Add parallel Print Page Options

سکاڵای جولەکەکان لە دژی پۆڵس

24 پاش پێنج ڕۆژ حەنانیای سەرۆک کاهین و هەندێک پیر و پارێزەرێک بە ناوی تەرتولۆس هاتن، لەلای فەرمانڕەوا سکاڵایان لە پۆڵس کرد. کاتێک پۆڵس بانگکرا، تەرتولۆس دەستی بە سکاڵاکە کرد و گوتی: «فیلیکسی پایەبەرز، بەهۆی دووربینیت وا لە ئاشتییەکی زۆرداین و ئەم گەلە چاکسازی بۆ دەکرێت، بە هەموو شێوەیەک و لە هەموو شوێنێک بە سوپاسەوە بەمە دەزانین. بەڵام تاکو زیاتر ماندووت نەکەم، داواکارم بە نەرمونیانی خۆت، بە کورتی گوێمان لێ بگریت.

«بینیمان ئەم پیاوە گێرەشێوێنە و لەناو هەموو جولەکەی سەراپای جیهاندا ئاژاوە دەنێتەوە، پێشەوای ڕێبازی ناسیرەییەکانە. هەوڵی دا پەرستگا گڵاو بکات و ئێمەش گرتمان. ⌟ویستمان بەگوێرەی تەوراتی خۆمان حوکمی بدەین. بەڵام لیسیاسی فەرماندە هات و بە زەبری هێز لە دەستی سەندین و فەرمانی بە سکاڵاکارانی کرد بێنە لات.⌞ جا ئەگەر لێی بکۆڵیتەوە، هەر لە خۆی هەموو ئەو شتانە دەزانیت کە سکاڵای لەو پێدەکەین.»

جولەکەش لایەنگریان کرد و گوتیان، شتەکان وایە.

10 کە فەرمانڕەوا ئاماژەی بۆ کرد قسە بکات، پۆڵس وەڵامی دایەوە: «دەزانم ساڵانێکی زۆرە تۆ دادوەری ئەم گەلەیت، بۆیە بە خۆشییەوە بەرگری لە خۆم دەکەم. 11 دەتوانیت دڵنیابیت، دوازدە ڕۆژ تێپەڕی نەکردووە کە بۆ پەرستن هاتوومەتە ئۆرشەلیم. 12 نە لە پەرستگا منیان بینیوە مشتومڕ لەگەڵ یەکێک بکەم و نە خەڵکم وروژاندووە، نە لە کەنیشتەکان و نە لە هیچ شوێنێکی ئەم شارە. 13 ناتوانن ئەو شتانە بسەلمێنن کە ئێستا پێی تاوانبارم دەکەن. 14 بەڵام ئەمە بۆ تۆ دەدرکێنم، بەگوێرەی ئەو ڕێگایەی[a] پێی دەڵێن ڕێباز ئاوا خودای باوباپیرانم دەپەرستم، باوەڕم هەیە بە هەموو ئەوەی بەگوێرەی تەوراتە و لە پەڕتووکی پێغەمبەراندا نووسراوە. 15 هیوام بە خودایە لەوەی خۆیان چاوەڕێی دەکەن، کە هەستانەوە دەبێت، بۆ ڕاستودروستان و خراپەکارانیش. 16 لەبەر ئەوە تێدەکۆشم تاکو هەمیشە ویژدانێکی پاکم بەرامبەر خودا و خەڵک هەبێت.

17 «لەدوای ساڵانێکی زۆر گەڕامەوە تاکو پیتاک بۆ گەلەکەم بهێنم و قوربانی بکەم. 18 منیان لە حەوشەکانی پەرستگادا لە کاتی خۆپاککردنەوەدا بینی، بەڵام نە لەناو خەڵک و نە لەناو ئاژاوە. 19 بەڵام هەندێک لەو جولەکانەی ئاسیا، ئەگەر شتێکیان لە دژی من هەبووایە، دەهاتنە لات و سکاڵایان لەسەرم دەکرد. 20 یان با خۆیان بڵێن چ تاوانێکیان دۆزییەوە، کاتێک لەبەردەم سەنهەدریندا ڕاوەستام، 21 جگە لەم ڕاگەیاندنە کاتێک لەنێویان ڕاوەستابووم هاوارم کرد: ”سەبارەت بە هەستانەوەی مردووانە ئەمڕۆ ئێوە حوکمم دەدەن!“»

پۆڵس لە بەندیخانەی قەیسەرییە

22 فیلیکسیش دوایخستن، کە زانیارییەکی باشی دەربارەی ڕێگاکە[b] هەبوو، گوتی: «کە لیسیاسی فەرماندە هات، ئەوا بڕیار لە بابەتەکانی ئێوە دەدەم.» 23 ئینجا فەرمانی بە سەرپەلەکە دا کە چاودێری پۆڵس بکرێت، بەڵام هەندێک سەربەستی هەبێت، کەسیش ڕێگا لە هاوڕێیەکانی نەگرێت بۆ خزمەتکردنی.

24 پاش چەند ڕۆژێک فیلیکس و دروسیلای ژنی هاتن، کە جولەکە بوو، پۆڵسی بانگکرد و لەبارەی باوەڕ بە عیسای مەسیح گوێی لێ گرت. 25 کاتێک پۆڵس لەبارەی ڕاستودروستی و بەسەرخۆدا زاڵبوون و حوکمدانی داهاتوو دەدوا، فیلیکس ترسا و گوتی: «ئێستا بڕۆ. کەی کاتم هەبوو بانگت دەکەمەوە.» 26 بە هیوا بوو پۆڵس بەرتیلی بداتێ، بۆیە بەردەوام بانگی دەکرد و قسەی لەگەڵ دەکرد.

27 دوو ساڵ تێپەڕی و پورکیۆس فێستۆس شوێنی فیلیکسی گرتەوە. بەڵام دەیویست ڕەزامەندی جولەکە بەدەستبهێنێت، فیلیکس پۆڵسی لە بەندیخانە هێشتەوە.

Footnotes

  1. 24‏:14 ڕێگای پاشایەتی عیسا.‏
  2. 24‏:22 ڕێگای پاشایەتی عیسا، بڕوانە کردار 24‏:14‏‏.‏