Add parallel Print Page Options

تووڕەبوونی یونس بەهۆی بەزەیی یەزدان

بەڵام ئەمە یونسی زۆر پەست کرد و ڕقی هەستا. نزای بۆ یەزدان کرد و گوتی: «ئای ئەی یەزدان، ئایا ئەمە قسەی من نەبوو کە هێشتا لە خاکی خۆمدا بووم؟ لەبەر ئەوە هەوڵی هەڵاتنم دا بۆ تەرشیش، چونکە زانیم تۆ خودایەکی میهرەبانیت و بە بەزەییت، پشوودرێژیت و خۆشەویستییە نەگۆڕەکەت زۆرە، لە خراپەهێنان بەسەر خەڵکی پاشگەز دەبیتەوە. ئێستاش ئەی یەزدان، گیانم لێ بستێنە، چونکە مردنم باشترە لە ژیانم.»

یەزدانیش فەرمووی: «ئایا کارێکی باشە تووڕە بیت؟»

ئینجا یونس لە شارەکە چووە دەرەوە و لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە دانیشت، لەوێ کەپرێکی بۆ خۆی دروستکرد و لەژێر سێبەرەکەیدا دانیشت، بۆ ئەوەی ببینێت چی لە شارەکەدا ڕوودەدات. یەزدانی پەروەردگاریش ڕووەکێکی ئامادە کرد و لەسەر یونس بەرزی کردەوە، هەتا ببێتە سێبەر لە سەری، بۆ ئەوەی لە خەمەکەی دەربازی بکات. یونسیش زۆر دڵی بە ڕووەکەکە خۆش بوو. بەڵام خودا لە بەرەبەیاندا کرمێکی ئامادە کرد، کرمەکە لە ڕووەکەکەی دا و وشکی کرد. لە کاتی خۆر هەڵاتندا خودا بایەکی ڕۆژهەڵاتی گەرمی ئامادە کرد، هەتاو لەسەری یونسی دا و گێژی کرد، ئەویش داوای مردنی بۆ خۆی کرد و گوتی: «مردنم باشترە لە ژیانم.»

خوداش بە یونسی فەرموو: «ئایا کارێکی باشە لەبەر ڕووەکەکە تووڕە بیت؟»

ئەویش گوتی: «بەڵێ، هەتا بڵێی کارێکی باشە.»

10 یەزدانیش فەرمووی: «تۆ دڵت بە ڕووەکەکە سووتا کە پێوەی ماندوو نەبوویت و بەخێوت نەکردووە، بە یەک شەو بوو، هەر بە یەک شەویش لەناوچوو. 11 ئەی باشە نەینەوا، ئەو شارە مەزنە کە زیاد لە سەد و بیست هەزار کەسی تێدایە، ڕاستیان لە چەپیان جیا ناکەنەوە، هەروەها ئەو هەموو ئاژەڵە زۆرەش کە تێیدایە، دڵم پێیان نەسووتێت؟»