیلی ئەنجام دا.

یەشوعی کوڕی نونی بەندەی یەزدانیش لە تەمەنی سەد و دە ساڵیدا مرد. لە سنووری میراتەکەی لە تیمنەت حەرەس[b] لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم لە باکووری کێوی گاعەش ناشتیان.

10 هەموو ئەو نەوەیەش چوونە پاڵ باوکانیان، نەوەیەکی دیکە لەدوای ئەوان هاتن نە یەزدانیان دەناسی و نە ئەو کارانەیان دەناسی کە بۆ ئیسرائیلی کردبوو. 11 ئیتر نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان خراپەکارییان کرد و بەعلەکانیان پەرست[c]. 12 وازیان لە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان هێنا، ئەوەی کە لە خاکی میسر دەریهێنان و دوای خودای دیکە کەوتن لە خوداوەندەکانی گەلانی دەوروبەریان و کڕنۆشیان بۆ بردن. یەزدانیان پەست کرد، 13 چونکە وازیان لێ هێنا و بەعل و عەشتۆرەتەکانیان پەرست. 14 تووڕەیی یەزدان لە نەوەی ئیسرائیل هاتە جۆش، بۆیە ئەوانی دایە دەست تاڵانکەران تاڵانیان بکەن و ڕادەستی دوژمنەکانی دەوروبەریانی کردن، ئیتر نەیانتوانی بەرامبەر بە دوژمنەکانیان بوەستن. 15 بۆ هەر جەنگێک دەچوون یەزدان دژایەتی دەکردن بۆ بەزاندنیان، هەروەک یەزدان فەرمووی و سوێندی بۆ خواردن.[d] ئیتر ئەمە زۆر تەنگی پێ هەڵچنین.

16 ئینجا یەزدان ڕابەری بۆ هەڵدەستاندنەوە و لە دەستی تاڵانکەرانیان ڕزگاریان دەکردن. 17 تەنانەت گوێیان لە ڕابەرەکانیان نەگرت، بەڵکو لەشفرۆشییان[e] کرد بەوەی دوای خودایانی دیکە کەوتن و کڕنۆشیان بۆ بردن. بە خێرایی لەو ڕێیەی باوکانیان لەسەری دەڕۆیشتن لایاندا و گوێڕایەڵی فەرمانەکانی یەزدان نەبوون. 18 هەر جارێک یەزدان ڕابەری[f] بۆ هەستاندبانایەوە، یەزدان لەگەڵ ڕابەرەکە دەبوو، بە درێژایی ژیانی ڕابەرەکە لە دەستی دوژمنانیان ڕزگاری دەکردن، چونکە دڵی یەزدان پێیان سووتا لەبەر ناڵەیان بەهۆی ئەوانەی تەنگیان پێ هەڵچنین و دەیانچەوساندنەوە. 19 بەڵام کاتێک ڕابەرەکە دەمرد دەگەڕانەوە و لە باوکانیان زیاتر کاری قێزەونیان دەکرد، بەوەی دوای خودای دیکە دەکەوتن بۆ ئەوەی بیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ ببەن، وازیان لە نەریتە خراپەکانیان و ڕەفتارە کەللەڕەقەکانیان نەدەهێنا.

20 لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان بەسەر ئیسرائیلدا جۆشا و فەرمووی: «چونکە ئەم گەلە لەو پەیمانەی فەرمانم دا بە باوکانیان شکاندیان و گوێیان لە دەنگم نەگرت، 21 هەروەها منیش ئیتر هیچ کەسێک لەبەردەمیان دەرناکەم، لەو نەتەوانەی کە یەشوع لە کاتی مردنیدا بەجێی هێشتن. 22 بۆ ئەوەی ئیسرائیلیان پێ تاقی بکەمەوە: ئایا وەک باوکانیان ڕێچکەی یەزدان دەگرنەبەر و پەیڕەوی دەکەن، یان نا.» 23 ئیتر یەزدان وازی لەو نەتەوانە هێنا و بە خێرایی دەرینەکردن و نەیخستنە ژێر دەستی یەشوعەوە.

Footnotes

  1. 2‏:5 بۆخیم واتە گرینۆک.‏
  2. 2‏:9 تیمنەت حەرەس: کە تیمنەت سەرەح. بڕوانە یەشوع 19‏:50 و 24‏:30.‏‏
  3. 2‏:11 بڕوانە سەرژمێری 25‏:3‏-5.‏‏
  4. 2‏:15 بڕوانە لێڤییەکان 26‏:14‏-17.‏‏
  5. 2‏:17 بە واتای لەشفرۆشی جەستەیی و ڕۆحیش دێت. بەو کەسە دەگوترێت کە لاف لێدەدات بەوەفایە بۆ یەزدان، بەڵام لە هەمان کاتدا ستایش و قوربانی بۆ خودایەکی دیکە دەکات. واتە لە بنەڕەتدا کەسەکە بێوەفایە لەگەڵ یەزدان، هەروەک چۆن پیاوێک بێوەفا بێت بەرامبەر بە ژنەکەی.‏
  6. 2‏:18 ئەم ڕابەرانە کاری جیاوازیان پێ سپێردراوە و لە هەمان کاتدا دادوەرایەتییان بۆ گەلی ئیسرائیل کردووە. بڕوانە عیبرانییەکان 11‏:32‏-33.‏‏