Add parallel Print Page Options

ئاگادارکردنەوەی دەوڵەمەندەکان

وەرن ئەی دەوڵەمەندەکان، بگریێن و شیوەن بکەن بۆ ئەو دەردەسەرییەی بەسەرتان دێت. سامانتان بۆگەن بووە و بەرگتان مۆرانە لێیداوە، زێڕ و زیوتان دادەخورێت، داخورانەکەشیان شایەتیتان لەسەر دەدات و وەک ئاگر جەستەتان دەخوات. لە ڕۆژانی کۆتایی گەنجینەتان بۆ خۆتان کۆکردەوە. ئەوەتا کرێی ئەو کرێکارانەتان نەداوە کە لە کێڵگەکانی ئێوە کاریان کردووە، لە دژی ئێوە هاوار دەکات. هاواری سەپانەکانیش گەیشتە گوێی یەزدانی سوپاسالار. لەسەر زەوی خۆشتان ڕابواردووە و بە شوێن ئارەزووەکانی جەستەتان کەوتوون، دڵی خۆتان وەک دابەستە بۆ ڕۆژی سەربڕین ڕاگرتووە. بێتاوانتان حوکم دا و کوشتتان، کە بەرهەڵستی ئێوەیان نەدەکرد.

دانبەخۆداگرتن لە ئازار

بۆیە خوشکان و برایانم، هەتا هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ ئارام بگرن. سەیر بکەن چۆن جوتیار چاوەڕێی بەرهەمە سەنگینەکەی زەوی دەکات، بۆ بارانی پاییز و بەهار ئارام دەگرێت. ئێوەش ئارام بگرن و دڵتان بچەسپێنن، چونکە هاتنەوەی مەسیحی خاوەن شکۆ نزیک بووەتەوە. خوشکان، برایان، بۆڵەبۆڵ لەسەر یەکتری مەکەن، نەوەک حوکم بدرێن. ئەوەتا دادوەر لە بەردەرگا ڕاوەستاوە.

10 خوشکان، برایان، نموونە وەربگرن لە بەرگەی ئازار و ئارامگرتنی ئەو پێغەمبەرانەی کە بە ناوی یەزدانەوە قسەیان کرد. 11 وا ئێمە ئەوانە بە بەختەوەر دەزانین کە دانیان بەخۆیاندا گرتووە. دانبەخۆداگرتنی ئەیوبتان بیستووە و کە لە ئەنجامدا یەزدان چۆن بەرەکەتداری کرد،[a] چونکە یەزدان بەزەیی زۆرە و میهرەبانە.

12 خوشکان و برایانم، پێش هەموو شتێک، سوێند مەخۆن، نە بە ئاسمان و نە بە زەوی و نە بە شتی دیکە. بەڵکو با «بەڵێ»تان بەڵێ بێت و «نەخێر»تان نەخێر بێت، نەوەک بکەونە ژێر تاوانبارکردن.

نوێژ بە باوەڕەوە

13 کامەتان ناخۆشی هەیە؟ با نوێژ بکات. کەس دڵخۆشە؟ با بە گۆرانی ستایش بکات. 14 کامەتان نەخۆشە؟ با پیرانی کڵێسا بانگ بکات بۆ ئەوەی نوێژی لەسەر بکەن و بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە چەوری بکەن[b]. 15 ئەو نوێژەی بە باوەڕ دەکرێت نەخۆش چاک دەکاتەوە و عیسای خاوەن شکۆ هەڵیدەستێنێتەوە. ئەگەر گوناهێکیشی کردبێت دەبەخشرێت. 16 بۆیە بۆ یەکتری دان بە گوناهەکانتاندا بنێن، نوێژ بۆ یەکتری بکەن تاکو چاکببنەوە. نوێژی کەسی ڕاستودروست زۆر بەهێز و کاریگەرە.

17 ئەلیاس مرۆڤێک بوو وەک ئێمە لە هەمان سروشت، بە گەرمی نوێژی کرد تاکو باران نەبارێت، ئیتر سێ ساڵ و نیو لەسەر خاکەکەیان باران نەباری. 18 نوێژی کردەوە، ئاسمان بارانی دا و زەویش بەرهەمی دا. 19 خوشکان و برایانم، ئەگەر یەکێکتان لە ڕاستی چەواشە کرا و یەکێک گەڕاندییەوە، 20 با بزانێت ئەوەی گوناهبارێک لە ڕێگای گومڕایی بگەڕێنێتەوە، دەروونێک لە مردن ڕزگار دەکات و زۆر گوناهیش دادەپۆشێت.

Footnotes

  1. 5‏:11 بڕوانە ئەیوب 42‏:10‏-17.‏‏
  2. 5‏:14 بڕوانە مەرقۆس 6‏:13‏‏