Add parallel Print Page Options

بابەتی پۆڵس لەلای قەیسەر

25 کاتێک فێستۆس گەیشتە هەرێمەکە، لەدوای سێ ڕۆژ لە قەیسەرییەوە چووە ئۆرشەلیم. کاهینانی باڵا و ڕابەرانی جولەکە سکاڵایان لە پۆڵس کرد و لێی پاڕانەوە، تکایان لێکرد چاکەیەکیان لەگەڵ بکات بەوەی پۆڵس بنێرێتە ئۆرشەلیم، چونکە لەسەر ڕێگا بۆسەیان بۆ نابووەوە تاکو بیکوژن. فێستۆس وەڵامی دایەوە: «پۆڵس لە قەیسەرییە دەستبەسەرە و خۆشم بە زوویی دەچم بۆ ئەوێ.» ئینجا گوتی: «با گەورە پیاوانتان لەگەڵم بێن، ئەگەر پیاوەکە خراپەیەکی هەیە، با سکاڵای لێ بکەن.»

دوای هەشت تاکو دە ڕۆژ لەگەڵیان مایەوە، چوو بۆ قەیسەرییە. بۆ بەیانی لەسەر کورسی دادوەری دانیشت، فەرمانی دا پۆڵس بهێنن. کاتێک هات، ئەو جولەکانەی لە ئۆرشەلیم هاتبوون لێی کۆبوونەوە، تاوانی زۆر و ترسناکیان خستە پاڵی، بەڵام نەیانتوانی بیسەلمێنن.

ئەوسا پۆڵس بەرگری لە خۆی کرد: «هیچ شتێکم لە دژی تەوراتی جولەکە یان پەرستگا یان قەیسەر نەکردووە.»

بەڵام فێستۆس دەیویست چاکە لەگەڵ جولەکەدا بکات، لە پۆڵسی پرسی: «دەتەوێ بچیتە ئۆرشەلیم و لەوێ سەبارەت بەم شتانە دادگاییت بکەم؟»

10 پۆڵس گوتی: «لەبەردەم کورسی دادوەری قەیسەر وەستاوم، دەبێت لێرەش دادگایی بکرێم. خراپەم لەگەڵ جولەکە نەکردووە، خۆت باش دەزانیت. 11 ئەگەر تاوانێکم کردبێت شایانی سزای مردن بێت، ئەوا لە مردن ڕامنەدەکرد. بەڵام ئەگەر ئەو شتانەی منی پێ تاوانبار دەکەن ڕاست نەبێت، ئەوا کەس ناتوانێت بمداتە دەستیان. داواکەم دەدەمە قەیسەر!»

12 ئینجا فێستۆس لەگەڵ ڕاوێژکاران قسەی کرد و وەڵامی دایەوە: «داواکەت دایە قەیسەر، دەچیتە لای قەیسەر!»

ڕاوێژی فێستۆس بە ئەگریپاس

13 دوای چەند ڕۆژێک شا ئەگریپاس و بەرنیکی هاتنە قەیسەرییە تاکو سڵاو لە فێستۆس بکەن. 14 کاتێک چەند ڕۆژێکیان لەوێ بەسەربرد، فێستۆس بابەتی پۆڵسی خستە بەردەم پاشا، گوتی: «پیاوێک لێرەیە فیلیکس بە گیراوی بەجێی هێشت. 15 کاتێک چوومە ئۆرشەلیم، کاهینانی باڵا و پیرانی جولەکە داوایان خستە پێشم تاکو تاوانبار بکرێت.

16 «جا پێم گوتن نەریتی ڕۆمانییەکان نییە پێش ڕووبەڕووکردنەوەی سکاڵا لێکراو و سکاڵاکاران کەسێک بەدەستەوە بدەن، تاکو دەرفەتی بەرگری لە دژی سکاڵاکە هەبێت. 17 کاتێک لێرە کۆبوونەوە، خێرا بۆ بەیانییەکەی لەسەر کورسی دادوەری دانیشتم، فەرمانم دا پیاوەکە بهێنن. 18 کاتێک سکاڵاکاران بەرامبەری وەستان، تاوانێکی وایان نەهێنا لەوەی بیرم بۆی دەچوو، 19 بەڵکو مشتومڕیان لەسەر هەندێک بابەت هەبوو تایبەت بە ئایینیان و دەربارەی پیاوێکی مردوو بە ناوی عیسا کە پۆڵس دەڵێت زیندووە. 20 کاتێک دڵنیا نەبووم چۆن لێکۆڵینەوە لەم شتانە بکەم، گوتم لەوانەیە حەز بکات بچێتە ئۆرشەلیم و لەوێ لەبارەی ئەم شتانە دادگایی بکرێت. 21 بەڵام کاتێک پۆڵس داواکارییەکەی بەرزکردەوە کە بۆ بڕیاری ئیمپڕاتۆر بهێڵرێتەوە، فەرمانم دا بیهێڵنەوە هەتا بۆ قەیسەری دەنێرم.»

22 ئەگریپاس بە فێستۆسی گوت: «من حەز دەکەم خۆم گوێ لەم پیاوە بگرم.» گوتی: «بەیانی گوێت لێی دەبێت.»

23 بۆ بەیانی ئەگریپاس و بەرنیکی بە ئاهەنگێکی گەورەوە هاتن، لەگەڵ فەرماندە و پیاوماقوڵانی شار هاتنە هۆڵی گوێگرتن، فێستۆس فەرمانی دا و پۆڵس هێنرا. 24 فێستۆس گوتی: «شا ئەگریپاس و هەموو ئامادەبووانی لەگەڵماندان: ئەم پیاوەی دەیبینن، هەموو گەلی جولەکە لە ئۆرشەلیم و لێرە لێم پاڕانەوە، هاواریان دەکرد کە نابێت چیتر بژیێت. 25 بەڵام بۆم دەرکەوت هیچی نەکردووە شایانی مردن بێت، بەڵام خۆی داواکارییەکەی دایە ئیمپڕاتۆر، بڕیارم دا بینێرم. 26 بەڵام لەبارەی ئەمە شتێکم نییە بە دڵنیایی بۆ قەیسەری خاوەن شکۆ بینووسم. بۆیە هێنامە بەردەمتان، بە تایبەتی بەردەمی تۆ، شا ئەگریپاس، تاکو کە لێکۆڵینەوە کرا، شتێکم هەبێت بینووسم، 27 چونکە بەلای منەوە شیاو نییە گیراوێک بنێرم بێ دیاریکردنی ئەو تاوانەی لە ئەستۆیەتی.»