Add parallel Print Page Options

ئەنجامدانی نەزر

کاتێک دەچیت بۆ ماڵی خودا، ئاگاداری پێی خۆت بە. وەرە پێشەوە هەتا گوێ بگریت، نەوەک قوربانی گێلەکان بکەی کە خراپەکاری خۆیان نازانن.

با دەمت لە قسەکردندا پەلە نەکات،
    با دڵیشت خێرا نەکات،
    لە دەربڕینی قسە لەبەردەم خودا،
چونکە خودا لە ئاسمانە و
    تۆ لەسەر زەویت،
    لەبەر ئەمە با وشەکانت کەم بن.
خەون لە ئەنجامی ماندووبوونی زۆرەوە دێت و
    قسەی گێلیش لە زۆر گوتن.

ئەگەر نەزرێکت[a] بۆ خودا کرد، دوا مەکەوە لە ئەنجامدانی، چونکە بە گێلەکان دڵخۆش نابێت. جا ئەوەی نەزرت کردووە ئەنجامی بدە. باشترە نەزر نەکەیت لەوەی بیکەیت و ئەنجامی نەدەیت. ڕێگا مەدە دەمت وا بکات لەشت گوناه بکات و لەبەردەم نێردراوی پەرستگا[b] مەڵێ: «ئەم نەزرە هەڵە بوو.» بۆچی خودا لە قسەکەت تووڕە بێت و ئەوەی کردووتە لەناوی ببات؟ زیادبوونی خەون و چەنەبازی بێ واتان، لەبەر ئەوە لەخواترس بە.

سامان بێ واتایە

ئەگەر زۆرلێکراوی هەژار و داماڵینی ڕاستودروستی و دادپەروەریت لە هەرێمێکدا بینی، سەرسام مەبە لەم کێشەیە، چونکە لێپرسراوی بەرز لێپرسراوی بەرز دەپارێزێت و بەرزتر لەوانیش هەردووکیان دەپارێزێت. بەڵام گەل لە وڵات سوود وەردەگرن، چونکە پاشا هەموو کێڵگەکانی دەپارێزێت.

10 ئەوەی حەزی لە پارە بێت لە پارە تێر نابێت،
    ئەوەی حەزی لە سامان بێت لە داهات تێر نابێت،
    هەروەها ئەمەش بێ واتایە.

11 بە زیادبوونی خێروبێر
    زیاد دەبن ئەوانەی دەیخۆن.
ئایا چ سوودێکی بۆ خاوەنەکەی هەیە،
    جگە لەوەی تەنها چاوەکانی تێری لێ دەخۆن؟

12 خۆشە خەوی کارگەر،
    کەم بخوات یان زۆر،
بەڵام تێری دەوڵەمەندە
    ڕێ بۆ خەو نادات.

13 خراپەیەکی ناخۆش هەیە لەسەر زەویدا بینیم:

سامانێک پارێزراوە بۆ خراپەی خاوەنەکانی،
14     ئەم سامانەش لە مامەڵەیەکی خراپدا لەناوچوو،
    ئینجا کوڕێکیان بوو و هیچی بۆ نەمایەوە هەتا بۆ کوڕەکەی بەجێبهێڵێت.
15 وەک چۆن لە سکی دایکی هاتە دەرەوە،
    بە ڕووتی دەگەڕێتەوە، دەڕوات وەک هات.
هیچ شتێک لە ماندووبوونەکەی نابات
    لەگەڵ دەستی کە دەڕوات.

16 ئەمەش خراپەیەکی ناخۆشە:

هەروەک چۆن مرۆڤ دێتە جیهان، بە هەمان شێوە بەجێدەهێڵێت،
    ئەوەی ماندووبوونەکەی بۆ با دەبێت
    چ قازانجێک دەکات؟
17 هەروەها هەموو ڕۆژانی ژیانی لە تاریکیدا بەسەردەبات،
    لەگەڵ وەڕسبوونێکی زۆر و نەخۆشی و تووڕەیی.

18 ئەوەی من بینیومە باشە، ئەوەی گونجاوە، کە مرۆڤ بخوات و بخواتەوە و خۆشی ببینێت کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو دەبێت، بە درێژایی ئەو ڕۆژگارە کەمەی کە خودا پێیداوە، چونکە بەشی ئەوە. 19 هەروەها کە خودا بە یەکێک دەوڵەمەندی و سامان دەدات و ئەویش دەتوانێت سوودی لێی وەربگرێت و بە بەشی خۆی ڕازی بێت و بە ماندووبوونەکەی دڵخۆش بێت، ئەمە دیارییەکە لە خوداوە. 20 جا ڕۆژگاری ژیانی بەبیر نایەتەوە، چونکە خودا بە خۆشی دڵییەوە خەریکی کردووە.

Footnotes

  1. 5‏:4 واتە پابەندکردنی مرۆڤ خۆیەتی بە مەرجێکەوە، لە کاتێکدا کە داخوازییەک بەرز دەکاتەوە بۆ خودا و بە ئەرێ وەڵام دەدرێتەوە لەلایەن خوداوە. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2‏‏.‏
  2. 5‏:6 بڕوانە مەلاخی 2‏:7‏‏.‏